گەنجێکی عەرەب لە هەولێر لەلایەن هاوڕێیەکیەوە بە سێ گولـلە بریندار دەکرێت

17-03-2023
لەمیا رەسوول
سامر، ئەو گەنجە عەرەبەی بریندار کراوە. وێنە: رووداو
سامر، ئەو گەنجە عەرەبەی بریندار کراوە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی ئێش و ئازارەوە سامر هاوار و ناڵەیەتی، کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لەلایەن هاوڕێیەکی نزیکی بە سێ گولـلە بریندار کراوە. سامر دەڵێت، لەگەڵ هاوڕێکەی دەمەقاڵەیان بووە و دواتر لە شەقامی 150 مەتریی هەولێر دوو گولـلەی لە پێی و گولـلەیەکیش لە سەری داوە و بە برینداری جێیهێشتووە.
 
سامر ماهر، کاسبکاری بە رەچەڵەک عەرەب دەڵێت، ''هاوڕێکەم بە ئۆتۆمبێل هات و چووینە دەرەوە، لەناو ئۆتۆمبێلەکە بوو بە دەمەقاڵەمان، لەسەر شەقامی 150 مەتری منی هێنایە خوارەوە و پێی گوتم دەتکوژم، یەکەم گولـلەی بە ئاسماندا تەقاند و دواتر سێ گولـلەی دا لە پێ و قاچ و گولـلەیەکیش بەر سەرم کەوت؛ بە برینداریش جێیهێشتم. کەسێکم دەویست هەڵمبگرێت، تاوەکو کەسێک هات و بە کراسەکەی خۆی برینەکەی بۆ بەستم و منی گەیاندە نەخۆشخانە. ساڵی پار تەقە لە براکەم کرا تەنیا لەبەر ئەوەی ئێمە عەرەبین، جارەکەی دیکە بێدەنگ بووین، بەڵام ئەمجارە بێدەنگ نابم."
 
ماڵباتی سامر وەکو خۆیان دەڵێن، لە ساڵی 2006 بەهۆی شەڕی تایفەگەری بەغدایان جێهێشتووە و لە هەولێر نیشتەجێ بوون. دەڵێن، لە ترسی گیانی خۆیان هاتوونەتە هەولێر، بەڵام ئەمە جاری دووەمە تەقەیان لێدەکرێت.
 
دوعا مسر، هاوژینی برای سامر دەڵێت، "پار هاوژینەکەمیان بریندار کرد و پێی سەقەت بووە، دۆسیەکە لەژێر گوشاردا داخرا، ئێستاش هەمان رووداو بەسەر برای هاوژینەکەمدا هاتووە. ئێمە کێشەمان لەگەڵ کەس نییە، کە قسە دەکەین پێمان دەڵێن: ئێوە عەرەبن. ئێمە بۆیە هاتووین بۆ ئێرە، چونکە لێرە ئاسایش هەیە؛ بەڵام بەداخەوە، کوا؟ ئێمە ئێستا هەست بە ئارامی ناکەین و دەترسین. بگەڕێینەوە بۆ بەغدا باشترە، باری داراییمان باش نییە و لە خانووی کرێداین."
 
رووداو پەیوەندیی بە ماڵباتی هاوڕێکەی سامرەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ قسەیەک لەسەر ئەو رووداوە بکەن. برای کەسی تەقەکەرەکە گوتی، خۆمان کێشەکە بە عەشایەری چارەسەر دەکەین.
 
عیسا، برای تۆمەتبار دەڵێت، "هیچ کێشەیەک نییە، نامانەوێت هیچ قسەیەک بکەین. ئەگەر پێت دەکرێت، حەزناکەم بچنە ماڵەکەش، حەز ناکەم بچنە ئەوێش دادەی بەڕێزم، هیچ شتێک لە گۆڕێ نییە و بەدوای ئەو بابەتەش مەڕۆ؛ هەر بابەتێک و هەر شتێک لە فەیسبووک و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوببێتەوە تۆ بەرپرسیاری، ئاگاداربە."
 
لەبارەی رووداوەکەوە هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە رووداوی گوت تۆمەتبار بەپێی مادەی 405 داوا کراوە و دەبێت دەستگیر بکرێت. گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، "دادوەر مادەکەی گۆڕیوە لە کێشەی خێزانییەوە بۆ 405 و تاوانبار دەبێت دەستگیر بکرێت."
 
دوو ساڵ لەمەوبەر برا گەورەکەی سامر لەلایەن کەسێکی دیکەوە بە گولـلە بریندار کراوە، بەڵام دواتر بە پاشەکشێ دۆسیەکە داخراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە