رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی دەڵێت، "کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی جیددییە و ئیرادەیەکی جیددی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
ئەمڕۆ سێشەممە، 16-5-2023 شاندێکی مەکتەبی سیاسی پارتی سەردانی سلێمانی کرد و لەگەڵ یەکێتیی کۆبوونەوە، لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەر لە کۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ یەكێتی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی بۆ گەیشتنە بە رێککەوتن و کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری نابێت و کۆمەڵێک پرسی گرنگ تاوتوێ دەکرێت." گوتیشی، "پێشتر ریککەوتن لەسەر ژمارەیەک بابەت کراوە و ئیرادەیەکی جیددی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆبوونەوەی ئەمڕۆ راوێژکاری نابێت و ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی لەسەر چەند خاڵێک دانوستاندن دەکەن."
لەبارەی هەڵبژاردن، لەتیف نێروەیی گوتی "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا پرسی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن تاوتوێ دەکرێت و پرسی کۆتاکان یەکێک دەبێت لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی."
شاندی پارتی پێکهاتبوو لە: مەحموود محەممەد، رێبوار یەڵدا، عەلی حوسێن، د. پشتیوان سادق، د. هێمن هەورامی و د. جەعفەر ئیمینکی. شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێکهاتبوو لە: شاڵاو عەلی عەسکەری، د. خەسرەو، عیماد ئەحمەد، رزگار حاجی حەمە، د. میران محەممەد و ئهمین بابەشێخ.
رۆژی 11-05-2023، سەرۆک مەسعود بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند ''ئێرە بە دەرفەت دەزانم بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەم کە لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە، داواکارم هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش 18ـی ئەم مانگە بکرێت، بۆ ئەوەی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و کوردستانییانە باسی هەموو گیروگرفتەکان بکرێت و چارەسەریان بکەن".
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، پێش ئەم کۆبوونەوە بەرفراوانە، پێویستە مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، بۆیە ''داوا لە مەکتەبی سیاسیی هەردوولا دەکەم، دابنیشن و ئەم تەمومژە نەهێڵن، هەروەها زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە بەرفراوانەکە بکەن".
پارتی و یەکێتی پێشوازییان لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد، مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند، ئامادەن لەگەڵ هەموو پارتە سیاسییەکان کۆببنەوە بە یەکێتیشەوە.


