زانیاریی ورد لەبارەی سەرژمێری؛ کێ تۆمار دەکرێت و تیمەکان چەندێک لە ماڵێکدا دەمێننەوە؟

16-11-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە سەرژمێری لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت. سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش تۆمار دەکەن. داواش دەکات، "هیچ کەسێک ماڵەکەی بە تەواوی چۆڵ نەکات."
 
بڕیارە 20 و 21ی ئەم مانگە سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکەش حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو رۆژ پشووی فەرمی راگەیاندووە.
 
"تیمەکان لانیکەم 20 خولەک کاتیان دەوێت"
 
گوهدار محەممەد عەلی، سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تیمەکانی سەرژمێری بەگوێرەی سرووشتی خێزانەکە دەمێننەوە. تاوەکو ئەندامانی خێزان زیاتر بێت تیمەکان پێویستیان بە کاتی زیاترە. تیمەکان بۆ خێزانێکی دوو بۆ سێ کەسی لانیکەم 20 خولەکیان دەوێت."
 
لە رۆژانی سەرژمێریدا دەبێت ماڵەکان چۆڵ نەکرێن و لانیکەم کەسێکی خێزانەکە لە ماڵەوە بێت، ئەمە قسەی گوهدار محەممەدە. دەشڵێت، "ئەگەر خێزانێک تۆمار نەکرێت، زانیارییەکانی وەرناگیرێن و ناخرێنە نێو داتابەیسی سەرژمێرییەوە."
 
لەبارەی ئەوەی ئەگەر خێزانێک خۆی تۆمار نەکات لە داهاتوودا بۆ راییکردنی مامەڵەکانی لە فەرمانگەکان کێشەی بۆ دروست دەبێت یان نا، سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانیی سەرژمێری دەڵێت، "دەمێنێتەوە لەسەر ئەوەی سەرژمێرییەکە بۆچی بەکاردەهێندرێت. ئەوەی هەیە ناوی لە تۆماری خێزاندا نابێت و فۆرمی بۆ پڕناکرێتەوە."
 
گوهدار محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر کەسێک بە تەنیا وەک نوێنەری خێزانەکەی لە ماڵەوە بمێنێتەوە، دەبێت کارتی نیشتمانی خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی، هەروەها فۆرمی خۆراکی پێبێت بۆئەوەی بە دروستی فۆرمی خێزانی بۆ پڕبکرێتەوە.
 
"لە هەر کوێ تۆمار بکرێیت بە دانیشتووی ئەو شارە دەژمێردرێیت"
 
بەشێکی هاونیشتمانیان کارتی زانیاری و نیشتەجێبوونیان لە شارێکە و بەهۆی کارەوە لە شارێکی دیکە نیشتەجێن. بەگوێرەی لیژنەی سەرژمێری، هاووڵاتی لە هەر شارێک تۆمار کرا، وەکو دانیشتووی ئەو شارە فۆرمەکەی بۆ پڕدەکرێتەوە.
 
بە گوتەی گوهدار محەممەد، "ئەگەر کەسێک کارتی زانیاریی سلێمانی بێت و دانیشتووی هەولێر بێت، وەکو دانیشتووی هەولێر تۆمار دەکرێت و ناویشی ناگەڕێندرێتەوە بۆ سلێمانی، مەگەر کەسێک بە میوانی و بە شێوەی کاتی شارەکەی گۆڕیبێت، ئەوانە ناوەکەیان دەنێردرێتەوە بۆ شوێنی خۆیان."
 
ئەگەر کەسێک بە میوانداری لە شارێک بێت، یان بە تەنیا (سینگڵ بێت) بژی و هاوژینی نەبێت، ئەوە لەسەر ناوی خێزانەکەی تۆمار دەکرێت و باوک یان دایکی لە ماڵەوە دەتوانن ناوی تۆمار بکەن. ئەوەش لە رێنوێنییەکانی پڕۆسەی سەرژمێریدا هاتووە.
 
خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستان تۆمار دەکرێن
 
ژمارەیەک لە هاونیشتمانیی خەڵکی باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان لە باشووری کوردستان دەژین. لەبارەی تۆمارکردنی ئەو کەسانەوە سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێری گوتی، "هەر بیانییەک لە عێراق بێت وەکو دانیشتووی ئەو شارەی لێیەتی تۆمار دەکرێت، بەڵام ئەوەش دەستنیشان دەکرێت کە خەڵکی عێراقە یان وڵاتێکی دەرەوە."
 
لەبارەی ئەو کەسانەی وەکو میوان لە وڵاتانی دیکە یان پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە لە رۆژانی سەرژمێرییدا لە هەرێمی کوردستان دەبن، گوهدار محەممەد گوتی، "ئەوانەی کە میوانی کاتیین تۆمار ناکرێن."
 
مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، جگە لە ماڵەکان، لە رۆژانی سەرژمێری تیمی تایبەتیان دەنێرنە ئەو باڵەخانە و شوێنانەی خەڵک تێیاندا کار دەکەن، وەکو بەندیخانەکان، هۆتێل و نەخۆشخانەکان.
 
ئەوانەی لە دەرەوەی ماڵەوەی خۆیان تۆمار دەکرێن، لە فۆڕمێکی تایبەت و جیاوازدا ناویان دەنووسرێت. مەحموود عوسمان دەڵێت، "لە رێگەی فۆرمێکی تایبەتەوە تۆماردەکرێن بەو مەرجەی لە ماڵەوە تۆمارنەکرابن؛ ئەگەریش تۆمارکرابن، دواتر ناویان لەنێو ئەو فۆرمە تایبەتە دەردەهێنرێت."
 
حکومەت: دوو رۆژ قەدەخەی هاتووچۆ دەبێت
 
قۆناخی گەمارۆسازی و ژمارە لێدان بۆ سەرژمێری لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتایی هاتووە و ئەوەی ماوەتەوە سەرژمێری گشتییە لە رۆژانی 20 و 21ی مانگدا.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بەهۆی سەرژمێرییەوە لە کاژێر 12:00ی شەوی 19ی مانگ تاوەکو 12:00ی شەوی 21ی مانگ قەدەخەی هاتووچۆیە.
 
بەگوێرەی بڕیارەکەی حکومەت، جگە لەو کەس و لایەنانەی رێگەی هاتووچۆیان پێدراوە بەهۆی سرووشتی کارەکانیانەوە، هاوکات هەموو ئەو کەسانەی کە ئەركیان پێ سپێردراوە و لە ئێشکگریدان لە قەدەخەی هاتووچۆ بەدەرن، وەكو کارمەندانی تەندروستی و خزمەتگوزاری کە لە فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکانن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە