دوو كەس لەسەر كوشتنی ژنەكەی كۆیە دەستگیر دەكرێن

17-03-2018
ئاسۆ سەراوی
نیشانەکردن کۆیە رووداوی کوشتن
A+ A-

رووداو-هەولێر

بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای كۆیە رایگەیاند لەسەر كوشتنی ئەو ئافرەتەی لەمانگی یەكی ئەمساڵ كوژرا، دوو كەسیان دەستگیركردووە‌.


شۆڕش كاكە فەتحوڵڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای كۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای لێكۆڵینەوەیەكی ورد گەیشتوونەتە سەرەداوی باش بۆ دۆزینەوەی بكوژانی راستەقینەی ئەو ئافرەتەی لە 20-1-2018 لە كۆیە كوژرا‌و.

بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای كۆیە گوتیشی "لەسەر ئەو رووداوە دوو كەسمان بەپێی مادەی 406 دەستگیركردووە هەردووكیشیان دانیشتووی شاری هەولێرن، بەڵام مەرج نییە ئەو دوو كەسە راستەوخۆ دەستیان لەتاوانەكەدا هەبێت، بەڵام رەنگە هۆكاربووبن بۆ روودانی كوشتنەكە".

بەگوتەی شۆڕش كاكە فەتحوڵڵا ، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای كۆیە، ئەو دوو كەسەی دەستگیركراون یەكێكیان خزمی ئافرەتە كوژراوەكەیە. گوتیشی "هەر لەسەر ئەو تاوانە كەسانی دیكەش ماون دەستگیر بكرێن و، ئێمە لەهەوڵەكانی خۆمان بەردەوام دەبین".

لەكاژێر 11ی شەوی 20-1-2018 كەسێكی نەناسراو كە خۆی بە شوان دەناسێنێ‌ تەلەفۆن بۆ پۆلیسی كۆیە دەكات، هەوڵی كوشتنی ژنێكیان، پێڕادەگەیەنێ‌، دوای ئەوە پۆلیسی كۆیە و بنكەی پۆلیسی ناحیەی دێگەڵە و بنكەی ئاسایش تاوەكو بەرەبەیانی رۆژی 21-1-2018 لە گەڕان و پشكنین لە نێوان گوندی گۆمەشین و شاخەپیسكە بەردەوام دەبن، دواتر پۆلیسی كۆیە لە نزیك گوندی شاخەپیسكە تەرمی ژنە كوژراوەكە كە تەمەنی 21ساڵە ‌و بە چوار فیشەك كوژراوە دەدۆزنەوە.

وردەکاریی دۆزینەوەی تەرمی ئافرەتێكی گوللەبارانكراو لە کۆیە

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە