رووداو دیجیتاڵ
سێ رۆژ پێش ئێستا لە تورکیا هێرشکرایە سەر خێزانێکی کورد، کۆنسوڵی وڵاتەکەش لەبارەی هۆکاری رووداوەکە دەڵێت، خێزانە کوردەکە بە ئۆتۆمبێل خۆیان کێشاوە بە ئۆتۆمبێلێکدا و دواتر بووەتە دەمەقاڵێ و لە ئەنجامی تووندبوونی دەمەقاڵێکە شەڕ دروستبووە.
لە شارۆچکەی ئانامووری سەر بە پارێزگای مێرسین هێرشکرایەسەر خێزانێکی کوردی خەڵکی هەولێر، رووداوەکە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، چونکە وا لێکدرایەوە کە بەهۆی "نەتەوەپەرستییەوە بووە"، بەڵام هاکان کاراچای، کۆنسوڵی تورکیا لە هەولێر لەبارەی هۆکاری رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رووداوێکی تاکەکەسییە و لە تۆرەکۆمەڵایەتییەکان و دەزگاکانی راگەیاندن، بە شێوەیەکی بێبنەما و جگە لە مەبەستەکەی خۆی نیشاندراوە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کۆنسوڵی تورکیا رایگەیاند، "بەداخەوە دەبینین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زانیاریی بێبنەما بڵاوکرانەوە، هەروەها لەلایەن چەند لایەنی جیاواز چەندین بانگەشەی نادروست و بێبنەمای جیاواز بڵاوکرانەوە".
دوای رووداوەکە دامەزراوەکانی ئاسایش و دادی تورکیا لێکۆڵینەوەیان لەبارەی هۆکاری شەڕەکە کرد، کۆنسوڵی تورکیا لەبارەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەڵێت، ئەو 3 کەسەی هێرشیان کردووەتە سەر خێزانە کوردەکە دەستبەسەرکران، قۆناخی یاسایی و دادگە بەردەوامە.
تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاوسنوورە، بەو پێیەش ساڵانە رێژەیەکی زۆری گەشتیار لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە لە رێگەی ئەو سنوورانەوە سەردانی تورکیا دەکەن، لەبارەی سەردانی هاونیشتمانیان و هاووڵاتیانی عێراق بۆ تورکیا، هاکان کاراچای دەڵێت، "ساڵانە بە سەتان هەزار هاووڵاتیی عێراقی سەردانی تورکیا دەکەن. بەشێک لەو هاووڵاتییانە بەمەبەستی گەشتیاری سەردانی تورکیا دەکەن، بەشێكی دیکەیان بەمەبەستی خوێندن، بۆ دابینکردنی خوێندن و داهاتوویەکی باشتر سەردانی تورکیا دەکەن، بەشێکی دیکەش بەهۆی نەخۆشی و وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی سەردانی تورکیا دەکەن".
هەروەها هاکان کاراچای دەشڵێت، "پێشوازی دەکەین لە گەشتکردن و سەردانی هاووڵاتییانی عێراق بۆ تورکیا و بە سوپاسەوە پێشوازییان لێ دەکەین".
پێشتر سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئێمە بە تووندی رووداوەکە شەرمەزار دەکەین". هەروەها لەبارەی ئەوەی کە رووداوەکە بەهۆی نەتەوەپەرستییەوە بووە، سەفین دزەیی گوتی، ناتوانن پێش بڕیاری دادگەی وڵاتەکە بکەون.
دوێنێ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دوای ئەوەی داوای کرد کە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکرێت و هێرشکارەکان رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە رایگەیاند؛ کۆنسوڵی تورکیا بە فەرمی پەیوەندیی پێوەکردوون و رایگەیاندووە کە سێ کەس بە تۆمەتی ھێرشکردنە سەر خێزانە کوردەکە دەستگیرکراون.
ئەو خێزانە کوردە کە بۆ گەشت لە تورکیا بوون، كاژێر 16:00ی رۆژی پێنجشەممە 13-5-2021 کاتێک لە ئاداناوە بەرەو ئەنتاڵیا بەڕێکەوتبوون لەسەر رێگای سەرەكیی شارۆچكەی ڤیراژلار لە پارێزگای مێرسین، لەلایەن چوار تورکەوە رێگرییان لێکرا و دوای سوكایەتیكردن و جنێودان بەكورد، خێزانە كوردەكەیان بەردباران كرد و پیاوی خێزانەكە و كوڕێكی 12 ساڵیان بریندار کرد. دواتر باوكەكە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە رەوانەی نەخۆشخانە كرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ