لە ئاگری دارستانەکانی باڵەکایەتی نزیکەی 10 گوللە هاوەن و مین تەقینەوە

15-08-2023
هێمن عەساف
نیشانەکردن ئاگر باڵەکایەتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاگر لە پووش و پاوان و دارستانەکانی ناوچەی باڵەکایەتیی کەوتەوە و ماوەی 16 کاژێر بەردەوام بوو، تاوەکو کۆنترۆڵ کرا جگە لە سووتاندنی رووبەرێکی فراوانی ناوچەکە، ئاگرەکە بووە هۆی تەقینەوەی نزیکەی 10 گوللـە هاوەن و مین.
 
ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بووڵتەنی کاژێر 13:00 گوتی لە چوار شوێنی ناوچەی باڵەکایەتی لە کاژێر 12:00ـی نیوە شەوی رابردووەوە (14/15ـی 8ـی 2023) ئاگر لە پووش و پاوان و دارستانەکانی ناوچەی گەڵاڵە، چیای سپی، چیای رەش لە سنووری قەزای چۆمان لە ناوچەی باڵەکایەتی کەوتووەتەوە. 

 

 
ئەندام جەبار ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، سەرباری هەوڵی بەردەوامی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی ناوچەکانی گەڵاڵە، چۆمان، قەسرێ، سمێلان و حاجی ئۆمەران بە هاوئاهەنگی خەڵکی ناوچەکە و هێزی پێشمەرگەی سیدان و لیوای یەکی هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، بەڵام نەتوانرا بەخێرایی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.
 
سەرباز ئەحمەد، موختاری شارەدێی گەڵاڵە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئاگرەکەوە، تاوەکو کۆنترۆڵکردنی کە ماوەی 16 کاژێری خایاند، نزیکەی 10 گوللـە هاوەن و مین تەقینەوە؛ کە لە سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران لە ناوچەکە چێنرابوون."
 

پەیامنێری رووداو باسی لەوە کرد، تەنیا لە ماوەی نیو کاژێردا، "پێنج مین تەقینەوە."
 
خێرایی با هۆکارێکی دیکەی خێرا تەشەنەکردنی ئاگرەکە بوو، ئەندام جەبار دەڵێ "سەرەتا ئاگرەکە لە چیای سپی سەریهەڵداوە، تەواوی دار و درەخت و پووش و پاوانەکانی سووتاندووە، بەیانیی ئەمڕۆش گەیشتە چیای رەش، پاشان بە ئاراستەی ناوچەی دکنۆس تەشەنەی کرد، کە نزیکە لە یەکە نیشتەجێبووەکانی هاونیشتمانییان و باخ و کێڵگە و نزیکەی 50 خانووی لێیە." 
 

مەزندە دەکرێت زیاتر لە پێنج هەزار دۆنم زەویی پووش و پاوان و دارستان بەهۆی ئاگرەکەوە سووتابن. بەشێکی ئەو دارانەی سووتاون، قەزوان و گوێزن کە تەمەنیان لانیکەم لە 20 ساڵەوە دەستپێدەکات و دەگاتە 100 ساڵیش. هەروەها ئاژەڵە کێوییەکانیش زیانیان پێگەیشتووە.  
 
ئەو رووداوی ئاگرکەوتنەوەیە دەبێتە دەیەمین ئاگرکەوتنەوە لە ماوەی مانگێکدا لە ناوچەکە.

 

ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو لە بوڵتەنی کاژێر 13:00 زانیاری لەبارەی ئاگرەکە دەخاتەڕوو

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە