وەزارەتی دادی عێراق بۆ رووداو: چاوەڕێی رێنمایین بۆ جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی زەوییەکان

دوێنێ کاژێر 09:19
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق دەڵێت، چاوەڕێی رێنمایی ئەنجوومەنی وەزیرانن بۆ جێبەجێکردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش و گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنەکانیان.
 
ئەمڕۆ شەممە، 15ی ئاداری 2025، ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیژنەی تایبەتمان بۆ جێبەجێکردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە و گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنەکانیان پێکهێناوە، بەڵام هێشتا دەستبەکارنەبوون، چونکە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە پێویستمان بە دەرکردنی رێنماییە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە تاوەکو لەماوەی 6 مانگدا یاساکە بە تەواوی جێبەجێ بکەین."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق دەڵێت: "تاوەکو ئەو رێنماییانە دەرنەکرێن و لەلایەن لیژنەکەمانەوە جێبەجێ نەکرێن، جووتیارانی کورد و عەرەب ناتوانن مامەڵە بەو زەوییانەوە بکەن."
 
ئەحمەد لعێبی گوتی: "راسپاردەیەک ئاراستەی سەرۆکی حکومەت کراوە بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری گشتیی بەشی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ سەرپەرشتیکردنی کارەکان لە دوای دەرچوونی رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسا دەرچووەکەی پەرلەمان، بۆئەوەی ئاسانکاری بکرێت لە مامەڵەکردنی جووتیاران بە زەوییەکانیانەوە."
 
هاوکات دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "لە کۆی 12 بڕیاری هەڵوەشاوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش، هەشتیان پەیوەندیدارن بە زەوییەکانی سنووری کەرکووکەوە و دەرکردنی بڕیارەکە ئاسانکاری زۆر دەکات و پێویستی بە پەلەکردن نییە."
 
دارا سێکانیانی گوتیشی: "داوا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کراوە بە زوویی رێنماییەکان دەربکات، بەڵام کاتی پێویستە، چونکە بۆ دەرکردنی رێنماییەکان دەبێت بگەڕێنەوە سەرجەم وەزارەتەکان تاوەکو رێنماییەکان هیچ کەموکوڕییەکیان نەبێت، چونکە بەشێکی ئەو زەوییانە رەنگە کرابن بە ناوی وەزارەتێک یانیش پڕۆژەی حکومییان لەسەر دروست کرابێت."
 
لەلایەن خۆیەوە، محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بە رووداوی راگەیاند: "دوای 2003 کە ئەو عەرەبە هاوردانە ناوچەکانی کەرکووکیان چۆڵ کرد، ئێمە چووینەوە سەر زەوییەکانی خۆمان، بەڵام دواتر گەڕانەوە و گوتیان گرێبەستی ئەو زەوییانە بە ناوی ئێمەوەیە و دەبێت بۆمان چۆڵ بکەن. گرێبەستەکانیش لە سەردەمی رژێمی بەعس ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە بۆی کردبوون."
 
محەممەد ئەمین دەڵێت: "دوای هاتنەوەی عەرەبەکان، زەوییەکانمان چۆڵ نەکردن؛ بۆیە ئەوان لە ساڵی 2019 لە دادگەی کەرکووک سکاڵایان تۆمارکرد و دادگەکەش لە ساڵی 2019ـەوە 11 بڕیاری لە بەرژەوەندی ئەوان دەرکردووە و کارکردنی جووتیارانی کوردی لەسەر ئەو زەوییانە راگرتووە."
 
لەبارەی زەوییە کێشە لەسەرەکانی ناوچەکانیان، نوێنەرەکەی جووتیارانی سەرگەڕان گوتی: "کۆی رووبەری ئەو زەوییانەی ناوچەی سەرگەڕان کە کێشەیان لەسەرە 910 دۆنم زەوییە کە دەکەونە سنووری گوندەکانی شەناغە، پەلکانە، سەربەشاخ و گابەرەکە. ئێستا نە ئێمە و نە عەرەبەکان ناتوانن ئەو زەوییانە بکێڵن و چاوەڕێی جێبەجێکردنی یاسا دەرچووەکەی پەرلەمانین."
 
رۆژی 21ى کانوونى دووەمى 2025، پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە و گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان لە پەرلەمانى عێراق دەنگى لەسەر درا.
 
سێ لە گرنگترین بڕیارە هەڵوەشاوەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی رژێمی پێشووی عێراق ئەمانەن:

 

- بڕیاری ژمارە 369ـی ساڵی 1975: ئەم بڕیارە سنوورەکانی دووبز، تۆپزاوە، بەشێک لە داقووق و لەیلان دەگرێتەوە؛ کۆی گشتی 123 هەزار دۆنم زەوییە.
 
- بڕیاری ژمارە 824ـی ساڵی 1976: ئەم بڕیارە زیاتر لە 9 گوندی ناوچەی داقووق دەگرێتەوە کە زەوییەکانی شێخەکانی تاڵەبانین و نزیکەی 38 هەزار دۆنم زەویین.
 
- بڕیاری ژمارە 949ـی ساڵی 1977: ئەم بڕیارە 10 گوند لە سنووری سەرگەڕان و 2 گوند لە سنووری پردێ دەگرێتەوە؛ کۆی گشتی 44 هەزار دۆنم زەوییە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە