وەزارەتی شارەوانی: بڕیاردرا 15 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی هەولێر خەرج بکرێت

16-10-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت، رەزامەندییان داوە بۆ خەرجکردنی 15 ملیار دینار بۆ 15 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە هەولێر. سەرۆکی شارەوانیی کەسنەزان دەڵێت، دوو پڕۆژەیان لە سنووری ئەواندان و رێکارەکانی جێبەجێكردنیان دەستپێدەکەن.
 
وەزارەتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، "لەسەر داهاتی شارەوانی، لە چەند فەرمانێكی وەزاریدا رەزامەندی درا لەسەر خەرجكردنی 15 ملیار دینار بۆ جێبەجێكردنی 15 پڕۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری."
 
دوو لە پڕۆژەکان لە سنووری شارەوانیی کەسنەزاندان. یەکێکیان دروستكردن و قیرتاوكردنی شەقامەكانی بازاڕی هاوچەرخە و ئەوی دیکەش نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی رێگەی هەززەیە.
 
عەلی رەشاد، سەرۆکی شارەوانیی کەسنەزان ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ دەستپێکردنی ئەو دوو پڕۆژەیە لیژنە پێکهێندراوە و ئەمڕۆ سەردانی شوێنەکان دەکەن."
 
سەرۆکی شارەوانیی کەسنەزان ئاماژەی بە پڕۆژەیەکی دیکە کرد و گوتی، "پڕۆژەی قیرتاوکردنی شەقامەکانی گەڕەکی هەسەنئاوا خراوەتە جێبەجێکردنەوە و کاری تێدا دەکرێت."
 
بەگوێرەی وەزارەتی شارەوانی، ئەو پڕۆژانەی بڕیاری خەرجکردنی پارەیان بۆ دراوە ئەمانەن:
 
- دروستكردن و قیرتاوكردنی شەقامی 30 مەتری لە سنووری شارەوانیی دارەتوو.
- نۆژەنكردنەوە و قیرتاوكردنی رێگەی هەززە لەسەر رێگەی كەسنەزان - بنەسڵاوە.
- دروستكردن و قیرتاوكردنی شەقامەكانی بازاڕی هاوچەرخ لە سنووری شارەوانیی كەسنەزان.
- قیرتاوكردنی شەقامێكی 30 مەتری و دروستكردنی ئاوەڕۆ لە گەڕەكی ژیان.
- كڕینی بۆری بۆ هۆبەی چاككردنەوەی بیرەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر.
- نۆژەنكردنەوە و قیرتاوكردنی شەقامە نێوخۆییەكان لە سنووری شارەوانیی كەسنەزان.
- كڕینی گازوایل بۆ بەرهەمێنانی تێكەڵەی ئەسفەڵەتی (قیر) بۆ چاككردنەوەی چاڵ و شكستی شەقامەكانی نێو شاری هەولێر.
- پڕۆژەی بی ئاڕ تۆن بۆ شۆستەكان لە سنووری شارەوانیی هەولێر.
- پڕۆژەی گەیاندنی كارەبا بۆ راكێشانی كێبڵ لە پاركی سامی عەبدولڕەحمان.
- كڕینی گازوایل و پێداویستیی ئۆتۆمبێل و ئامێر و مۆلیدەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی بەرهەمێنان و دابەشكردنی ئاو.
- كڕینی مادەی شەب بۆ بەشی تاقیگەی ئاوی هەولێر.
- خەرجكردنی گوژمەیەك بۆ پڕۆژەی كاری چینی یەكەمی تێكەڵی جۆری A بۆ زۆنەكانی A و B بۆ شەقامەكانی 20 مەتری و 30 مەتری لە هەشتی حەسارۆك.
- دروستكردنی شەقام لە شوێنە بازرگانییەكان لە سنووری شارەوانیی بنەسڵاوە.
- دروستكردنی چەند شەقامێكی 15 مەتری و 20 مەتری لە گەڕەكی سەربەخۆیی لە سنووری شارەوانیی هەولێر.
- نۆژەنكردنەوەی چەند شەقامێك لە گەڕەكی مەهاباد لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە