8 کریستیان لەسەر کورسییەکەى کۆتاى دهۆک لە پەرلەمانی کوردستان رکابەری دەکەن

16-07-2024
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

8 بەربژێرى کریستیان بۆ رکابەرى لەسەر تاکە کورسییەکەی کۆتاى ئەو پێکهاتەیە لە دهۆک ناوى خۆیان تۆمار کردووە. 6 بەربژێرى دیکە لەو پارێزگایە وەکو سەربەخۆ بۆ کورسیى گشتیى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ناویان لە کۆمیسیۆن تۆمارکردووە.

بە گوێرەى خشتەى ناوى بەربژێرانى سەربەخۆ و کۆتاکان لە سنوورى پارێزگای دهۆک کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، 8 کەس بۆ رکابەرى لەسەر کورسیى کۆتاى کریستیانەکانى ئەو پارێزگایە ناوى خۆیان وەکو بەربژێر پێشکێش بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق کردووە. 
 
داود هوهان، یەکێک لە بەربژێرانى کۆتاى کریستیان ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "وەکو سەربەخۆ بۆ کورسی کۆتاى کریستیانەکان خۆم بەربژێر کردووە".
 
لە بازنەى پارێزگاى دهۆک 25 کورسی تەرخانکراوە بۆ پەرلەمانى کوردستان، یەک کورسى تایبەتە بە پێکهاتەى کریستیان.
 
پێشتر بە گوێرەى بڕیارى دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن، ئەو کورسییە بۆ ئەرمەن دیاریکرابوو، بەڵام بەگوێرەى بڕیارێکى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران کە لە 3ـى حوزەیران دەریکردووە، ناوى ئەو کۆتاییەى بە کریستیان ناوبردووە.
 
داود هوهان رایگەیاند، "بەگوێرەى ئەو بڕیارەى کۆمیسیۆن، ئەرمەن وەکو نەتەوە و کریستیانیش وەک پێکهاتەى ئایینى دەتوانن خۆیان بەربژێر بکەن بۆ رکابەرى لەسەر ئەو کورسییەى کۆتاى دهۆک". 
 
جگە لە بەربژێرانى کورسیی کۆتاى کریستیانەکان لە دهۆک، 6 کەسی دیکە وەکو بەربژێرى سەربەخۆ بۆ کورسیى گشتیی شارەکە ناویان پێشکێش کردووە و رکابەرییەکەیان لە چوارچێوەى ئەو 24 کورسییە دەبێت کە بۆ شارەکە دیاری کراوە. 
 
18ـى تەممووز دوا وادەیە بۆ پێشکێشکردنى لیستى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دیاری کراوە.  
 
بۆ سلێمانى 38 کورسی، هەولێر 34 کورسی، دهۆک 25 و هەڵەبجە سێ کورسی تەرخانکراون؛ لە هەریەک لە هەولێر و سلێمانى دوو  کورسی بۆ کۆتای کریستیان و تورکمان دانراوە؛ لە دهۆک کورسیەک بۆ کۆتاى کریستیان تەرخانکراوە.
 
20ـى تشرینى یەکەمى 2024 وەک رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمان دیاری کراوە.
 
ناوى بەربژێرانى کۆتاى کریستیان لە دهۆک:
 
1- ئایشخان ئەرشاک یەلدۆ
2- رۆبینە ئۆیملک عەزیز 
3- ئەدکار هاکوب بوتروس
4- دادود هوهان داود 
5- فادى پۆلس حەنا 
6- جێمس حەسدۆ هیدۆ  
7- رافى میران یوسف 
8- سرى جەمیل حەنا 
 
بەربژێرانى سەربەخۆ:
 
1- دیار عەبدوڵڵا عەبدولکەریم
2- ماهر محەممەد ئیسماعیل 
3- نیهاد تەیب مەحموود 
4- محەممەد قاسم یوسف 
5-  سەفیرە سدقى خورشید 
6- شیروان ئەحمەد بارانى 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە