رووداو - سلێمانی
لە خانەی بەساڵاچووانی سلێمانی بەشێک لە بەساڵاچووان لەلایەن منداڵ و نەوەکانیانەوە تووندوتیژیان بەرامبەر کراوە و لێیان دراوە، لە ماڵەکانی خۆیان دەرکراون و ئێستا لەخانەکانی بەساڵاچوان دەژین. بەڕێوەبەری خانەکە دەڵێت، هەندێک جار بە تاکسی دەیانهێنن و لە بەردەگاکەدا فڕێدەدرێن.
مامۆستا جومعە، بەساڵاچووە و دەڵێت، "باوک و دایک بۆ گەورەبوونی منداڵەکانیان زۆر ماندوو بوون. ئەم منداڵە دوێنێ منداڵ بوو، ئێستا کە بوویتەتە گەنج، نابێت خۆت بەسەر دایک و باوکتەوە بکەیەتە شەقاوە".
زیاتر لە 65 بەساڵاچووی ژن و پیاو کە نیوەیان تەندروستییان تەواو باش نییە، لە سلێمانی لەو خانەیە دەژین، بەشێکیان بەهۆی ئەوەی منداڵەکانیان تووندوتیژییان بەرامبەر کردوون و دەریانکردوون.
بەناز محەممەد، بەڕێوەبەری خانەی بەساڵاچووانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چەند کەسێکمان هەیە کە بەهۆی تووندوتیژییەوە لێرەن. یان هەیانە خۆیان پیر بوون و بەرگەی ماڵەوەیان نەگرتووە و خۆیان هاتوونەتە ئێرە. بەشێکیان کەسوکاریان بە تەکسی دەیانهێنن لە بەردەرگاکەدا فڕێ دەدرێن و جاری واهەیە نازانین ناویان چییە".
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی پێیوایە لە چەند ساڵی داهاتوودا رێژەی تووندوتیژی بەرامبەر بەساڵاچووان زۆر زیاتر دەبێت.
عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی بە رووداوی گوت، "بەهۆی ئەو پەیوەستییە بەهێزەی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەیە، بەهۆی نەریتە باشەکانمان، بەهۆی هاندانە ئایینییەکانمانەوە ژمارەی ئەو کەسانەی پێویستیان بە ماڵی بەساڵاچووانە زۆر کەمە".
لە جیهاندا بەپێی بڕیاری 66/127ـی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 15ی حوزەیرانی هەموو ساڵێک کراوە بە رۆژی جیهانیی رووبەڕووبونەوەی تووندوتیژی بەرامبەر بە ساڵاچووان و بەپێی ئامارەکان ساڵانە لە جیهاندا 63%ـی بەساڵاچووان تووندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت.


