مەکتەبی سیاسی پارتی وەڵامی دوران کالکان دەداتەوە

16-04-2015
سیروان عەزیز
نیشانەکردن پارتی دوران کالکان
A+ A-

رووداو- هەولێر

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەڵامی دوران کالکان، ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستانێ‌ kck دەداتەوە، کە تیێیدا رەخنەی لە سیستەمی مەركەزی باشووری كوردستان بەگشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتی گرتبوو، كالكان گوتبووی، نابێ هەولێر حوكمی كوردستان بكات.

گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی لە وەڵامی قسەکانی کالکاندا، پەیامێک ئاراستەی جەماوەری کوردستان، حیزب و لایەنە سیاسییەكان ، ناوەندە رۆشنبیریی و ئەكادیمیەكانی کوردستان دەکات و رایدەگەیینێت:" لەكاتێكدا زیاتر لەهەر ساتەوەختێك گەلەكەمان پێویستی بە یەكڕیزی هەیە، بۆئەوەی ئەم قۆناخە پڕ لە هەڕەشە و تەحەدیاتەی لەبەردەممانە بەسەركەوتوویی تێیپەڕێنین، بەداخەوە دۆران كالكان لە دیمانەیەكی لەگەڵ كەناڵی (مەد نوچە) لە روانگەیەكی دوژمنكارانەوە چەندین قسەی نابەجێی لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە كردووە و زێدەڕۆیی كردووەتە سەر خەڵكی كوردستان".

گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت:" قسەكانی کالکان، ئەوەندە دوورن لە گیانی نیشتمانپەروەری و بەرژەوەندی نەتەوەیی، تەنیا دەكرێت لە دەمی دوژمن و داگیركار بێتەدەر، نەك سەركردەیەكی حیزبێكی كوردستانی. بۆچوونی لەم جۆرە لەبارەی كورد و كوردستان زۆر مەترسیدارن و پێویستە هەموو لایەكی لێبێتە دەنگ و رێگا لەزێدەڕۆیی لەم چەشنە بگیرێت".

مەکتەبی سیاسی لەو پەیامەیدا کە وێنەیەکی بۆ رووداو ناردووە، باس لەو ئەندامەی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان‌ kck دەکات و  زیاتر دەڵێت:" كەسێك كە یەك وشەی كوردی نەزانێت و دیاریشنەبێت سەر بە چ نەتەوەیەكە و بڕوایشی بە مافەكانی گەلی كوردستان نەبێ‌، بەهیچ شێوەیەك بۆی نییە باسی مافەكانی گەلی كوردستان بكات، یان رێگا بەخۆی بدات دواڕۆژ و شێوازی بەڕێوەبردن بەسەر خەڵكی كوردستاندا بسەپێنێت و لەبارەیەوە بدوێت. كالكان كێیە و بۆدەبێ‌ لەبارەی چارەنووسی گەلی كوردی باشوور قسەبكات؟".

دوێنێ چوارشەممە 15/4/2015 دووران كالكان ، ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستانێ‌ KCK رەخنە لە سیستەمی مەركەزیی باشووری كوردستان بەگشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتی گرت و رایگەیاند، نابێ هەولێر حوكمی كوردستان بكات.

دووران كالكان ، كە كەسێكی ئازەریی نێو سەركردایەتی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK یە، لە هەڤپەیڤینێكدا کە لە تەلەڤزیۆنێكی ئەو پارتەدا بڵاوكرایەوە گوتی " سیستەمی مەركەزی لە كوردستان نابێت . ئەو سیستەمە لە باشووری كوردستاندا هەر نابێت . پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ، كاتی خۆی رێككەوتن و ئەو سیستەمەیان بۆ خۆیان دروستكرد ، تائێستاش پێداگیری لەسەر دەكەن ، بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر پێداگیری لەسەردەكات . پارتی تەماشای پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا AKP دەكات و دەیەوێ كوردستان وەك توركیا مەركەزی بێت ، ئەوەش مومكین نییە . باشووری كوردستان ناتوانێت لەنێو بەڕێوەبەرایەتییەكی مەركەزیدا بژیت ، ناشبێت . لەبەرئەوەی زۆر شێوەزار لە باشووری كوردستان هەن، میللەتی جیاواز هەن ، ئایینزای جیاواز هەن . كورد هەموویان یەك نین ، سۆرانی هەن، بادینی هەن. سۆرانی كوردییە ، بادینیش كوردییە ، ئێوە چۆن ئەوانە لەنێو یەك زمانی نەتەوەییدا دەكەنە یەك؟".

دووران كالكان ، كە بە ناوی (عەباس)یش دەناسرێت و بە یەكێك لە دامەزرێنەرانی PKK دادەنرێت ، هەر لەو هەڤپەیڤینەدا زیاتر رەخنە لە سیستەمی هەرێمی كوردستان دەگرێت و دەڵێ " لە باشووری كوردستان دیكتاتۆریەتی مەركەزی ناتوانێت بژیت . واتە باشووری كوردستان لە هەولێرەوە دروستناكرێت و نابێ بڵێن دەبێ ئیدارەكەی تەنیا لە هەولێربێت . شەنگال، كەركووك ، گەرمیان ، دهۆك و سلێمانی ، پێویستە بەخۆیان خۆیان ئیدارە بكەن . ئەگەر وابێت ، ئەوكات كەركووكیش دێتە سەر كوردستان".

دووران كالكان ، باسی ئەزموونی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێ " ئەوە 25 ساڵە باشووری كوردستان هەیە. بۆچی كەركووك ، گەرمیان نەهاتوونەتە سەر كوردستان؟ 40%ی باشووری كوردستان لە دەرەوەی ئیدارەی هەولێرە . ئەو سیاسەت و عەقلیەتە ، یەكگرتوویی دروستناكات ".

دەقی روونكردنەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی:

لێدوانی گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
لەبارەی قسەكانی دۆران كالكان ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستانێ‌

جەماوەری سەربەرزی كوردستان
حزب و لایەنە سیاسییەكان و ناوەندە رۆشنبیری و ئەكادیمیەكانی كوردستان
خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان

لەكاتێكدا كە گەلی كوردستان لەباشور بەڕووی دڕەندەترین بوونەوەری مێژوو هاتەوە و تیرۆرستانی شكستدا، لەوكاتەی دۆزی رەوای گەلەكەمان لە باشور هەنگاوی زۆر پڕ بایەخی بەئاراستەی بوژانەوە و پێشكەوتن و پتەوتربوونی دیموكراسی ناوە و رۆژ لەدوایرۆژ پێگەی جیهانی و ناوچەیی هەرێمی كوردستان لە هەڵكشاندن دایە، لەكاتێكدا كە زیاتر لەهەر ساتەوەختێك گەلەكەمان پێویستی بە یەكڕیزی هەیە، بۆئەوەی ئەم قۆناغە پڕ لە هەڕەشە و تەحەدیاتەی لەبەردەممانە بەسەركەوتوویی تێپەڕێنین، بەداخەوە دۆران كالكان ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان لە دیمانەیەكی لەگەڵ كەناڵی (مەد نوچە) لە روانگەیەكی دوژمنكارانەوە چەندین قسەی نابەجێی لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە كردووە و زێدەڕۆیی كردۆتە سەر خەڵكی كوردستان. قسەكانی ئەم پیاوە ئەوەندە دورن لە گیانی نیشتمان پەروەری و بەرژەوەندی نەتەوەیی تەنیا دەكرێت لەدەمی دوژمن و داگیركار بێتەدەر نەك سەركردەیەكی حزبێكی كوردستانی. بۆچونی لەم جۆرە لەبارەی كورد و كوردستان زۆر مەترسیدارن و پێویستە هەموو لایەكی لێبێتە دەنگ و رێگا لەزێدەڕۆیی لەم چەشنە بگیرێت.

یەكەم: كەسێك كە یەك وشەی كوردی نەزانێ‌ و دیاریشنەبێت سەربەچ نەتەوەیەكە و بڕوایشی بەمافەكانی گەلی كوردستان نەبێ‌، بەهیچ شێوەیەك بۆی نییە باسی مافەكانی گەلی كوردستان بكات یان رێگا بەخۆی بدات دواڕۆژ و شێوازی بەڕێوەبردن بەسەر خەڵكی كوردستاندا بسەپێنێت و لەبارەیەوە بدوێت. كالكان كێیە و بۆدەبێ‌ لەبارەی چارەنووسی گەلی كوردی باشور قسەبكات؟

دووەم: لەكاتێكدا دوژمنان و داگیركاران، كوردستانیان بەسەر چوارپارچە دابەشكردووە و گەلی ستمەمدیدەی كوردستان بووەتە قوربانی دەیان پیلانی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بۆ بەرگریكردن لە ناسنامەی خۆی سەدان هەزار شەهیدی داوە و جینۆساید و ئەنفال و كیمیا باران كراوە، كەچی هێشتا دۆران كالكان ئاسودە نییە و حەز بەدابەشبوونی زیاتری كوردستان دەكات و چاوی لە پارچە پارچەبوونی زیاتری گەلی كوردستانە. كالكان چۆن رێگا بەخۆیدەدات ئەوها بێباكانە تەپڵی دووبەرەكی لێبدا و باسی سۆرانی و بادینی و ئێزیدی بكا ؟ ئایە هیچ دوژمن و داگیركارێك تائێستا رێگایان بەخۆداوە ئەوها ئاشكرا و بێ‌ شەرمانە باسی لەت لەتكردنی گەلی كورد بكەن؟

سێیەم: كالكان باسی دیكتاتۆریەت دەكات و تۆمەتی دیكتاتۆربوون بۆ باشور و هەولێر و پارتی هەڵدەبەستێ. پرسیاریان لێدەكەین لە كوردستاندا كێ‌ بەقەدەر حزبەكەی پەكەكە لەهزر و كرداردا شمولی و خۆسەپێنە؟ لەوشوێنەی پەكەكە باڵادەستە كوا ئازادی؟ كوا چالاكی حزبەكان؟ كوا ئازادی رادەربڕین و بوونی بەرامبەر؟ لەوشوێنانەی دەستیان بەسەرداگرتووە كەی بواری ئەوەیان بەخەڵك و رای بەرامبەرداوە بوونیان هەبێت؟ كوا لەژێر دەسەڵاتی پەكەكە رەنگ و دەنگی جیاواز بواری ژیانی هەیە؟ كەسێك لێوان لێوبێت لە هزری توندڕۆیی و دیكتاتۆری و خۆسەپاندن و تۆقاندن چۆن چۆنی باسی ئازادی دەكات؟

چوارەم: بوونی كەسێكی وەك ئەو، كێشە بووە بۆ خودی پەكەكەش. ئەو لە وەڵاتی ئەڵمانیا بەتۆمەتی تیرۆر دەستگیر و زیندانی كرا و دواتریش هات لە سوریا گریسایەوە. هەر ئەو و هاوشێوەكانی ئەون وایانكردووە پەكەكە هەردەم تۆمەتی تیرۆرستبوونی بخرێتەپاڵ. ئەم تەرزەكەسانە بۆ خودی پەكەكەش مایەی سەرئێشە و كێشەبوونە.

پێنجەم: رشتنی فرمێسكی تیمساحانە بۆ خوشك و برایانی ئیزیدی و خەڵكی شنگال هیچ چارەسەرێكی بۆ خەڵكی مەزڵومی ئەو دەڤەرە پێنابێت. تیرۆرستان شنگالیان جینۆسایدكرد، بەڵام ئەوانە دەیانەوێ یاری بە برینی كوردانی ئێزیدی بكەن. هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەگیان فیدایی و خوێنی خۆی بست بە بستی دەڤەری شنگالی رزگاركرد و كەسیش بەقەدەر پارتی بۆئەم دەڤەرە خوێنی نەبەخشی و ئەوەیش بەئەركی سەرشانی خۆی دەزانێت. بۆ دواڕۆژی دەڤەری شنگالیش پارتی دیموكراتی كوردستان رای خۆی ناسەپێنێت بەڵكو بڕوای بەدەنگ و هەڵبژادەی خەڵكی ئەم دەڤەرە هەیە. پارتی بەترس و تۆقاندن و چەواشەكاری خۆی ناسەپێنێت و پێیوایە دەبێ‌ خەڵك ئازادبن و چارەنوسیان لەدەستی خۆیاندابێت، نەك ئەوەی خەڵكێك بێن و بەزۆر هزر و سەلیقە و ئیدارەی نامۆ بەسەر خەڵكی برینداری شنگالدا بسەپێنن. خەڵكی شنگال ئازادیخوازە و رێگانادەن چواچێوە و زیندانێكیان بەسەردا بسەپێندرێت.

لەكۆتایدا ئەوە دەڵێین كە بۆچوون و قسەكانی دۆران كالكان پتر لە ئیرەیی و نەزانی و رقیەتی و، چاوی بەدیموكراسی و ئازادی و فرەلایەنی و پێكەوەژیان و پێشكەوتن و دەستكەوتەكانی باشوری كوردستان هەڵنایەت. ئەو و هاوبیر و هاوشێوەكانی تەنانەت یەك دەستكەوتیشیان بۆ باكور بەدەست نەهێناوە و تەنیا كاریان تێكدانی یەك ریزی و شێواندن بووە. با كالكان باش بزانێ باشوری كوردستان پاروی ئەو و هاوشێوەكانی نییە و باشور زۆر لەوە مەزنترە كە بیریشی لێ بكەنەوە. باشتریشە ئەو سنوری خۆی بزانێت و چیتر زێدەڕۆیی نەكات و هیواداریشین كە ئەو بۆچوونە بیروڕای شەخسی خۆی بێت و ئێمەیش لەوبڕوایەدانین لەناو پەكەكەدا خەڵكی تری وەك ئەو هەبێت كە ئەوها لەبارەی چارەنوسی گەلی كوردستانەوە تاریك و رقاوی بیربكاتەوە.

 كوردستانی باشور حزب و لایەنی سیاسی و دامودەزگای شەرعی و هەڵبژێردراوی خۆی هەیە، پەكەكە چۆن رازی نییە نەك لایەنێكی هەرێمی كوردستان بەڵكو خەڵكیتریش لە كوردستانی باكور رۆڵی هەبێت، نابێ‌ رێگا بەخۆی بدات بە وتە و كردەوە كێشە بۆ جەماوەری كوردستانی باشور دروستبكات.

گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
16/4/2015

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە