بڕیارەکانی مادەی 140 لەسەر زەوی و زارەکانی کەرکووک جێبەجێ دەکرێن

16-07-2023
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی دوو نووسراو کە یەکێکیان لە وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە ئاراستەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کراوە و ئەوەی دووەم لە ئەنجوومەنی دادوەرییەوە ئاراستەی دادگەی کەرکووک کراوە، فەرمانکراوە کار بە جێبەجێکردنی نووسراوی هادی عامری، سەرۆکی لیژنەی مادەی 140 بکرێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری 29ی ساڵی 2012ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق. 
 
شکار مەردان، پارێزەری جووتیارانی کورد و تورکمان ماوەیەک پێش ئێستا بە نووسراوێک داوای لە هادی عامری کردبوو بڕیاری ژمارە 29ی ساڵی 2012ی ئەنجوومەنی وەزیران جێبەجێبکرێت. 
 
ئەو پارێزەرە بە رووداوی راگەیاند، هەردوو نووسراوەکە گرنگن و لە ئێستا بەدواوە کاریان پێدەکرێت. 
 
نووسراوی یەکەم لە وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە ئاراستەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کراوە، شکار مەردان دەڵێت، لەو نووسراوەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کارئاسانی بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی مادەی 140 بکەن. 
 
ئەنجوومەنی دادوەریی عێراقیش لە نووسراوی دووەمدا کە ئاراستەی دادگەی کەرکووکی کردووە، فەرمان دەکات رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی مادەی 140. 
 
شکار مەردان دەڵێت، دادگەکان ژمارەیەک گرێبەستیان بۆ هاوردەکان تازەکردووەتەوە و بڕیاریان لێی داوە، پابەند دەکرێن بە کارکردن بەو بڕیارە لە ئێستا بەدواوە ناتوانرێت کێشە بۆ جووتیارانی کورد و تورکمان دروست بکرێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە