رووداو دیجیتاڵ
پشکی کورد لە پۆستە ئیدارییەکانی کەرکووک، رۆژ لەدوای رۆژ کەم دەبێتەوە و بەشێک لە پۆستەکانیان دەدرێنە نەتەوەی عەرەب. بەگوێرەی ئامارێک، تەنیا لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی کەرکووک، لە کۆی 19 پۆستی ئیداری، عەرەب 14 پۆستیان بەدەستەوەیە.
گۆڕانکاری لە پۆستە ئیدارییەکانی کەرکووک بەردەوامە و زۆربەی گۆڕانکارییەکان لە بەرژەوەندیی نەتەوەی عەرەبدا بوون.
رەسووڵ رەئووف، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، بە رووداوی راگەیاند: "ئەگەر بەراوردێک بکەین، لەنێو پۆستەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی کەرکووک لە کۆی 19 پۆست، 14 پۆست لای عەرەبە، دوو پۆست لای کوردە و سێ پۆستیش لای تورکمانە. پلانێک بۆ کۆنترۆڵکردنی دامودەزگاکانی کەرکووک لەلایەن نەتەوەی بەرامبەرەوە هەیە. لە سەرۆکایەتیی زانکۆی کەرکووک، 80%ی پۆستەکان دراون بە عەرەب، بەتایبەتی عەرەبی سوننەی سنووری حەویجە."
لە کەرتی خوێندنی باڵاشدا، کورد 27% و تورکمان 26%ی پۆستەکانی زانکۆی کەرکووکیان بەدەستەوەیە، لە کاتێکدا بە تەنیا عەرەب 47%ی پۆستەکانی ئەو زانکۆیەیان وەرگرتووە. لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکەش دۆخەکە لەمە باشتر نییە.
حەسەن مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە رووداوی گوت: "لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، رێژەی کورد ئەوەندە کەمە کە ناکرێت باس بکرێت. کاتێک گۆڕانکارییەک دەکرێت و دەپرسین بۆچی ئەم بەڕێوەبەرە گۆڕدرا، دەڵێن ئەمە لە رێککەوتنی هۆتێل رەشیددا هەیە. ئێمە ئەو رێککەوتنەمان نەبینیوە و نازانین ئەم ئیدارەیە چۆن پێکهێنراوە، ئەمەش کێشەی بۆ دروستکردووین."
بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق دەڵێن، زۆربەی ئەو پۆستانەی لە کورد وەرگیراون و دراون بە عەرەب، بەبێ ئاگاداریی ئەنجوومەنی پارێزگا و راستەوخۆ لە بەغداوە گۆڕانکارییەکان کراون.
دیلان غەفوور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: "هاوسەنگی لە دامەزراندن و وەرگرتنی پۆستەکان لە کەرکووک نییە. ئێمە چەندین جار لیژنەی تایبەتمان بۆ ئەم مەبەستە پێکهێناوە و گوشاری زۆرمان لە حکومەت کردووە بۆ ئەوەی دامەزراندن و دابەشکردنی پۆستەکان بە هاوسەنگی بێت."
پێش رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، کورد لە کەرکووک 17 پۆستی باڵای بەدەستەوە بوو، بەڵام ئێستا تەنیا پۆستی قایمقامی کەرکووک، بەڕێوەبەری شارەوانی، دەستەی وەبەرهێنان و بەڕێوەبەری دابەشکردنی سووتەمەنیی بەدەستەوە ماوە.


