رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند، پارێزگاکە لەڕووی فەرمانگە و فەرمانبەرەوە کەموکوڕییەکی زۆری هەیە و 51 فەرمانگە لە پارێزگاکە هەن، کە زۆربەیان "ئیفلیج" بوون و بۆ بەگەڕخستنیان پێویستیان بە حەوت هەزار و 230 فەرمانبەری نوێیە.
کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دۆخی هەڵەبجە زۆر خراپترە لەوەی باسدەکرێت. حکومەت لە خراپیی میلاک، پرۆژه و خزمەتگوزارییەکان ئاگادارە، بەڵام بۆچی خەمساردە؟ ئەمە پرسیاری هاووڵاتییان و ئێمەی بەرپرسانی حکومەتیشە. پرۆژە بۆ پارێزگای دیکە دەردەچێت، بەڵام هەمان پرۆژە لە هەڵەبجە حەوت ساڵە فەرمانەکەی بۆ دەرچووە، ئێستا دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە و هێشتا میلاکیشی بۆ دابین نەکراوە."
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، بەهۆی کەموکوڕییەکانی پارێزگاکەوە گلەیی لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ئەنجوومەنی دادوەرییش دەکات و دەڵێت، "تەنانەت پێویستە چەند دادگەیەک لەسەر ئاستی پارێزگای هەڵەبجە بکرێنەوە، بەڵام خەمساردن لەئاست داواکارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە."
حەوت ساڵ و سێ مانگە هەڵەبجە بووەتە پارێزگا، بەڵام تائێستا وەکو کاوە عەلی دەڵێت، "نە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نە سەرۆکوەزیران سەردانیان نەکردووە و لە نزیکەوە گرفتەکانیان نەبینیوە، لەگەڵ ئەوەی گرفتەکان دەچنە بەردەستیان، بەڵێنیشیان داوە، بەڵام تائێستا [بەڵێنەکان] جێبەجێ نەکراوە."
تائێستا 37 دامودەزگا و بەڕێوەبەرایەتیی حکومی لە هەڵەبجە نەکراونەتەوە، لە کاتێکدا بۆ هەر پارێزگایەک پێویستە هەبن. جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، لەو ژمارەیە هەندێکیان چوار ساڵە فەرمانی کردنەوەیان بۆ دەرچووە، لەوانەش بەڕێوەبەرایەتیی گومرگ کە لە کابینەکانی هەشت و نۆ فەرمانی بۆ دەرچووە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە. سێ رۆژیشە فەرمانی کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە دەرچووە.
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە داوا دەکات، لانیکەم با ئەو فەرمانانەی بۆ ئیدارە سەربەخۆکانی جێبەجێ دەکەن، بۆ پارێزگای هەڵەبجەشی بکەن، دواتر کارەکان خۆیان دەچنە پێشەوە، بەداخەوە تەنانەت وەکو ئیدارەیەکی سەربەخۆش سەیری هەڵەبجە ناکرێت، "هەڵەبجە پێویستی بە نزیکەی 90 فەرمانگە، 13 بەڕێوەبەرایەتیی گشتی، 13 فەرمانگەی حکومەتی فیدراڵیی سەر بە وەزارەتەکانی بازرگانی و داراییە، ئەوانی دیکەش بەڕێوەبەرایەتین لەسەر ئاستی پارێزگا، ئەو فەرمانگانەش ئێستا هەن، تەنیا ناویان گۆڕاوە و میلاکیان بۆ دیارینەکراوە، کاتێک هەڵەبجە قەزا بوو، میلاکەکە چەند بوو، هیچی بۆ زیادنەکراوە و تەنانەت شوێنی ئەوانەشی خانەنشین بوون پڕنەکراونەتەوە."
لە پارێزگای هەڵەبجە 51 فەرمانگە هەن، وەکو جێگری پارێزگار دەڵێت، زۆربەیان ئیفلیج بوون، ئەمانەش حکومەتی هەرێمی کوردستان لێی ئاگادارە، لەبەرئەوەی هیچ داهاتێک نایەتە بانکەکانی پارێزگای هەڵەبجە، ئەگەر پێویستیان بە بڕە پارەیەک بێت بۆ پرۆژەیەک، دەبێت رەزامەندی لە بانکی گشتیی هەرێم وەربگرن بۆئەوەی پارە بۆ بانکەکانی هەڵەبجە بنێرێت.
پارێزگای هەڵەبجە، لە کەرتی تەندروستی پێویستی بە 800 کارمەندە، فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرت، لە سلێمانییەوە دەچن بۆ هەڵەبجە، زۆربەی فەرمانگەکانیش بێ پاسەوانن. کاوە عەلی دەڵێت، "بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتانە، پێویستمان بە دامەزراندنی 7,230 فەرمانبەری نوێیە بۆ 51 فەرمانگە."



