رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە یەکەم کاردانەوەیدا بۆ هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر هەولێر رایگەیاند، "ئەو هەنگاوە سەربازییەی ئێران دژی تیرۆریستەکان، بەرگرییەکی بەهێز بووە لە ئاسایشی وڵاتەکەمان".
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 16-1-2024 بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، "ئەو هەنگاوە سەربازییەی ئێران بۆ بەرگریی بەهێز بووە لە دەسەڵات و ئاسایشی وڵاتەکەمان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. ئەوەی کراوە بەشێکە لە سزادانە دادپەروەرانەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر دەستدرێژیکارانی ئاسایشی وڵات".
ناسر کەنعانی دەشڵێت، "ئێران بەردەوام پشتیوانی ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیە و رێز لە سەرەوەری خاکی هەموو وڵاتان دەگرێت، بەڵام دوو دڵیش نییە لە سوودوەرگرتن لە مافی یاسایی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرچاوەکانی هەڕەشەی سەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵات و بەرگری لە ئاسایشی دانیشتووانی و سزادانی تاوانکاران".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەشڵێت، "دووژمن بە لێکدانەوەی هەڵەی خۆی، دەستی بە تاوانکردن بەرامبەر گەلی ئێران و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کردووە و کۆماری ئیسلامیش بەو توانا باڵایەی بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری هەیەتی، لە ئۆپەراسیۆنێکی ورد و ئامانجداردا بنکەکانی تاوانکارانی دەستنیشان کرد و بە بەکارهێنانی مووشەکی دوورمەودا کردنیە ئامانج و ئەمەش بەشێک لە وەڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ ئەوانەی دژی ئاسایشی نیشتمانی و دانیشتووانی ئەم وڵاتە هەنگاو دەنێن".
شەوى رابردوو ئێران بە 10 مووشەک هێرشی کردە سەر هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کە نیوەیان بەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری هەولێر کەوتن، بەهۆیەوە پێشڕەو و کچێکی کە هێشتا تەمەنی نەبووەتە یەک ساڵ گیانیان لەدەستدا. هاوڕێیەکی ئەو سەرمایەدارەش بەناوی کەرەم میخائیل، خاوەنی کۆمپانیای ئەلڕەیان بۆ هاوردەکردنی ئامێری کارەبایی لە عێراق، گیانی لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ