رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو دەڵێت، پارتی و یەکێتی داوایانکردووە بەشداری لە کابینەی داهاتووی حکومەت بکەن، بەڵام رەتیانکردووەتەوە و بە ئۆپۆزیسیۆن دەمێننەوە.
عوسمان کاروانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی: "لەماوەی پێشوو پارتی و یەکێتی بە جیا داوایانکردووە بەشداری حکومەت بکەین، بەڵام ئێمە لە دوا کۆبوونەوەی خۆمان جەختمان لەوەکردەوە کە بەشداری نەکەین و وەک ئۆپۆزیسیۆن بمێنینەوە."
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو باسی لەسەردانەکەی ئەمینداری گشتیی حیزبەکەیان کرد بۆ تورکیا و رایگەیاند: "لەو کۆبوونەوانە باس لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکراوە، بەڵکو باس لە دۆخی ناوچەکە بەگشتی کراوە."
سەبارەت هۆکاری بەشدارینەکردنیان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەرانی کورد لە بەغدا، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو باسی لەوەکرد: "تێبینیمان لەسەر ئەدای کارەکانی حکومەت هەیە، ئەگەر حکومەت پابەندبوونەکانی جێبەجێ بکردایە پێویستی بەو کۆبوونەوانە نەدەکرد، ناچینە کۆبوونەوەیەک ئەنجامەکەی بزانین."
عوسمان کاروانی باسی لەوەشکرد: "یەکگرتوو بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی نیگەرانن، نیگەرانییەکانیان بڕەوێنێتەوە."
ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی کاتیی سووریا گوتی: "هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئەحمەد شەرع نییە، پێشتریش هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵی نەبووە."
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20-10-2024 کرا. پارتی و یەکێتی دانوستاندنەکانیان بۆ پێکهێنانی حکومەت بەردەوامە و لیژنەیەکی تەکنیکی لەهەردوولا پێکهێنراوە بۆ داڕشتنەوەی کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ