نوێنەرێکی وانەبێژان: مووچەی مانگی نۆ بەگوێرەی گرێبەست وەردەگرین

16-09-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، لە 1ـی مانگی نۆوە مووچەیان وەکو مووچەی گرێبەست وەردەگرن نەک وەکو وانەبێژ.
 
کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەگەڵ وەزیری پەروەردە و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان قسەمان کرد، لە 1ـی مانگی ئەیلوولەوە مووچەکەمان وەکو گرێبەست دابەش دەکرێت".
 
ئەو نوێنەرەی وانەبێژان دەڵێت، کەمێك لەمەوبەر له دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران واژۆ لەسەر ناو و لیستی 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ کرا و بوونە گرێبەست. دەشڵێت، ئەو مووچەی مامۆستایان وەکو گرێبەست وەریدەگرن لە نێوان 400 بۆ 500 هەزار دینار دا دەبێت. 
 
کارۆخ عەبدوڵڵا روونیکردەوە: "ئێستا وانەبێژان شایستەی مانگی پێنجیان وەرگرتووە، شایستەکانی داهاتوویان بۆ مانگەکانی شەش، حەوت و هەشت هەر بە وانەبێژی وەردەگرن".
 
ئەو نوێنەرەی وانەبێژان گوتیشی، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لیستی ناوی وانەبێژانی بە گرێبەستکراوی واژۆ کردووە و بڕیارە دواتر رەوانەی وەزارەتی دارایی بکات. 
 
25ـی ئاب، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وانەبێژان بکاتە گرێبەست.
 
ئێستا کەمترین مووچەی وانەبێژ 250 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان 400 هەزار، ئەوەش بە گوێرەی بڕوانامەکانیان پۆلێن دەکرێت، بەڵام دوای گرێبەستکردنیان تەواوی مووچە و شایستەکانیان زیاتر دەبێت.
 
بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 35 هەزار و 543 وانەبێژن، بڕی بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان نزیکەی 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە.
 
ئەگەر وانەبێژان وەکو گرێبەست دابنرێن، مانگانە پێویستیان بە 18 ملیار دینار دەبێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە