رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی قەییوم بۆ گەورەشارەوانیی وان دانرا، هاوسەرۆکانی دەم پارتی رەخنەیان لە حکومەتی تورکیا گرت. هاوسەرۆکێکی پارتەکە دەڵێت، تورکیا دەیەوێت بە دانانی قەییوم بەربەست بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دروستبکات.
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، رۆژی شەممە، 15ی شوباتی 2025، لە ئەنقەرە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد.
هاتیمئۆغوڵڵاری سەرکۆنەی دانانی قەییومی بۆ گەورەشارەوانیی وانی باکووری کوردستان کرد و گوتی، ئەو پرسیارە ئاراستەی دەسەڵاتی تورکیا دەکەن کە "ئێوە ئەمڕۆ بە دانانی قەییوم بۆ وان دەتانەوێت چی بکەن؟ ئێوە ئەمڕۆ بە دانانی قەییوم بۆ وان، دەتانەوێت رێگریی لەو گفتوگۆیانە بکەن کە لەبارەی پرسی کورد دەستیانپێکردووە؟''
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتیشی: '' لە سەردەمێکی وەهادا کە باس لە پرۆسەی ئاشتی دەکرێت و گەل ئومێدی بەمە هەیە، ئامانجتان ئەوەیە کودەتا بەسەر پرۆسەی ئەم گفتوگۆیانەدا بکەن؟''
هاتیئۆغوڵڵاری ئاماژەی بەوەش کرد: ''ئەگەر دەسەڵات پێیوایە تەنیا لەبەرئەوەی گفتۆگۆ لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەکرێت، دانانی قەییوم، دەستبەسەرکردن، هەڵکوتانە سەر بینای شارەوانی و بەکارهێنانی تووندوتیژی لە بەرامبەر خەڵک شتی ئاساییە، بەهەڵەدا چووە''.
هاوسەرۆکی دەم پارتی راشیگەیاند، ئەوان ئامادەن پرۆسەی ئاشتی سەربخەن، بەڵام پێیانوایە، حکومەتی تورکیا پێچەوانەی ئەوان مامەڵە دەکات؛ باسی لەوەش کرد: ''ساڵانێکە لەم خاکەدا گەورەترین باجمان لەپێناو چارەسەرکردنی پرسی کورد بەشێوەیەکی ئاشتی و دیموکراسییانە داوە''.
هاتیمئۆغوڵڵاری داوای لە پارت و لایەنە سیاسییەکانی تورکیا کرد، هەڵوێستیان لە بەرامبەر دانانی قەییوم بۆ شارەوانییەکانی دەم پارتی و جەهەپە هەبێت.
هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان گوتی: ''ئەمڕۆ 15ـی شوباتە و لەم رۆژەدا لە ئەنجامی پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی، بەڕێز ئۆجەلان هێنرایە تورکیا. ئێوەی رۆژنامەڤانانی بەڕێز پرسیاری بانگەوازی بەڕێز ئۆجەلانمان لێ دەکەن کە کەی دەکرێت؟ تەنانەت پرسیاری ئەوەشمان لێکرا ئایا لە رۆژێکی لەم جۆرە بانگەواز و پەیامەکەی بڵاودەکاتەوە؟ ئێمەش لە وەڵامدا رامانگەیاند، ئامادەکارییەکان بەردەوامن و پێناچێت لەم رۆژەدا بکرێت، واتە دوا دەکەوێت''.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاندبوو، عەبدوڵڵا زەیدان، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی وان بەتۆمەتی هاوکاریکردن و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە لەلایەن دادگەوە سزای 3 ساڵ و 9 مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.
لەلایەن خۆیەوە تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی داوای لە حکومەتی تورکیا کرد لەبابەتی پرسی کورددا شەفاف بن و گوتی: ''ئێوە کە باسی پرسی کورد دەکرێت، چۆن لێکدانەوەی بۆ دەکەن؟ هەر بەڕاستی، ئێوە لەگەڵ چارەسەردان؟ یان ئەمانە دەکەن بە بیانوو و هەوڵدەدەن ویستی گەل زەوت بکەن؟ ئێمە لەگەڵ پرۆسە، دیالۆگ و ئاشتیداین''.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 15ـی شوباتی 2025، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەییوم بۆ گەورەشارەوانیی وان دانرا.
عەبدوڵڵا زەیدان، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی وان لە کار دوورخرایەوە، ئۆزان باڵجی، پارێزگاری وان بەوەکالەت کرایە سەرۆکی شارەوانییەکە.
لە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ـی ئاداری 2024ی تورکیا، قەییوم بۆ سەر 11 شارەوانی دانراوە.
شارەوانییەکانی جۆلەمێرگ، مێردین، ئێلیهـ، دێرسم، میکس، خەلفەتی، ئاکدەنیز، سێرت و وان سەر بە دەم پارتین؛ شارەوانییەکانی پلوور و ئەسەنیورتیش سەر بە جەهەپەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ