رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو هەولێر بە 10 مووشەک لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بە ئامانج گیرا، لەوانە پێنج مووشەکیان بەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری هەولێر کەوت، بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا، یەکێک لەو کەسانە کەرەم میخائیل، بازرگان بوو.
فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە، 16-01-2024، رایگەیاند، لە هێرشە مووشەکییەکەدا بازرگانێکی کریستیانی عێراقی - بەریتانی بە ناوی کەرەم میخائیل، کە هاوڕێی پێشڕەو دزەیی بووە و لەکاتی هێرشەکەدا لەگەڵیدا بووە، گیانی لەدەستداوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کەرەم میخائیل، لەدایکبووی ساڵی 1981ـە، خاوەنی کۆمپانیای ئەلڕەیان لە عێراق، بۆ هاوردەکردنی ئامێری کارەبایی.
بازرگانەکە دانیشتووی ئیمارات بوو، لە بەریتانیا لەدایکبووە، یەکێک بوو لە خاوەن پشکەکانی کۆمپانیای سامسۆنگ، هەروەها لە دوبەی کاری خانووبەرەی دەکرد.
کەرەم میخائیل، خێزاندارە و دوو ساڵ وەک بەڵێندەر لە پرۆژەی بولیڤارد کاریکردووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو، کاژێر 11:25 خولەکی شەوی دووشەممە یەکەم مووشەک تەقییەوە، هێرشەکان یەک ئامانجی دیاریکراویان نەبوو، لە رۆژهەڵاتی هەولێرەوە تاوەکو باکووری هەولێر لە چەند شوێنێک کەوتنە خوارەوە. مووشەکەکان لە دەوروبەری رێگەی پیرمام و ناوچەی خانزاد نزیک گوندی بڕا کەوتوونەتە خوارەوە و، لەسەر رێگەی پیرمامیش لەنێو باخەکان دەنگی کەوتنەخوارەوەی مووشەک بیستراوە.
مووشەکەکان بە دووری سەتان کیلۆمەتر بەسەر شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان تێپەڕین و لە هەولێر بە زەویدا کەوتن، هەرزوو سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆگرت و رایگەیاند، ئەو هێرشانە ژمارەیەک شوێنی کردووەتە ئامانج کە بە"بنکەی تیرۆریستی" و گرووپە دژبەرەکانی ئێران بووە.
چەند مووشەک ئاراستەی ماڵی پێشڕەو دزەیی کراون؟
سیداد لەشکری، پەیامنێری رووداو لە گوندی مەلا ئۆمەر لەسەر رێگەی هەولێر شەقڵاوە، گوتی "لە مەلا ئۆمەر، ماڵی پێشڕەو دزەیی، یەکێک لە بازرگانە دیارەکانی شاری هەولێر، بە پێنج مووشەک کراوەتە ئامانج."
پێشڕەو مەجید ئاغا دزەیی، سەرۆکی گرووپی فاڵکۆن بوو، کە لە هێرشەکەدا لەگەڵ کچە بچووکەکەی گیانیان لەدەستدا.
هەر لە هێرشەکەدا هانا جووتیار، پزیشکی ددان، کە هاوژینی پێشڕەوە، لەگەڵ رەوان پێشڕەو تەمەن 7 ساڵ و رۆژ پێشڕەو، تەمەنی لەنێوان 25 بۆ 27 ساڵە و هەر لەگەڵ باوکی کاری کردووە، بریندار بوون.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، ماڵی پێشڕەو دزەیی، بەردەوام قەرەباڵخ بووە و پاسەوان و کارمەندی دیکەی لێ بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمشەو خاوەن ماڵەکە لەنێو باخەکەدا بووە، پێشبینی دەکرێت خەڵکی زۆر لەوێ بووبن.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، دوێنێ ئێوارە ماڵی پێشڕەو دزەیی بەهۆی گەڕانەوەی کوڕ و کچەکانی کە لە ئەمریکا دەخوێنن، کۆبوونەوەیەکی خێزانییان هەبووە و کاژێر 11:22 خولەکی شەو ماڵەکەیان کرایە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ