رووداو دیجیتاڵ
راوێژكارێکی سەرۆكی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، راستەوخۆ دوای پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، لیژنەی دانوستاندنکاری یەکێتی لەگەڵ لایەنکان کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 16ـی تشرینی دووەم، بێستوون فایەق، راوێژكاری سەرۆكی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن پەسندکرا، "لیژنەکە سەردانی زۆربەی لایەنەکان دەکات و هیچ لایەنێکی دیاریکراو نییە، کە سەردانی نەکات."
41 تانە لەسەر ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشکێشی کۆمیسیۆن کراون، زۆرینەیان لە سنوورى بازنەى سلێمانى بوون کە 25 تانە بوو؛ هەروەها لە هەولێر 12 تانە، لە دهۆک سێ تانە و لە هەڵەبجەش تەنیا یەک تانە پێشکێش کراوە.
ئەمڕۆ شەممە، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای پێشکێشکردنیان، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە ماوەی 7 رۆژدا وەڵامی سەرجەم تانەکانی دایەوە و دواتر رەوانەی دەستەی دادوەری کران؛ هەر بۆیە دەستەکە وەڵام و کاری ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی بە پەسند و دروست دانا و سەرجەم ئەو تانانەی رەتکردەوە."
بە گوتەی جومانە غەلای، "ئەو سێ تانەیەش کە ماون، لەم هەفتەیەدا لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە یەکلایی دەکرێنەوە."
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ـى تشرینى یەکەم بەڕێوەچوو. پارتى لە ریزبەندى یەکەم بوو بە بەدەستهێنانى 39 کورسی و یەکێتى بە 23 کورسی لە ریزبەندى دووەم بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ