هەڵەبجە دوای 33 ساڵ لە کیمیابارانکردنی

16-03-2021

14:09

کۆنسوڵخانەی تورکیا: کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە پەڵەیەکی رەشە لە مێژوودا

 
کۆنسوڵخانەی گشتیی تورکیا لە هەولێر بەبۆنەی تێپەڕبوونی 33 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "پەڵەیەکی رەشە لە مێژوودا."
 
کۆنسوڵخانەی گشتیی تورکیا ئاماژەی بەوەداوە، "کوشتنی هەزاران کەسی سڤیل بە بێبەزەییانە لە هێرشە کیمیاییەکەی شاری هەڵەبجە لە 16ی ئاداری 1988 لەلایەن رژێمی بەعسەوە، وەک پەڵەیەکی رەش لە مێژوودا وەبیر دێتەوە". 
 
لە پەیامەکەدا هاتووە: "تورکیا دەرگەی بەڕووی ئەو برا کوردانەیدا کردەوە کە لەو هێرشە نامرۆییە هەڵاتبوون و پەنایان بۆ بردبوو، ئەمڕۆش هاوبەشی ئەو خەمە گەورەیەیە. خودا لەو کەسانە خۆشبێت کە لە کۆمەڵکوژیی هەڵەبجەدا گیانیان لەدەستدا".
 

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

14:01

سەرۆكی هاوپەیمانیی عێراقییون: كارەساتی هەڵەبجە ویژدانمان ئازار دەدات

سەرۆكی هاوپەیمانیی عێراقییون: كارەساتی هەڵەبجە ویژدانمان ئازار دەدات
 
سەرۆكی هاوپەیمانیی عێراقییون رایگەیاند، كارەساتی هەڵەبجە وامان لێدەكات سووربین لەسەر ئەزموونە دیموكراتییەكەمان و پێمانوایە تاقە رێگەیە بۆ رەتكردنەوەی دووبارە گەڕانەوەی سیاسەتەكانی كوشتن و گۆڕە بەكۆمەڵەكان.
 
عەمار حەكیم، سەرۆكی هاوپەیمانیی عێراقییون لە تویتێكدا رایگەیاند، "تاوەكو ئێستا ساڵیادی كارەساتی هەڵەبجەی شەهید ویژدانمان ئازار دەدات و هەستمان بریندار دەكات، هەروەها وامان لێدەكات سوورتربین لەسەر ئەزموونە دیموكراتییەكەمان، چونكە پێمانوایە تاقە رێگەیە بۆ رێگرتن لە دووبارە گەڕانەوەی سیاسەتەكانی كوشتن، گۆڕە بەكۆمەڵەكان، پەراوێزخستن، دوورخستنەوە، جیاكاری لەنێوان پێکهاتەكان".
 
هەروەها دەڵێت "ئاشتی و نەمری بۆ قوربانیانی هەڵەبجەی شەهید و ئەنفالكراوان و گۆڕە بەكۆمەڵەكان و قوربانیانی دەستی داعش و هەموو ئەوانەی لەپێناو شكۆی ئەو نیشتمانە و هاووڵاتیان قوربانیان داوە."
 
زیاتر بخوێنەوە

12:26

د. بەشیر حەداد: عێراق بە رەوشێکی هەستیار و نالەباردا تێپەڕدەبێت

 
لە یادی 33 ساڵەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەبەردەم باڵاخانەی پەرلەمانی عێراق رێوڕەسمێک بە ئامادەبوونی سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان ژمارەیەکی زۆر کەم لە پەرلەمانتارانی عەرەب و فەرمانبەرانی پەرلەمانی عێراق رێکخرا.
 
لەو یادەدا د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمان گوتارێکی پێشکەشکرد و لە بەشێک گوتەکانی رایگەیاند: "
دەبێت ئێمەی نوێنەری عێراقییەکان ببینە قەڵغانێک بۆ ئەوەی هەڵەبجە و دووبارە نەبێتەوە، دەبێت ببینە ناوێک، ببینە ئاوێک ئاگرەکان بکوژێنینەوە و تێنوێتی خەڵکی عێراق بشکێنین."
 
بەشیر حەداد گوتی، "چەکی ئێمە چەکێکی زۆر بەهێزە، کە هێزی هەموو عێراقی لە پشتە، ئەویش دەستووری عێراقی فیدراڵە. ئێمە بەو چەکە دەجەنگین و مافە زەوتکراوەکانی عێراقییەکان دەچەسپێنین. ئیتر دەبێت لێرەوە و تاف و گوتارە قەڵەمییەکان کۆتاییان پێبێت، دەبێت نوێنەری هەڵەبجەییەکان و دوجێلییەکان و تەواوی پێکهاتەکانی عێراق بین."
 
عێراق بە گوتەی بەشیر حەداد، بە رەوشێکدا تێدەپەڕێت کە رەوشێکی زۆر هەستیار و نالەبارە، دەبێت رووناکی رێگەمان دەستووری عێراق بێت. عێراق دەبێت ببێتە نموونەیەک لە پێکەوەژیان، پاراستنی کەمینەکان، وەک چۆن پێشتر لە ناوەندە لە بەغداوە بڕیاری قەتڵوعامی عێراقییەکان درا، دەبێت ئەمڕۆ ئێمە بیسەلمێنین کە عێراقی نوێ، عێراقی هەموو پێکهاتەکانە و ئێمە ببینە تیمارکەری هەموو زامەکانی عێراقییەکان."
 
لێرەوە سەری رێز و نەوازش دادەنوێنین بۆ رووحی بەرزەفڕی پێنج هەزار پەپوولە، 5 هەزار قوربانی رێگەی ئازادی، 5 هەزار قوربانی بێتاوان. لەم رۆژە خەمناکەدا بەڵێن دەدەین کە نوێنەرێکی بە ئەمەکی خەڵکی خۆمان بین و بۆ کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی عێراق و خوشک و برایانمان بسەلمێنین کە نوێنەری راستەقینە دەبین و شۆڕش بەرپا دەکەین."

 

 
زیاتر بخوێنەوە

11:30

وەزیری ئاوەدانکردنەوە: هەوڵ دەدەین ژمارەیەک پرۆژەی ستراتیژی لە ھەڵەبجە بکەین

وەزیری ئاوەدانکردنەوە: هەوڵ دەدەین ژمارەیەک پرۆژەی ستراتیژی لە ھەڵەبجە بکەین
 
وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی 33ـەمین ساڵڕۆژی کیمیابارانی هەڵەبجە دەڵێت، جەخت لەسەر ھەوڵەکانیان دەکەنەوە کە بەوپەڕی تواناوە خزمەتی زیاتری ھاووڵاتیانی پارێزگای ھەڵەبجە و تێکڕای شار و شارۆچکەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان بکەن.
 
بە گوتەی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا لەماوەی کەمتر لە دوو ساڵی ئەم کابینەیەدا وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ژمارەیەک پرۆژەی لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە ئەنجامداوە و ژمارەیەک پرۆژەش کارکردن تیایاندا بەردەوامە، لە کۆتایی ساڵی رابردووش بڕی زیاتر لە ملیارێک دینار بۆ 10 پرۆژە لە بواری رێگەوبان لە سنوورەکە تەرخانکرا.
 
لە پەیامەکەیدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، "هەموو هەوڵێکیش دەدەین لە ئەمساڵدا چەند پرۆژەیەکی ستراتیژی و گرنگ بۆ پارێزگای هەڵەبجە، لەوانە پرد و رێگەی تووەقوت و پردی سازان بخەینە بواری جێبەجێکردن لەگەڵ چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاریی دیکە."

 

 

زیاتر بخوێنەوە

10:56

سەرۆک بارزانی: جێی شەرمە دوای كیمیابارانی هەڵەبجە، نكۆڵی لە مافەكانی گەلی كوردستان دەكرێت

سەرۆک بارزانی: جێی شەرمە دوای كیمیابارانی هەڵەبجە، نكۆڵی لە مافەكانی گەلی كوردستان دەكرێت
 
 
سەرۆک مەسعود بارزانی، لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا لە تویتێکدا نووسیویەتی، "جێگەی شەرمێكی گەورەیە دوای تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەو جینۆسایدەی لەدژی خەڵكی كوردستان ئەنجام دراوە، هێشتا دەنگ و عەقڵیەتی شۆڤینی لە عێراقدا باڵادەستە و نكۆڵی لە مافەكانی گەلی كوردستان دەكرێت."

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

10:48

قایمقامی هەڵەبجە: پێویستمان بە دامەزراندنی 500 فەرمانبەرە

 
قایمقامی هەڵەبجە رایگەیاند ئەو کارەی بۆ هەڵەبجە کراوە لە ئاستی پێویستی کەسوکاری شەهیدان و خەڵکی ئەو شارەدا نییە و دوای ئەوەی بوونەتە پارێزگا پێویستیان بە دامەزراندنی 500 فەرمانبەرە.
 
نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئەم سنوورەی ئێمە لە دوای ساڵی 1991ـەوە چەندین دەسەڵاتی جیاوازی تێدا بووە کە ئەوەیش هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی بەپێی پێویست خزمەتگوزاریی تێدا نەچێتە پێشەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای 2003ـوە بە جیددی کاری تێدا کردووە، بەڵام لە 2014وە کە قەیرانی دارایی هاتووەتە ئاراوە پشکی شێر لە دواکەوتنی کارەکان بەر هەڵەبجە کەوتووە."
 
رۆژی سێشەممە 33 ساڵ بەسەر کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە تێدەپەڕێت کە لە رۆژی 1988/03/16ـدا بوو.
 
قایمقامی هەڵەبجە ئاماژەی بەوە دا کە کار بۆ هەڵەبجە کراوە، بەڵام لە ئاستی پێویستی کەسوکاری شەهیدان و خەڵکی هەڵەبجەدا نییە. دوای ئەوەیشی کە بوونەتە پارێزگا پێداویستییەکانیان زۆرترن و پێویستە خزمەتگوزاریی زۆرتر پێشکەشی خەڵکی هەڵەبجە بکرێت.
 
رۆژی 2021/03/10 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی دا چەند پرۆژەیەکی گرنگی خزمەتگوزاری لە پارێزگای هەڵەبجە جێبەجێ بکرێن کە بەشێکیان پەیوەندییان بە پەرەپێدانی پارێزگاکانەوە هەیە و پێشتر پەسندکراون.
 
نوخشە ناسیح گوتی: "ئەوەی ئێستا هەمانە کۆمەڵێک پرۆژەی خزمەتگوزارین کە لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بڕیاریان لەسەر درا. ئەمانە ئەو پرۆژانەن کە لە ساڵانی پێش 2014وە کارمان بۆ کردوون. هەیانە 60٪ـی تەواو بووە. تەنیا پرۆژەی ستراتیجی تێیدا پرۆژەی تووەقوتەیە. زۆر پرۆژەی خزمەتگوزاریمان ماون کە پێویستە بکەونە بواری جێبەجێ کردنەوە."
 
قایمقامی هەڵەبجە گوتیشی: "کۆمەڵێک لەو پرۆژانە تەواوکارین، واتە خۆیان ئێستا هەن، بەڵام حکومەت پارەی تەرخان کردووە کە تەواو بکرێن. هەیانە 50 بۆ 70٪ی تەواو بووە. پرۆژەیشیان تێدایە کە هی پترۆدۆلارە کە دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە و پێویستیان بە تەندەر نییە. لە هەموو ئەو پرۆژانە گرنگتر پرۆژەی تووەقوتە کە لە رووی ستراتیژی و بازرگانییەوە زۆر گرنگە و دەمانبەستێتەوە بە گەرمیانەوە."
 
دوای تێپەڕینی 33 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی شاری  هەڵەبجەدا تاوەکو ئێستا ئەو کەیسە بە جینۆساید نەناسێنراوە.
 
قایمقامی هەڵەبجە دەڵێت: "پێویستە کەیسی شەهیدان بە جینۆساید بناسێنرێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جیددی کاری لەسەر بکات، بۆ ئەوەی حکومەتی عێراقی کەسوکاری شەهیدان قەرەبوو بکاتەوە."
 
لە هەڵەبجە 73 خێزان داوایان تۆمارکردووە کە داوای چارەنووسی 118 منداڵیان دەکەن کە بەهۆی کیمیابارانی 1988/03/16ـی هەڵەبجەوە ون بوون و تاوەکو ئێستا 9 منداڵی هەڵەبجە بە کەسوکاریان شادبوونەتەوە.
 
نوخشە ناسیح ئەوەی خستەڕوو: "کەیسێکی دیکەمان هەیە کە بە داخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر نەکردووە کە کەیسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجەیە. داوا لە حکمومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم لەسەر ئاستی باڵا کار بۆ ئەم پرسە بکات و لیژنەی بۆ پێکبهێنرێت. ئێمە منداڵەکانمان لە هەرێمی کوردستاندا ون نەبوون تا خۆمان لێرە شارە بە شار بەدوایاندا بگەڕێین. ئێمە زۆربەی منداڵەکانمان لە ئێران ون بوون، بۆیە دەبێت لەسەر ئاستی دوو دەوڵەت کار لەسەر ئەم کەیسە بکرێت. لەسەر ئاستی ئیداریی هەڵەبجە بەهێز نابێت."
 
هەڵەبجە ساڵی 1889 بووەتە قەزا و رۆژی 13ی ئاداری 2014 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە فەرمی کرایە پارێزگا.
 
قایمقامی هەڵەبجە دەڵێت: "خاڵێکی دیکە کە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵەبجە کاری لەسەر بکات نەبوونی میلاکە. ئەم پارێزگایە کە دروست بووە، هەر لەسەر ئەو میلاکە دروست بووە کە کاتی خۆی قەزا بوو. بۆ نموونە کاتێک پارێزگا دروست بووە، کارمەندی قایمقامیەتمان داوەتە پارێزگا، ئێستا ئێمەیش کەمیمان هەیە. ئەم پارێزگایە پێویستی بەوەیە بکەوێتە سەر پێی خۆی. بە لایەنی کەمەوە 500 کارمەندمان پێویستە."
 
بڕیار بوو لە ساڵی 2020ـدا 53 برینداری چەکی کیمیایی بۆ چارەسەر لە هەڵەبجەوە بنێردرێنە ئێران، بەڵام هێشتا نەنێردراون.
 
بە گوتەی نوخسە ناسیح، بەهۆی کۆرۆناوە ئەو کارانە وەستان، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی لەسەر هێڵن و گوتی: "خۆشبەختانە ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا تیمێکی پزیشکیی تایبەتی لەسەر بودجەی خۆیان ناردە هەڵەبجە کە زیاد لە 500 بەرکەوتووی چەکی کیمیاییان بینی."
 
قایمقامی هەڵەبجە ئاشکرای کرد کە نەخۆشخانەی تایبەت بە بریندارانی چەکی کیمیایی نەخۆشخانەیەکی زۆر پێشکەوتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە رووی کارگێڕی و هەبوونی پزیشکەوە هەندێک کەموکوڕیی هەیە.
 
شاری هەڵەبجە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجەیە و بە یەکێک لە شارە گەورە و گرنگەکانی باشووری کوردستان دەژمێردرێت. دەکەوێتە نێوان ھێڵی درێژی 46 پلەی رۆژھەڵات و ھەر دوو بازنەی پانیی 35-36 پلەی باکوور و 83 کیلۆمەتری باشووری رۆژھەڵاتی شاری سلێمانییەوە.

 

زیاتر بخوێنەوە

10:47

یادی کیمیابارانی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق کرایەوە

یادی کیمیابارانی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق کرایەوە
 
 
لە پەرلەمانی عێراق وێنەی بەشێک لە شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە دانراوە، کاژێر 11:00 لە رێوڕەسمێکدا بە بەشداری جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتاران و فەرمانبەرانی پەرلەمان یادەکە بەرز رادەگیرێت.

 

زیاتر بخوێنەوە

10:40

سەلاحەددین بەهائەدین: 16-3 یادی ستەمی مرۆڤە دڕندەکانە

سەلاحەددین بەهائەدین: 16-3 یادی ستەمی مرۆڤە دڕندەکانە
 
سەلاحەددین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی 16 ئازارەوە دەڵێت، یادی هەڵەبجە یادی هاوکێشەی بەرژەوەندیی وڵاتانە لەگەڵ کەسانی نۆکەر و گرووپی پاشکۆ. "یادی بێویژدانیی مرۆڤی چاوچنۆك و هەلپەرستە، یادی خنكانی ویژدانی مرۆڤایەتییە لە بەرامبەر مافی گەلێكی بێكەس و شارێكی وشیار."
 

 

زیاتر بخوێنەوە

10:39

نێچیرڤان بارزانی لە یادی 16-3: جەخت لە یەکڕیزیی و تەبایی هه‌موو لایه‌نەکان دەکەینەوە

نێچیرڤان بارزانی لە یادی 16-3: جەخت لە یەکڕیزیی و تەبایی هه‌موو لایه‌نەکان دەکەینەوە
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یادی 33 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەدا دەڵێت، "وەک هەمیشە جەخت لە یەکڕیزی و تەبایی و پێکه‌وه‌یی هه‌موو لایه‌ن و پێکهاته‌کانی کوردستان دەکەینەوە. وەفاداریمان بۆ خوێنی شەهیدان و بەفیڕۆنەچوونی رەنج و خەباتی گه‌له‌که‌مان، هەر ئەوەمان لێ دەخوازێت."
 
ئەمڕۆ 33 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە دەستی حکومەتی بەعس تێدەپەڕێت کە بووە هۆی شه‌هيدبوونى زیاتر له‌ پێنج هەزار هاونیشتمانی و برینداربوونی هەزارانی دیکە. ئەوەش سەرەڕای وێرانبوونی شارەکە و ده‌ربه‌ده‌ربوونی خەڵکەکەی.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، لەم یادەدا دووبارە جەخت لە بایەخدانی زياتر بە هەڵەبجە و خەڵکەکەی دەکەنەوە. "خزمەتی برینداران و کەسوکاری قوربانیان، کار و هەنگاوی زیاترمان لێ دەخوازێت کە شایستەی پارێزگای هەڵەبجە و دانیشتووانە سەربەرز و ستەمدیدەکەی بێت."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا گوتوویەتی، "داواکارین حکومەتی عێراقی فیدراڵ وەک بەرپرسیاریێتیی یاسایی و ئەخلاقی، ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، بۆ قەرەبووکردنەوەی دانیشتووان و ژینگەی وێرانکراو و ژەهراویکراوی پارێزگای هەڵەبجە، هەنگاوی کردەیی بنێت."
 
دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
 
ئەمڕۆ سی و سێ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە دەستی ڕژێمی بەعس و شه‌هيدبوونى زیاتر له‌ پێنج هەزار هاووڵاتیی بێتاوان و برینداربوونی هەزارانی دیکە و وێرانبوونی شارەکە و ده‌ربه‌ده‌ربوونی خەڵکەکەیدا، تێدەپەڕێت.
 
لە یادی هەرگیز لەیادنەچووی ئەو مه‌رگه‌ساته‌ گەورەیەی بەسەر گەلەکەماندا هات، وێڕای دروود و سڵاو و سەردانه‌واندن لە ئاست شەهیدان و قوربانییەکاندا، وەک هەمیشە جەخت لە یەکڕیزی و تەبایی و پێکه‌وه‌ییی هه‌موو لایه‌ن و پێکهاته‌کانی کوردستان دەکەینەوە. وەفاداریمان بۆ خوێنی شەهیدان و بەفیڕۆنەچوونی ڕەنج و خەباتی گه‌له‌که‌مان، هەر ئەوەمان لێ دەخوازێت.
 
لەم یادەدا دووبارە جەخت لە بایەخدانی زياتر بە هەڵەبجە و خەڵکەکەی دەکەینەوە. خزمەتی برینداران و کەسوکاری قوربانییان، کار و هەنگاوی زیاترمان لێ دەخوازێت کە شایستەی پارێزگای هەڵەبجە و دانیشتووانە سەربەرز و ستەمدیدەکەی بێت.
 
داواکارین حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، وەک بەرپرسیاریه‌تیی یاسایی و ئەخلاقی، لەمباره‌یه‌وه‌ ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و بۆ قەرەبووکردنەوەی دانیشتووان و ژینگەی وێرانکراو و ژاراویکراوی پارێزگای هەڵەبجە، هەنگاوی کردەیی بنێت.
 
لە یادی مەرگەساتی هەڵەبجەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ده‌که‌ین کاری جددی بکەن بۆ قەدەغەکردنی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی کۆمەڵکوژ و بنەبڕکردنی چەک و تەکنۆلۆژیای مردن. دەبێ ئه‌مه‌ خەمی هەموو جیهان بێت لەپێناو پاراستنی ژیان و ژینگە و شارستانییه‌تدا.
 
شه‌هيدانى هه‌ڵه‌بجه‌ و هەموو شەهیدانی گەلەکەمان هەمیشە لە یادمانن و لە ویژدانی کوردستانیياندا زیندوون. سڵاو و دروود بۆ گيانى پاكيان.
 
نێچیرڤان بارزانی
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
 
٢٠٢١/٣/١٦
زیاتر بخوێنەوە

09:39

پارێزگاری هەڵەبجە: خەمی هەڵەبجە بە 30 ملیار دینار چارەسەر نابێت

پارێزگاری هەڵەبجە: خەمی هەڵەبجە بە 30 ملیار دینار چارەسەر نابێت
 
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "هەردوو شۆڕشەکە، شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی نوێ لە هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامانەوە سەریان هەڵداوە.. بۆیە پێویستە حکومەت مامەڵەی تایبەتیمان لەگەڵ بکات، چونکە هەنسک و برینی هەڵەبجە ئەوەندە گەورەیە، بە چەند پرۆژەیەکی بچووک ئاوەدان ناکرێتەوە." 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان و پرۆژەی وەزارەتەکان 30 ملیار دینار بۆ هەڵەبجە خەرج دەکات، ئازاد تۆفیق گوتی، "داوای 100 ملیارمان کردووە و 252 پرۆژەمان وەستاوە و سەدان گەنجمان بێکارن.. 30 ملیارەکە جێگەی رێزە، بەڵام خەمی هەڵەبجە بە 30 ملیار و 60 ملیار چارەسەر نابێت."
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا بەبۆنەی کیمیابارانی هەڵەبجە، رایگەیاند، هەڵەبجە بووەتە ناسنامە و سیمبوولی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان لە جیهاندا، "بۆیە پێویستە هەمیشە یادی شەهید و قوربانیانی ئەو تاوانە، زیندوو رابگرین و هەوڵەکانمان بەردەوام بێت بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق، قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی ئەم تاوانە مەزنە بکاتەوە. هاوکات کاربکەین بۆ رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و هەر گەل و نەتەوە و پێکهاتەیەکی دیکە لە جیهاندا." 
 
مەسرور بارزانی ئەوەشی گوتووە،  "هیوادارم لە داهاتوودا، بتوانین خزمەتێکی شایستەتری هەڵەبجە و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بکەین." 
 
رۆژی 16ـی سێی ساڵی 1988 فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای عێراق بە بۆمبی کیمیایی هێرشیان کردە سەر شاری هەڵەبجە و بەو هۆیەوە زیاتر لە 5 هەزار کەس، لە دانیشتووانی شارەکە، بە پیر و گەنج، پیاو و ئافرەت و منداڵەوە گیانیان لەدەستدا. هەزاران دیکەش بریندار بوون، کە هەندێکیان تاوەکو ئێستا بەدەست برینەکانیان دەناڵێنن.
 
لەبارەی گلەیی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، کە باس لەوە دەکەن، بەشێکیان مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە و بەشێکیشیان "پەراوێزخراون". ئازاد تۆفیق گوتی، ئەوە کۆمەڵێک رێکخراوی تایبەت هەیە جیای بکاتەوە، "ئێمە هەموو کارئاسانییەک دەکەین بۆ ئەوەی ئەو کەیسە بگاتە جێگەی خۆی."
 
 
زیاتر بخوێنەوە

09:37

زەریف: رۆژئاواییەکان نایانەوێت یادی هەڵەبجە بکەنەوە

زەریف: رۆژئاواییەکان نایانەوێت یادی هەڵەبجە بکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا دەڵێت کیمیابارانکردنی ئەو شارە و کوشتنی 5000  کەس،  "هێرشێکی بێشەرمانەبوو بۆ سەر خەڵکی مەدەنی". 
 
زەریف دەشڵێت ئەو رۆژئاواییانەی کە چەکی کیمیاییان بە سەدام حوسێن فرۆشتووە، نایانەوێت یادی هەڵەبجە بکەنەوە.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتەر نووسیویەتی؛ "16ی ئادار 33یەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیە. هەندێک نایانەوێت یادی بکەنەوە، ئەوانەی کە لە رۆژئاواوە  چەکی کیمیایی کوژەریان دا بە سەدام حوسێن. زیاتر لە 5000 مەدەنی بە گازی ژەهراوی کوژران. ئایا هێشتا دەمانەوێت قسە لەسەر مامەڵەی شەڕانی ناوچەکە بکەین؟ زەریف لە کۆتایی تویتەکەیدا نووسیویەتی: "بێشەرمانەیە".
 
لە کاتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا، ئێران لەگەڵ عێراق لە جەنگێکی سەختدا بوو، دەگوترێت بەر لە شەڕەکە پاسدارانی ئێران لەنێو شارەکەدا بوون، هەر ئەوەش هۆکاری کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بووە، کە گیانلەدەستدانی 5000 کەس و برینداربوونی هەزارانی دیکەی لێکەوتەوە.

 

زیاتر بخوێنەوە

09:34

هەڵەبجە دوای 33 ساڵ لە کیمیابارانکردنی

33 ساڵ بەر لە ئێستا، حکومەتی پێشووی عێراق هەڵەبجەی کیمیاباران کرد. گرافیک: عەبدولباست ئیبراهیم

رووداو دیجیتاڵ 

33 ساڵ بەر لە ئێستا، حکومەتی پێشووی عێراق هەڵەبجەی کیمیاباران کرد، ئەمڕۆش پارێزگاری هەڵەبجە، ژمارەیەک لە بەرپرسان و هاونیشتمانیان بەپێ بەرەو مۆنیۆمێنتی کیمیاباران بەڕێکەوتن. پارێزگاری هەڵەبجە بە رووداوی گوت، "حەقە حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵەی تایبەتمان لەگەڵ بکات."
 
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە لەکاتی رۆیشتنی بۆ مۆنیۆمێنتی کیمیاباران لە هەڵەبجە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد، باسی مێژووی قوربانییەکانی هەڵەبجەی کرد، گوتی، بووەتە یەکێک لە سیمبوولەکانی نەتەوەی کورد. "هەردوو شۆڕشەکە لە هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامانەوە سەریان هەڵداوە.. حکومەت مامەڵەی تایبەتیمان لەگەڵ بکات، چونکە هەنسک و برینی هەڵەبجە ئەوەندە گەورەیە، بە چەند پرۆژەیەکی بچووک ئاوەدان ناکرێتەوە." 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی 30 ملیار دینار بۆ هەڵەبجە خەرج دەکات، ئازاد تۆفیق گوتی، "داوای 100 ملیارمان کردووە و 252 پرۆژەمان وەستاوە و سەدان گەنجمان بێکارن.. 30 ملیارەکە جێگەی رێزە، بەڵام خەمی هەڵەبجە بە 30 ملیار و 60 ملیار چارەسەر نابێت."
 
رۆژی 16ـی سێی ساڵی 1988 فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای عێراق بە بۆمبی کیمیایی هێرشیان کردە سەر شاری هەڵەبجە و بەو هۆیەوە زیاتر لە 5 هەزار کەس، لە دانیشتووانی شارەکە، بە پیر و گەنج، پیاو و ئافرەت و منداڵەوە گیانیان لەدەستدا. هەزاران دیکەش بریندار بوون، کە هەندێکیان تاوەکو ئێستا بەدەست برینەکانیان دەناڵێنن.
 
ساڵانی پێشوو لەمڕۆژەدا رێوڕەسم و یادکردنەوەی کیمیابارانی هەڵەبجە بەفراوانی لە سەرانسەری کوردستاندا بەڕێوەدەچوو، ئەمساڵ بەهۆی مەترسییەکانی کۆرۆناوە، یادکردنەوەەکە سنووردارە، بەڵام وەک باوە لە کاژێر 11:05 خولەکی پێشنیوەڕۆ، بەشێک لە خەڵکی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا، بەڕاوەستان رێز لە قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە دەگرن.
 
ئەمڕۆ بڕیارە بەشێک لە کۆنسوڵ و بەرپرسان بچنە هەڵەبجە و لەوێ لە یادی کیمیابارانی ئەو شارە ئامادەبن. ئازاد تۆفیق گوتی، دەرگەمان بۆ هەموو کەسێک کراوەیە. 
 
هەر رۆژی سێشەممە، پەرلەمانی کوردستان لە کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ، بەئامادەبوونی حەوت وەزیری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ باسکردنی کێشەکانی پارێزگای هەڵەبجە کۆدەبێتەوە.
 
لەبارەی گلەیی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، کە باس لەوە دەکەن، بەشێکیان مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە و بەشێکیشیان "پەراوێزخراون". ئازاد تۆفیق گوتی، ئەوە کۆمەڵێک رێکخراوی تایبەت هەیە جیای بکاتەوە، "ئێمە هەموو کارئاسانییەک دەکەین بۆ ئەوەی ئەو کەیسە بگاتە جێگەی خۆی."
 
نزار مەحموود، بەرپرسی مەکۆی گۆڕان لە هەڵەبجەش قسەی بۆ رووداو کرد، ئەو باسی لەوە کرد، خزمەتگوزارییەکان لە هەڵەبجە وەکو پێویست نین، گوتی "ئەوەی بۆی کراوە لە ئاست خواستەکانی خەڵکی شارەکەدا نین. پێویستە هەڵەبجە بکرێتە پارێزگایەکی نموونەیی.. داوا دەکەین ئەم شارە لە رووی ئیداری و خزمەتگوزارییەوە بکرێتە نموونەیی."
 
دوای حەوت ساڵ لە بەپارێزگاکردنی، هێشتا هەڵەبجە ئەنجوومەنی پارێزگای نییە. تەنیا پارێزگار و جێگرەکەی دانراون. نزار مەحموود گوتی، "بەهۆی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتییەوەیە."
 
هاونیشتمانییەک و کەسوکارێکی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجەش گوتی، "داواکارین حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقیش لە ئاستی داواکارییەکانی خەڵکی هەڵەبجەدا بن."

 

زیاتر بخوێنەوە