برای ئەو ژنە پارێزەرەی هەولێر کە تۆمەتبارە بە بردنی 1.5 ملیۆن دۆلاری خەڵک: تائێستا 140 هەزار دۆلارمان داوەتەوە

15-06-2023
عەدنان رەشید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ژنە پارێزەرێک بە بردنی زیاتر لە ملیۆنێک دۆلاری خەڵک تۆمەتبار کراوە و دیارنەماوە. بەشێک لەوانەی پارەیان لای پارێزەرەکەیە دەڵێن، لەلایەن پارێزەرەکەوە بەڵگەنامەی ساختەیان پێدراوە بۆ پێدانی زەوی لە کەرتی 5ی گەزنە لە سنووری عەنکاوە. تاپۆی عەنکاوە دەڵێت، کەرتی 5ی گەزنە هەر نییە. سەندیکای پارێزەرانی کوردستانیش لە ناسنامەی پارێزەرایەتی تۆمەتبارەکە دەکۆڵێتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 14-06-2023 ئارام عوسمان، یەکێک لەوانەی کە دەگوترێت لەلایەن پارێزەرەکەوە فێڵی لێکراوە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی، "پارێزەرەکەمان لە رێگەی مامەڵەیەکی تاپۆکردنی زەوی لە گەڕەکی گەرەسۆر ناسی، دوای ماوەیەک گوتی: زەوییەکی زۆر هەیە دابەشدەکرێت، پارەم بدەنێ زەویی 200 مەتریتان لە گەزنە بۆ وەردەگرم، ئێمە لە فەرمانگەی تاپۆین و بۆتان وەردەگرین."
 
وەکو ئارام عوسمان باسیدەکات، 'بەم فێڵە' پارەی لە هاونیشتمانییان وەرگرتووە و هەر کەسێک پارەی پێداوە، لەگەڵ خۆی بردووە بۆ فەرمانگەی تاپۆی عەنکاوە و لەبەردەم تاپۆی عەنکاوە ئەو کەسانەی راگرتووە و خۆی بە تەنیا چووەتە ژوورەوە و هاتووەتە دەرەوە و پێی راگەیاندوون، مامەڵەکە تەواو بووە.
 
وەکو ئەوانەی پارەیان داوەتە پارێزەرەکە باسی دەکەن، کارەکە لە 2021 ئاشکرا بووە و بەشێکیان داوای پارەیان لێکردووەتەوە.
 
پارێزەرەکە بەڵگەنامەیەکی داوەتە کەسەکان گوایە تاپۆی زەوییە لە کەرتی 5ی گەزنە، رووداو بەڵگەنامەکانی بۆ فەرمانگەی تاپۆی عەنکاوە نارد و رایانگەیاند، "کەرتی 5ی گەزنە هەر بوونی نییە، بەڵگەنامەکانیش 100% ساختەن، ئەو نووسراوانەش لای ئێمە دەرنەچوون."
 
برای ئەو پارێزەرەی کە تۆمەتبار دەکرێت بە بردنی زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار، لە بەرنامەی بەرپرسیار، گوتی، "لە 2020 بە کێشەکەمان زانی، خوشکەکەم قوربانییە و خەڵکێکی دیکەش هەن قوربانین."
 
برای پارێزەرەکە رەتیدەکاتەوە پارەکە یەک ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بێت و گوتی، "15 بۆ 20 کەس هاتوونەتە بەر دەرگامان و داوای پارەیان کردووەتەوە. تاوەکو ئێستا 140 هەزار دۆلارمان داوەتەوە. قەرزەکان بە خزمەکانیشتەوە ناگاتە 200 هەزار دۆلار، ئێستا خوشکەکەشم نازانین لە کوێیە. بە هەموو ئەو کەسانەشمان گوتووە بڕۆن سکاڵا بکەن."
 
ئارام گەردی، گوتەبێژی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتی، "دڵنیا نین ئەو کەسە پارێزەر بێت یان نا. هەر کەسێک دوای دوو ساڵ ناسنامەی نوێ نەکاتەوە، پارێزەر نامێنێت."
 
سەبارەت بە سزای تاوانی ساختەکردن، وەکو گوتەبێژی سەندیکای پارێزەران دەڵێت، ئەگەر تۆمەتەکەی لەسەر ساخ ببێتەوە، ئەوا بە 15 ساڵ بەندکردن سزا دەدرێت. گوتیشی، "بەدواداچوون دەکەین ئایا ئەو کەسە پارێزەرە یان نا."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی بە تەلەفۆن لە هەواڵی ئەکرەم ساڵحی پرسی

نێچیرڤان بارزانی: بەدواداچوون بۆ کەیسی هەوڵی تیرۆرکردنی ئەکرەم ساڵح بکرێت

نێچيرڤان بارزانى له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا، هه‌واڵى ئه‌كره‌م ساڵحى پرسى، كه‌ دوێنێ له‌به‌رده‌م ماڵى خۆيدا له‌ كه‌لار له‌ هه‌وڵێكى تيرۆركردن به‌ ته‌قاندنه‌وه‌ى ئۆتۆمبيله‌كه‌ى، رزگار بوو.