رووداو دیجیتاڵ
منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵانی تووشبووی ئۆتیزم، لە کاتی گەڕانەوەی خێزانەکەی لە رۆژئاوای کوردستانەوە بۆ باشووری کوردستان، لە دەروازەی سنووریی سێمالکا ون بوو و هێزە ئەمنییەکانی هەردوولا بەدوایدا دەگەڕێن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، دایکێک بە ناوی گوڵستان عەلی لەگەڵ هەردوو منداڵەکەی (میرانی تەمەن 7 ساڵان و مێلای تەمەن 3 ساڵان)، بە مەبەستی گەڕانەوەیان بۆ شاری هەولێر چوونەتە دەروازەی سنووریی سێمالکا، بەڵام کاژێر 10:00ی بەیانی، میران کە تووشبووی ئۆتیزمە، لە نێو دەروازەکەدا لەبەرچاو ون دەبێت.
پاش دەستپێکردنی هەڵمەتی گەڕان، پێڵاوەکانی میران لە نزیک رووباری دیجلە دۆزراونەتەوە؛ بەهۆی ئەمەشەوە لە ئێستادا هێزەکانی ئاسایشی باشووری کوردستان و ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان لە دەوروبەر و سەر رووبارەکە بەدوای ئەو منداڵەدا دەگەڕێن.
خێزانی میران کە نیشتەجێی شاری هەولێرن و مانگێک لەمەوبەر بۆ سەردان چوونەتە رۆژئاوای کوردستان، تاوەکو ئێستا چاوەڕوانی دۆزینەوەی منداڵەکەیانن. خێزانەکەی پەیوەندییان بە تۆڕی میدیایی رووداو کردووە و داوا دەکەن هەر کەسێک زانیاریی لەسەر چارەنووسی میران هەیە، یان لە نێو دەروازەکەدا بینیویەتی، پەیوەندییان پێوە بکات بۆ ئەوەی لەم خەمە رزگاریان بێت.



