نوێنەری جووتیارانی کەرکووک: رێککەوتنێک کرا ئەم وەرزە لە زەوییەکانمان کار بکەین

15-11-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان دەڵێت، رێککەوتنێکی سەرەتاییان کردووە کارکردن لە زەوییەکانیان دەستپێبکەنەوە و بۆ ئەوەش دوێنی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ نووسراوی فەرمی ئاراستەی پارێزگا کردووە.
 
08ـی ئەم مانگە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی چاندن، جارێکی دیکە کێشە بۆ جووتیارانی کورد لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک دروستبوو و هێزێکی سوپای عێراق بە جووتیارانی کوردی سنوورەکەیان گوت، نابێت زەوییەکانیان بکێڵن.
 
محەممەد ئەمین، سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی ناحیەی سەرگەڕان ئەمڕۆ هەینی 15-11-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای کۆبوونەوە لەگەڵ رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک بە ئامادەبوونی نوێنەرانی عەرەبی هاوردە، جگە لە سێ پارچە زەوی کە بڕیاری دادگەی لەسەرە، ئەم وەرزە دەتوانین کار لە زەوییەکانمان بکەین تاوەکو کێشەکە کۆتایی دێت".
 
سەرەتای ئەم مانگە عەرەبی هاوردە نووسراوێکی سوپایان بردبوو، کە گوایە خاوەنی زەوییەکان ئەوانن و رێگە نادەن جووتیارانی کورد کارەکانیان بکەن. محەممەد ئەمین دەڵێت: "جگە لەو سێ پارچە زەوییە کە نزیکەی هەزار و 500 دۆنمە و بڕیاری دادگەی لەسەرە، دەتوانین لە هەموو زەوییەکانی دیکەدا کار بکەین".
 
کێشەکە لە چوار گوندی سنوورەکە هەر ماوە، کە گوندەکانی پەلکانە، شەناغە، سەربەشاخ و گابەرەکەن.
 
سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان دەڵێت: "نووسراوی کشتوکاڵ پێویست بوو، دوێنێ نووسراوەکە کرا و رەوانەی پارێزگای کەرکووک کرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ پشووە، نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، چاوەڕێین تاوەکو دەوام دەستپێدەکاتەوە".
 
لە سەروبەندی کاتی دروێنەی دانەوێڵەدا، لە 26ی نیسانی ئەم ساڵ بە فەرمانی هێزێکی سوپای عێراق رێگە نەدرا جووتیارانی پێنج گوند لە ناحیەی سەرگەڕان دروێنە بکەن. دواتر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لە 15ی ئایاردا لیژنەیەکی باڵای پەرلەمانی عێراق چووە سنوورەکە و دروێنەکە کرا.
 
سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان دەڵێن ئەوان 28 ساڵ چاوەڕێیان کردووە تاوەکو دەسەڵاتی سەدام رووخاوە بچنەوە سەر زەوییەکانیان و ئێستاش 21 ساڵە ئەو دەسەڵاتە نەماوە، بەڵام ناتوانن بە ئازادانە زەوییەکانیان بکێڵن.
 
ئەو زەوییانەی لەو چوار گوندەدا عەرەبی هاوردە ئاستەنگی بۆ جووتیارەکانیان دروستکردووە، نزیکەی 40 هەزار دۆنمە.
 
زۆربەی گوندەکانی ناحیەی سەرگەڕان کوردنشینن، لە دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە سوپای عێراق و عەرەبی هاوردە چەندین جار کێشە و ئاستەنگیان بۆ کوردی ئەو ناوچەیە دروست کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە