بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە: ناونووسین بۆ حەجی ساڵی 2024 دەستیپێکرد

15-10-2023
محەممەد عامر
نوێژی موسڵمانان لە مەککەی پیرۆز. وێنە: ئەرشیڤ/AFP
نوێژی موسڵمانان لە مەککەی پیرۆز. وێنە: ئەرشیڤ/AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ ناونووسین بۆ فەریزەی حەجی ساڵی 2024 دەستپێدەکات. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، چوون بۆ حەج لە رێگەی نووسینگەکانەوە نایاساییە و دەبێت تەنیا لەڕێگەی وەزارەتی ئەوقافەوە بێت.
 
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە دڵدار هەرکی و رێبوار عەلی پێشکێشیان کرد، وردەکاریی پێشکێشکردنی داواکاریی بۆ حەجی ساڵی 2024 خستەڕوو.
 
بۆ ساڵی داهاتوو، 4685 کەس مافی چوون بۆ حەجیان لە هەرێمی کوردستانەوە هەیە. گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2023وە لە 12 شوێنی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان فۆرم دابەش دەکرێت و بڕی 25 هەزار دیناریش لە هەر کەسێک وەردەگیرێت کە ناوی خۆی تۆمار دەکات، بەبێ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە وەربگرێتەوە لە ئەگەری دەرنەچوونی ناوەکەی.
 
وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان، سەرجەم نووسینگەکانی حەج و عومرەی ئاگادارکردووەتەوە کە نابێت ڤیزەی یەک ساڵی سعودیە بدرێت بە هاونیشتمانیان، چونکە بە گوتەی کاروان ستوونی، بەشێکی هاونیشتمانییان ئەو ڤیزەیە بە نایاسایی بەکاردەهێنن و لەو رێگەیەوە حەج دەکەن، کە ئەوەش لە چوارچێوەی رێکارەکانی وەزارەت بۆ ئەنجامدانی حەج "شیاو نییە."
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی پلان و رێکارەکانی وەزارەتی ئەوقاف رێگەی دیکە بۆ حەج بەکاردەهێنن، دەڵێت، "چوون بە ڤیزەی یەک ساڵی و بەکارهێنانی وڵاتی سێیەم بۆ حەج مەترسیی هەیە. حکومەتی سعودیەش لەم بابەتە ئاگادارە. بزانرێت کەسێک ئەو رێگەیەی بۆ حەج بەکارهێناوە، بەگوێرەی یاسا بەرکارەکانی سعودیە، ئەو کەسە بە شەش مانگ بەندکردن سزا دەدرێت و دەبێت بڕی 15 هەزار دۆلاریش پێبژاردن بدات، جگە لەوەش مۆری سوور لە پاسپۆرتەکەی دەدرێت."
 
بڕی 4500 دۆلار لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە دیاریکراوە بۆ هەر کەسێک ناوی دەربچێت بۆ فەریزەی حەج. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە دەڵێت، "تێچووی حەج لە هەرێمی کوردستان، بەراورد بە وڵاتانی دەوروبەرمان زۆر هەرزانترە؛ هەروەها سێ ژەم نانخواردن و خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکێشی حاجیان دەکرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە