رووداو دیجیتاڵ
بژمێرەکانی سەرژمێریی گشتی لە هەرێمی کوردستان گردبوونەوە و رایانگەیاند، حکومەتی عێراق پارەی یەک مانگی بۆ خەرج کردوون، ئەوە لە کاتێکدایە گرێبەستی دوو مانگ کارکردنیان هەبووە. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆسەکەش دەڵێت: "ناوەکانیان نێردراوە بۆ بەغدا و رەزامەندی دراوە بە بڕە پارەیەک پاداشت بکرێنەوە".
دوێنێ لە شاری سلێمانی، کۆرش لەتیف، یەکێک لە نوێنەرانی بژمێرەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "چەندین جارە داوا بەرزدەکەینەوە و هیچ لایەنێک وەڵامی نەداوینەتەوە و هیچ بڕیارێکمان لەبارەوە نەدراوە کە گرێبەستی دوو مانگ کارکردنمان هەبووە، ئەوانیش مانگەکانی 11 و 12ـی ساڵی رابردوون، بەڵام تەنیا پارەی یەک مانگمان وەرگرتووە و مانگی دووەممان وەرنەگرتووە".
کۆرش لەتیف گوتی: "لە هەرێمی کوردستان دەڵێن حکومەتی عێراق پارەی یەک مانگی بۆ دابینکردوون و حکومەتی عێراقیش دەڵێت، ئێوە تەنیا یەک مانگ کارتان کردووە. لەکاتێکدا هەموو کەس دەزانێت بژمێرەکان تاوەکو 12:00ـی شەو لە کارکردندا بوون و سەردانی ماڵانیان دەکرد. لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق بژمێرەکان پارەی دوو مانگیان وەرگرتووە".
لە بەرامبەر داواکاری بژمێرەکاندا، مەحموود عوسمان، جێبەجێکاری سەرژمێریی گشتییەکەی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بژمێرەکانی هەرێمی کوردستان لە 14ـی مانگی 11 بۆ 14ـی مانگی 12 کاریان کرد، هاوکات دوو خولیان بینیوە. بۆ ئەو مانگەی کاریان کردووە و پاداشتی خولەکانیشیان وەرگرتووە".
مەحموود عوسمان دەڵێت: "بژمێرەکان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە 12ـی مانگی 10ـەوە کاریان کرد، واتە دوو مانگ لەکاردا بوون؛ بۆیە پارەی دوومانگیان وەرگرتووە. ئێمە مانگێک دواکەوتین و بژمێرەکان مانگێک کاریان کرد".
بژمێرەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، لەو مانگەدا رۆژانە نزیکەی 16 کاژێر کاریان کردووە. لە وەڵامی ئەواندا جێبەجێکاری سەرژمێریی گشتیی لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئێمە ئاگاداری ماندووبوونی بژمێرەکانین و بۆ ئەوان چوار جار شاندی وەزارەتی پلاندادانی هەرێمی کوردستان چوونەتە بەغدا و پێیان گوتوون، ئەوەی بژمێرەکانی عێراق بە دوو مانگ کردوویانە لە هەرێمی کوردستان بە ماندووبوونی زۆر بە یەک مانگ کراوە و پشتیوانیمان کردوون".
بەگوتەی مەحموود عوسمان، "حکومەتی عێراق رەزامەندی داوە بە بڕە پارەیەک تەواوی بژمێرەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پاداشت بکاتەوە".
جێبەجێکاری سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان گوتیشی: "ناوی بژمێرەکانی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەغدا کراوە، وردبینیشی تەواو بووە، بڕیاری پاداشتیشیان بۆ دراوە و تەنیا ئەوە ماوە وەزارەتی دارایی ئەو بانکە دیاری بکات کە پارەکە خەرج دەکات".
سەرژمێریی گشتیی بۆ سێ رۆژ و لە 20 بۆ 22ـی 11-2024 لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. نزیکەی 20 هەزار کەس لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیدا وەکو بژمێر لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان کاریان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ