رووداو - هەولێر
شاندێکی یەکێتی هاوردە و هەناردنکارانی هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە پێشانگەی کەلوپەلە چەرمییەکان لە پارێزگای هەمەدان کردووە، چەند رێککەوتننامە و گرێبەستێکی بازرگانیشیان واژۆکرد.
سامان بەشارەتی، نێردراوی رووداو لە پارێزگای هەمەدان رایگەیاند، شاندی هەرێمی کوردستان جگە لە بەشداریکردن لە پێشانگەکە، سەردانی چەند کارگەیەکی بەرهەمهێنانی جانتا و پێڵاویان کرد و چوار رێککەوتننامەی تایبەت بە هەناردەکردنی پێڵاوی دروستکراوی هەمەدانیان بۆ بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان واژۆکردووە.
هەروەها شاندەکە لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەمەدان رێککەوتن تاوەکو پێشانگەیەکی تایبەت بە جانتا و پێڵاوی هەمەدان لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.
پارێزگای هەمەدان کە هاوسنووری پارێزگاکانی سنە و کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی بەرهەمهێنانی جانتا و پێڵاوی چەرمیی ئێرانە و تەنیا لەو پارێزگایە نزیکەی هەزار کارگەی بەرهەمهێنانی جانتا و پێڵاو هەن.
لەبارەی کردنەوەی کارگەی چەرم لە کوردستان، سەعید شاهرۆخی، پارێزگاری هەمەدان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خوێندنەوەی ورد بۆ پێشنیازەکە دەکەین، ئەگەر لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت ئەوا خۆشحاڵ دەبن، بەتایبەتی لەم کاتەدا کە سزای ئابووری لەسەر ئێران هەیە.
لەبارەی سزاکانی ئەمریکاوە پارێزگاری هەمەدان رایگەیاند، سزاکان نەک هەر کاریگەرییان نەبووە، بەڵکو بەرهەممان زیادیکردووە.
بڕیارە شاندەکە لە پێشانگەکەدا چاویان بە بازرگانانی بوارە جیاوازەکان بکەوێت و رێککەوتن و لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ واژۆ بکەن.



