سەفین دزەیی: مەزڵووم عەبدی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەوڵێک بۆ یەکدەنگیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان هەیە و بۆ ئەوەش بڕیارە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16-01-2025، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆنسووڵ و نێردەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی کرد. هەروەها لەبارەی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستانیشەوە قسەی کرد. 
 
"بڕیارە مەزڵووم عەبدی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات"
 
سەفین دزەیی لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا باسی لە دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان کرد و گوتی: "مەبەستمانە ئاسایش بۆ گەشت خەڵکی سووریا و کورد لە رۆژئاوای کوردستان بگەڕێتەوە. هەوڵێک لە ئارادایە ئەو گوشارەی لەسەر ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان هەیە کەمتر بێتەوە و بتواندرێت بە کۆدەنگی هەموو لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان دانوستاندن لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە دیمەشق بکەن، ئەویش بە ئامانجی مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی باش بۆ کورد".
 
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "بۆ یەکدەنگیی کورد لە سووریا، لە رابردوو لەژێر چاودێریی جەنابی سەرۆک بارزانی سێ کۆنفرانس لەگەڵ لایەنەکان کراوە، بەداخەوە لە رابردوو لایەنێک پێیەوە پابەند نەبوو، بەڵام ئێستاش ئومێد هەیە دانووستانەکان بەردەوامبن بۆ ئەوەی کورد یەکدەنگ بێت".
 
سەفین دزەیی بێ ئەوەی کاتەکە دیاری بکات گوتی، "بڕیارە" مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
 
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ نێردە دیپلۆماسییەکان گوتی: "کۆبوونەوەی شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان و نێردە دیپلۆماسییەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن بوو لەبارەی ئەو بابەتانەی ئەم دواییە روویانداوە، بەتایبەت کە دەبیستین هەندێک لێدوانی نابەجێ دەدرێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکرێت بەوەی پابەندی رێککەوتنەکانی هەولێر و بەغدا نەبوون".
 
سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەدا "لە کۆبوونەوەکەدا شیکردنەوەی تەواو لەلایەن وەزیرانی پەیوەنیدارەوە پێشکێشی نێردە دیپلۆماسییەکان کرا و خواستی هەرێمی کوردستانیان خستەڕوو، کە هەموو کات ئامادەیە بۆ گفتوگۆ.
 
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بەغدای بە پابەندنەبوون بە رێککەوتنەکان تۆمەتبار کرد و گوتی: "ئەو بابەتانەی پێشتر گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە جێبەجێ نەکراون. بابەتی مووچە بووەتە یەکێک لەو بابەتانەی کە وەکو کارتێکی سیاسی بەرامبەر مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێندرێت، لەکاتێکدا دادگەی عێراقی خۆی بڕیاری داوە کە نابێت ئەو بابەتە بکرێتە سیاسی".
 
سەفین دزەیی گوتی، نێردە دیپلۆماسییەکان لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن و بە گرنگیان زانیوە، لە نزیکەوە روونکردنەوە و هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بۆ بخەنەڕوو.
 
شاندەکەی هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ نێردەی وڵاتان کۆبوونەوە، پێکهاتبوون لە سەفین دزەیی، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری؛ کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە.
 
"راگرتنی هەناردەی نەوت 23 ملیار دۆلار زیانی بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە"
 
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هەوڵەکان بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "لە 25-03-2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە و لەوکاتەوە هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دەستیان پێکردووە و بەردەوامن".
 
سەفین دزەیی دەڵێت: "سوودی ئەو سکاڵایە دوو ملیار دۆلار بووە، بەڵام راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 23 ملیار دۆلار زیانی بە هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە، ئەقڵ ئەوە قبوڵ ناکات بۆ دوو ملیار دۆلار هێندە زیان لە خۆت بدەیت".
 
بە گوتەی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا لە هەوڵدان لەگەڵ بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت. گوتیشی: "بۆ هەناردەکردنەوە هیچ گرفتێکی تەکنیکی و یاسایی نەماوە".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی.

زانیاری لەبارەی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لەسەر پێکهێنانی حکومەت

هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، دوێنێ چوارشەممە، مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەتەوە.