رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵەوە کەمبکرێتەوە بۆ 60 ساڵ، هەروەها خانەنشینبوونی ئارەزوومەندانە لە 15 ساڵ خزمەت بۆ 25 ساڵ خزمەت و لە تەمەنی 45 ساڵییەوە بۆ 50 ساڵ بەرزکرایەوە.
بەگوێرەی نووسراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە رۆژی 15ی کانوونی دووەمی 2025 دەرچووە، ئەو بڕیارە لەبەر رۆشنایی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی ژمارە 259ـی 3ـی 7ـی 2024، بە پشتبەستن بە بڕیاری ژمارە 312ـی دادگەی فیدراڵیی عێراق، کە تایبەتە بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو دراوە.
بەگوێرەی بڕیارەکەی حکومەت، بڕیاردرا بەوەی هەر فەرمانبەرێک بە رۆژ و مانگ تەمەنی 60 ساڵی تەواوکرد، دەبێت دەستبەجێ هەواڵەی خانەنشینی بکرێت.
ئەم فەرمانبەرانەی خوارەوە بڕیارەکە نایانگرێتەوە و تەمەنی خانەنشینیان لە 63 ساڵی دەبێت:
- ئەو فەرمانبەرانەی یاسای راژەی زانکۆیی دەیانگرێتەوە و هەڵگری ناونیشانی (پڕۆفیسۆر و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر)ـن.
- پزیشکانی دادوەریی، سڕکردن و دەروونی.
- راوێژکاران و راوێژکارانی یاریدەدەر لە ئەنجوومەنی شورای هەرێمی کوردستان.
- فڕۆکەوانیی مەدەنی، ئەوانەی بە کردەیی کاری فڕۆکەوانی دەکەن و لە کاتی خۆیدا مۆڵەتی کارکردنی بەرکاریان هەیە.
هەر بە گوێرەی بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، پاڵپشت بە حکومەکانی مادەی 2 لە یاسای ژمارە 26ـی ساڵی 2019 لە هەمواری یەکەمی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو. ئەو فەرمانبەرانەی خوارەوە تەمەنی یاسایی خانەنشینییان دەبێتە تەواوکردنی تەمەنی 65 ساڵی، ئەوانیش:
- ئەو فەرمانبەرانەی بەپێی حوکمەکانی یاسای فەسڵکراوانی سیاسی فیدڕاڵی ژمارە 34ـی ساڵی 2005ـی هەموارکراو گەڕێندراونەتەوە راژە لەسەر میلاکی حکومەتی فیدڕاڵی و دواتر گواستنەوەی راژەیان بۆ کراوە بۆ سەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
- ئەو فەرمانبەرانەی کەسوکاری پلە یەک و پلە دووی ئەو شەهیدانەن کە یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوەکان لە هەرێمی کوردستان ژمارە 9ـی ساڵی 2007 دەیانگرێتەوە.
- ئەو فەرمانبەرانەی یاسای ئیمتیازاتی زیندانیکراو و راگیراوی سیاسی کوردستانی ژمارە 11ـی ساڵی 2011 دەیانگرێتەوە.
سەبارەت بە خانەنشینکردن لەسەر داوای فەرمانبەر، لە بڕیارەکەی حکومەتدا هاتووە، هەر فەرمانبەرێک بە تەواوکردنی 45 ساڵی تەمەن و 15 ساڵ خزمەت فەرمانی خانەنشینکردنی دەرچووبێت بەر لەم بڕیارە؛ ئەوا پێویستە مامەڵەی خانەنشینییەکەی رایی بکرێت. بەڵام لە دوای رێکەوتی ئەم بڕیارەی سەرەوە، پێویستە فەرمانبەرەکە 50 ساڵی تەمەنی تەواوکردبێت یان راژەی خانەنشینییەکەی لە 25 ساڵ کەمتر نەبێت.
بە تەواوکردنی تەمەنی یاسایی خانەنشینی کە لە سەرەوەدا باسکران، فەرمانبەر سیفەتی فەرمانبەرێتیی لەدەست دەدات و پێویستە لەسەر وەزارەت کە دەست لەکارترازاندنی بۆ بکەن لە پاشنیوەڕۆی دوایەمین رۆژی تەواوکردنی تەمەنە یاساییەکەی، بەبێ گەڕانەوەی رەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکان. بە پێچەوانەوە ئەو ماوەیەی فەرمانبەرەکە لە دوای تەواوکردنی تەمەنە یاساییەکەی لە کارەکەیدا دەمێنێتەوە بۆ هیچ مەبەستێک هەژمار ناکرێت و هەموو ئەو مووچە و دەرماڵەیەی بۆی خەرجکراوە لێی وەردەگیرێتەوە و فەرمانبەری تایبەتمەندیش رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکرێتەوە.
سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی کە لە پێش رێکەوتی 1-1-2025 بە گوێرەی یاسای خانەنشینی خزمەتی وەزیفیان بۆ درێژکراوەتەوە، تاوەکو تەواوکردنی ئەو ماوەیەی بۆیان درێژکراوەتەوە لە خزمەت بەردەوام دەبن. دواتر راستەوخۆ هەواڵەی خانەنشینی دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ