40٪ـی خاکی بە مین چێندراوی هەرێمی کوردستان پاکنەکراوەتەوە

15-04-2025
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
کارمەندێکی هەڵگرتنەوەی مین. وێنە: رووداو
کارمەندێکی هەڵگرتنەوەی مین. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

تائێستا 40٪ـی خاکی بە مین چێنراوی هەرێمی کوردستان پاکنەکراوەتەوە، دەزگای گشتیی کاروباری مین دەڵێت، کێشەیان زۆرە و داوا دەکەن پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێن. دەشڵێت، حکومەت 40 ئۆتۆمبێلی بۆ دەزگاکە بەکرێ گرتووە. 
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 15-4-2025، عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای گشتیی کاروباری مین، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، بە رووداوی راگەیاند: "هێشتا مینی چێندراو هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر هاووڵاتییانی کوردستان، ساڵانی رابردوو نزیکەی 14 هەزار کەس بەهۆی مینەوە گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون. هەروەها مین رێگریی کردووە لە پێشڤەچوونی کەرتی ئابووری و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان". 
 
رووداوەکانی مین و لەماوەی سێ مانگ و 15 رۆژی رابردوو زۆر زیاتربوون لە پار، بەگوێرەی ئەو ئامارەی دەست رووداو کەوتووە، بەهۆی رووداوەکانی تەقینەوەی مینی چێندراو لە چیا و ناوچە کوێستیانییەکانی هەرێمی کوردستان، حەوت کەس بوونەتە قوربانی، چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ کەس بریندار بوون، کە هەموویان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانن، بەڵام پار تەنیا یەک کەس بریندار بووە. 
 
بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەولێر، کە وێنەیەکی بۆ رۆژی هیوا جەمال نێردراوە، تەنیا پار، بەڕێوبەرێتی گشتی مین لە پارێزگەی هەولێر نزیکەی 15 هەزار مین و تەقەمەنی هەڵگرتووەتەوە، هاوکات نزیکەی یەک ملیۆن مەتر دووجا زەوی لە مین پاککراوەتەوە.
 
عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای کاروباری مینی هەولێر گوتی: "60٪ـی خاکی بە مین چێنراوی هەرێمی کوردستان پاککراوەتەوە و 40٪ـی ماوە پاک بکرێتەوە، ئەوەی ماوە نزیکەی 250 ملیۆن مەتر دووجا دەبێت، لەو رووبەرە 47٪ـی دەکەوێتە سنووری پارێزگەی هەولێر، لە دەڤەری سیدەکان و باڵەکایەتی". 
 
ئەو بەرپرسەی دەزگای گشتیی کاروباری مین نایشارێتەوە کە پرۆسەی پاکسازیی زەوییە بە مین چێنراوەکان بە خاوی بەڕێوەدەچێت، ئەویش بەهۆی کەمیی تیمەکان و نەبوونی سەرچاوەی مرۆیی و پێداویستییەوە.
 
عەلی عەبدولڕەحمان گوتی: "کەموکوریمان زۆرە، لەرووی سەرچاوەی مرۆیییەوە لە هەولێر 9 تیمی مینلابەریی دەستیمان هەیە، پێویستیمان بە تیمی زیاترە، جگە لەوەش پێداویستیی سەرەکیمان نەبوونی ئۆتۆمبێلە، ئەوانەی ئێستا بەکاریاندەهێنین، ئۆتۆمبێلی میرین، هەموویان هی ئەو رێکخراوانە بوون کە پێشتر لە هەرێمی کوردستان کاریان کردووە و زۆربەیان 25 تاوەکو 30 ساڵ تەمەنیانە، خودی ئۆتۆمبێلەکان بوونەتە کێشە بۆ تیمەکانمان، کە هیچ مەرجێکی سەلامەتییان تێدا نییە، داوامان کردووە ئۆتۆمبێلی زیاترمان بۆ دابین بکرێت".
 
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی ئۆتۆمبێلی دەزگای گشتیی کاروباری مین، حکومەت پار 48 ئۆتۆمبێلی بۆ دەزگای گشتیی کاروباری مین بە کرێ گرتووە، لەوانە 12 ئۆتۆمبێلیان دراونەتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەولێر. عەلی عەبدولڕەحمان دەڵێت: "ئەگەر بە کرێگرتنەکەش بەردەوام بێت، هەر باشە، چونکە ئێمە مەبەستمانە لە هەڵگرتنەوەی مینەکان بەردەوام بین."
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک لە سنووری سلێمانی سەری 7 قوتابی دەتاشێت

لە قوتابخانەی رازیی سنووری قەزای بازیان، بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک سەری 7 قوتابیی تاشیوە. مامی یەکێک لە قوتابییەکان دەڵێت: "ئەتککراون". بەڕێوەبەری قوتابخانەکەش بە رووداوی گوت، "ئەو قوتابییانە دەست کورت بوون، من وەکو خێرێک سەرم چاککردن."