رووداو دیجیتاڵ گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە راگەیاند، سێیەم رۆژی گەڕان بەدوای تەرمی منداڵە 11 ساڵانەکە بەردەوامە و تیمێکی مەلەوان و 5 تیمی دیکە گەڕانەکانیان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە چڕکردووەتەوە. رۆژی پێنجشەممە، 11ـی حوزیرانی 2026، زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ گەڕان بەدوای تەرمەکەدا کامێرەمان بەکارهێناوە، شوێنەکە ئەشکەوتی زۆری تێدایە، ئەگەری هەیە تەرمەکە لە شوێنێک گیری کردبێت و تاوەکو ئێستا نەماندۆزیبێتەوە، بەڵام گەڕانەکانمان چڕکردووەتەوە." لەبارەی ئاستەنگییەکانی بەردەم تیمەکان، زانیار عومەر گوتی: "لە هەندێک شوێن دار کەوتووەتە ناو ئاوەکە، خەریکی پاککردنەوە و بڕینی دارەکانین بۆ ئەوەی ئەگەر تەرمەکەی لێ بێت، دیار بێت". بە گوتەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە، ئاوەکە زۆر خێراییە و ئەم ساڵ هاوینەهەواری زەڵم ئاوێکی زۆری تێداییە. گوتیشی:" ئەمڕۆش هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا بە داخراوی دەمێنێتەوە و نازانین بۆ سبەیش چۆن دەبێت." ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 9ی حوزەیران، منداڵێکی تەمەن 11 ساڵ کە لەگەڵ خێزانەکەیدا بە مەبەستی گەشتکردن لە کەربەلاوە هاتبوون، کەوتە ناو ئاوی زەڵم و تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە.
کوردستان11-06-2026دایکی لاناز وەڵامی ئەو خانمە دەداتەوە کە دەیەوێت نەوەکەی بەخێو بکات: کچەکەی لاناز بێ کەس نییە