رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی چەندین ساڵ لەمەوبەر کوردانی ئێزدیی دانیشتووی گوندی بیرج لە پارێزگای رووها زێدی خۆیان بەرەو ئەورووپا جێهێشت، ئەم ساڵ دەگەڕێنەوە و رۆژی چوارشەممە 17-4-2024 فێستڤاڵی سەری ساڵی ئێزدییان پیرۆز دەکەن.
بیرج گوندێکی کوردانی ئێزدییە سەر بە شارۆچکەی وێرانشار لە پارێزگای رووها. بەشی زۆری خەڵکی ئەو گوندە ساڵانێک لەمەوبەر کۆچیان کرد و لە ئەورووپا دەژین.
ئەم ساڵ بۆ پیرۆزکردنی جەژنی چوارشەممەی سەری ساڵی ئێزدییان کە دەکەوێتە 17ی نیسان، ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی ئێزدیی خەڵکی بیرج گەڕاونەتەوە.
دوو هەفتە لەمەوبەر ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی چوارشەممەی سەری ساڵی ئێزدییان لە گوندەکە دەستیپێکرا.
جگە لە کوردانی ئێزدیی نیشتەجێی ئەورووپا، بەشێکی زۆر لە کوردانی ئێزدیی گوند و شارۆچکەکانی دەوروبەریش بڕیاریانداوە رۆژی 17ی نیسان لە گوندی بیرج ئامادە بن.
رێوڕەسمی چوارشەممەی سەری ساڵی ئێزدییان ساڵانە لەلایەن کوردانی ئێزدییەوە پیرۆز دەکرێت. کوردانی ئێزدی ئەو رۆژە بە دەستپێکی رۆژژمێری ئایینیی خۆیان دەزانن.
چەندین چیرۆک لەبارەی جەژنی چوارشەممەی سەری ساڵی ئێزدییان هەن. لەم جەژنەدا 366 چرا هەڵدەکرێن، ئەوەش بەو هۆیەی ساڵنامەی رۆژهەڵاتی کە ساڵنامەی کوردانی ئێزدی 366 رۆژە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ