رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی دەڵێت، هەرچەندە بەفیڕۆدانی ئاو كەمبووەتەوە، بەڵام لە 6 مانگی یەكەمی ئەم ساڵدا زیاتر لە هەزار هاوبەشی ئاو بەهۆی بەفیڕۆدانی ئاوەوە سزادراون.
ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی لە پۆدكاستی (بە كاتی سلێمانی)ـی رادیۆی رووداو كە ئاسۆ سەراوی پێشكێشی دەكات، رایگەیاند، بەفیڕۆدانی ئاو بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو 35% بۆ 25% كەمی كردووە و ئەوەشی بۆ بەرزبوونەوەی هۆشیاریی خەڵک گەڕاندەوە: "سەرەڕای ئەوەش، سزادان بەهۆی بەفیڕۆدانی ئاوەوە هەر هەبووە. بۆ نموونە، لە 6 مانگی یەكەمی 2024دا زیاتر لە هەزار هاوبەشی ئاو سزا دراون".
گوتەبێژی ئاوی سلێمانی گوتی، بەهۆی بەرفراوانبوونی بەردەوامی شاری سلێمانی و زیادبوونی گەڕەكی نوێ، 15% ـیسلێمانی تۆڕی ئاوی پێنەگەیشتووە: "ئەو شوێنانە نزیكەی 4000 ماڵ دەبن و بە ناچاری بە تانكەر ئاویان بۆ دابین دەکەین. هەر 5 بۆ 6 رۆژ جارێک، ئاو بە تانكەر دەگەیێنینە ئەو ماڵانە".
ئامانج جەلال باسی لەوەشكرد، پێداویستیی سلێمانی بۆ ئاو 500 هەزار مەتر سێجایە، بەڵام ئەوان دەتوانن نزیكەی 300 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین بكەن و گوتیشی، "بەو ئاوەش دەتوانین بە دوو رۆژ جارێك زیاتر لە دوو كاژێر ئاو بۆ هاوبەشەكانمان بەردەینەوە".
لەگەڵ گەیشتن بە مانگەكانی حوزەیران و تەمموز سەرچاوەیەكی ئاوی سلێمانی كە ئاوی سەرچنارە بە رێژەی زیاتر 50% كەم دەكات. ئامانج جەلال گوتی،"كارەكانی پەرەپێدانی هێڵی یەكەمی ئاوی دووكان – سلێمانی 95% تەواو بووە و ئەگەر بودجە هەبێت، ئەوا تەواوی دەكەین و ئەو كاتە گرفتمان زۆر كەم دەبێتەوە".
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی نزیكەی 50 ملیار دیناری لای هاوبەشەكانییەتی و ئەگەر ئەو پارەیە وەربگرنەوە 17% بۆ پێداویستییەكانی خەرج دەكرێت، بەوەش وەك ئامانج جەلال گوتی، "بەشێكی زۆری كێشەكان چارەسەر دەبن".
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی 190 هەزار هاوبەشی ئاوی هەیە و 90%یان پێوەری ئاویان بەستووە و ئەو هاوبەشانەش پێوەریان نەبەستووە مانگانە 80 هەزار دینار كرێی ئاو یان بۆ دەگەڕێتەوە، ئەوانەش كە پێوەری ئاویان بەستووە بەپێی بەكارهێنانی ئاو مانگانە كرێی ئاو دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ