رووداو دیجیتاڵ
سۆران حەمەڕەش، نووسەر و مێژوونووسی کورد پێیوایە مێژووی سلێمانی سەتان ساڵ کۆنترە لەو رێککەوتەی لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابانەوە بنیاتنراوە و لە رووماڵێکی تایبەتی تۆڕی میدیایی رووداودا لە ساڵیادی شارەکەدا گوتی، "بنیاتنانی سلێمانی لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابانەوە قۆناخێکە لە مێژووی سلێمانی، بەڵام ئەگەر پێمان وابێت هەموو مێژووەکە لەم 239 ساڵدا کورتبووەتەوە، ستەممان لە شارەکە کردووە".
ئەمڕۆ 239 ساڵ بەسەر بنیاتنانی شاری سلێمانی لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابانەوە تێدەپەڕێت و تۆڕی میدیایی رووداو رووماڵێکی تایبەت بە دامەزراندنی شارەکەی بە میوانداریی بەرپرسان و کەسایەتییە جیاوازەکانی شارەکە ئەنجامدا. پارێزگاری سلێمانی گوتی، لە سەرەتای دامەزراندنی سلێمانیدا بابانەکان سوودیان لە پیشەوەر و تەلارسازانی میرنشینی ئەردەڵان لە سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بینی".
"مێژووی سلێمانی لە 239 ساڵ کۆنترە"
سۆران حەمەڕەش پێیوایە مێژووی سلێمانی کۆنترە لەو رێککەوتەی ئیبراهیم پاشای بابان بنیاتیناوە و دەڵیت، "سلێمانی میراتگری فەرهەنگێکی دێرینە؛ فەرهەنگێکی دەوڵەمەندی ناوچەیەک کە پێی دەڵێن شارەزوور".
سۆران حەمەڕەش، مێژوونووسی کورد میوانی رووماڵی تایبەتی تۆڕی میدیایی بوو لە 239یەمین ساڵیادی بنیاتنانی سلێمانی کە بەشێکی لەلایەن پێشکێشکاران دلبخوین دارا، رەنج سەنگاوی و نمە نەبەزەوە پێشکێشکرا، گوتی، "ئێمە سلێمانی بە دوو خاڵی سەرەکییەوە دەبەستینەوە؛ شاری هەڵمەت و قوربانی و ناوەندی رۆشنبیری کە ئەم دوو لایەنە گوزارشت لە کاراکتەری شاری سلێمانی دەکەن. هەردوو لایەنەکەش لە سەرچاوە مێژووییە کۆنەکاندا کە سەتان ساڵ پێش دروستبوونی سلێمانی نووسراون، ئاماژەیان پێدراوە".
وەک ئەو مێژوونووسە کوردە ئاماژەی پێدەدات، "سەتان ساڵ پێش دروستبوونی سلێمانی، یاقوتی حەمەوی دێتە شارەزوور و دەڵێت، ئەو ژمارە زانایەی لەم ناوچەیە هەیە، لە هیچ شوێنێکی جیهانی ئیسلامیدا نییە، هەروەها دەڵێت، خەڵکی ئەم ناوچەیە سەرکەش و شەڕکەرن و خۆیان نادەن بەدەست خەلیفەوە و هەمیشە سەربەخۆ بوون و هەمیشەش میری خۆیان هەبووە".
سۆران حەمەڕەش پێیوایە، کورد دەبێ قووڵتر سەیری مێژووی سلێمانی بکات تاوەکو بیبەستێتەوە بە مێژووی دروستبوونەکەیەوە و دەشڵێت، "من ئەو مێژووە رەت ناکەمەوە، ئەوەش قۆناخێک و بەشێکی ئەو مێژووەیە، بەڵام ئەمە بچوککردنەوەی سلێمانییە، ئەگەر هەموو سەرنجەکەمان لەسەر ئەوەبێت کە سلێمانی لەلایەن بابانەوە دروستکراوە، چونکە فەرهەنگەکە زۆر لەوە دەوڵەمەندتر و کۆنترە".
رۆڵی سەرمایەداران لە پێشکەوتنی سلێمانی
سەرمایەدار و کەسایەتییە دەوڵەمەندەکانی شاری سلێمانی رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە بەرەوپێشبردنی سێکتەرەکانی تەندروستی، پەروەردە و تەنانەت ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و وەبەرهێنەرێکی شارەکە دەڵێت، سەرمایەداران رۆڵیان لە دروستکردنی سەتان قوتابخانە و نەخۆشخانە و رێگەوبانی شارەکەدا هەبووە.
نەجمەدین محیەدین، سەرمایەدار و وەبەرهێنەری شاری سلێمانی لە بووڵتەنی تایبەت بە ساڵیادی دامەزراندنی سلێمانیی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، "پێشتر لە سلێمانی گرنگی بە خانوو دەدرا، بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی شارەکە شوقە جێگەی خانووی گرتەوە و ئێستا زیاتر گرنگی بە باڵەخانەی چەند نهۆمی دەدرێت بۆ نیشتەجێبوون، لەبەر ئەوەی زەوی کەمتری پێویستە و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە شوقە ئاسانترە و تێچووی کەمترە لەچاو خانوو".
ئەو سەرمایەدارە چەندین پڕۆژەی نیشتەجێبوونی لە سلێمانی دروستکردووە و دەڵێت، زۆربەی هەرە زۆری پڕۆژەکان ئەپارتمانن و پێیوایە، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، دنیا بەرەو باڵەخانەی ستوونی دەڕوات.
نەجمەدین محیەدین ئاماژە بە رۆڵی سەرمایەدارانی شاری سلێمانی دەدات لە گەشەپێدانی شارەکە لە چەندین رووی جیاوازەوە و دەشڵێت، "سەرمایەداران لە سلێمانی رۆڵی باشیان هەبووە لە بەرەوپێشبردنی شارەکە، لەڕووی کەرتی گشتی، دروستکردنی نەخۆشخانە، قوتابخانە و هاوکاریکردنی حکومەت لە دروستکردنی رێگەوبان و دەیان بواری دیکە."
سوودوەرگرتن لە تەلارسازانی شاری سنە
هەر لەو رووماڵە تایبەتەدا، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی گوتی، لەکاتی دامەزراندنی شاری سلێمانیدا لەلایەن بابانەکانەوە سوود لە پیشەوەران و تەلارسازانی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان وەرگیراوە و دەشڵێت، "ئەم ساڵ بەهۆی دۆخی خراپی داراییەوە، حکومەت رێوڕەسمی تایبەتی بۆ یادی دامەزراندنی سلێمانی رێکنەخست".
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، "بەڵام ئەم ساڵ بە دەستپێشخەریی خەڵک، کەرتی تایبەت و دەزگا میدیاییەکان کۆمەڵێک چالاکی بۆ یادی سلێمانی بەڕێوەدەچن. ئێمە لە پارێزگای سلێمانی سەرپەرشتیی لایەنی کارگێڕی و ئاسایشی رێوڕەسمەکان دەکەین".
رۆژی 11-07-2023 بەردی بناخەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی دانرا، بەڵام بەهۆی کێشەی داراییەوە پڕۆژەکە چەند جارێک وەستاوە و د. هەڤاڵ ئەبوبەکریش دەڵێت، ئەگەر حکومەت بودجەی پێویستی بۆ پڕۆژەکە خەرجکردبا، لەکاتی خۆیدا تەواو دەبوو. پارێزگاری سلێمانی دەشڵێت، "کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە زۆر لەو پارەیە زیاتر کاری کردووە کە پێیدراوە. ئێستا 50٪ـی قیرکردنی شەقامەکە تەواو بووە و 90٪ـی پرد و یەکتربڕ و راستکردنی شەقامەکەش تەواوبووە".
بە گوتەی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، "گرفتی بەردەم جێبەجێنەکردنی شەقامەکە ئەوەیە کە بانکەکانی سلێمانی پارەی پێویستیان تێدا نییە و پارەی پێویستی بۆ خەرج ناکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆمپانیای جێبەجێکار بەردەوامە لە کارکردن لە پڕۆژەکەدا".
لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەکەدا، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، پڕۆژەکە لە ماستەرپلانی سلێمانیدا لە دوو شەقامی شێوە تەریب پێکهاتووە کە لە رۆژئاوا بۆ رۆژهەڵاتی سلێمانی درێژدەبێتەوە، لەکاتی تەواوبوونی هەموو پڕۆژەکەدا شەقامەکانی 60 مەتری و 100 مەتری بەشێوەی تۆڕێک لە شەقام بەیەکەوە دەبەستێتەوە و رووپۆشی رووبەری 472 کیلۆمەتر دووجا دەکات.
درێژیی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لەگەڵ تۆڕی شەقامە لاوەکییەکانی 146 کیلۆمەترە، لە تاسڵوجەوە بۆ تونێلی پێشڕەو دەبێت و لە 100 مەترییەوە دەستپێدەکات تاوەکو کۆتاییەکەی کە دەبێتە 40 مەتری.
پارێزگاری سلێمانی داوا لە دەسەڵاتدارانی سلێمانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات هاوکارییان بکەن بۆ تەواوکردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانی و پێیوایە، "پارە، داهات، ئاسایش و دادگا لە سلێمانی لای یەکێتییە و لە هەولێریش لای پارتییە. ئەو دەسەڵاتانە لای حکومەت نین. من وەکو پارێزگار تەنیا دەسەڵاتی ئیداری شاری سلێمانیم هەیە، بۆیە داوا لە دەسەڵات دەکەم هاوکاربن بۆ ئەوەی شەقامەکە تەواوبکرێت".
شاری سلێمانی لە ساڵی 1784 لەلایەن ئیبراھیم پاشای بابان بنیاتنرا و بووە پایتەختی میرنشینی بابان. ئیبراھیم پاشا شارەکەی بە ناوی باوکی، سلێمان پاشا، ناونا. ئێستا سلێمانی بە پایتەختی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان ناسراوە. د. هەڤاڵ ئەبووبەکر دەڵێت، لەکاتی بنیاتنانی شاری سلێمانی، بابانەکان سوودیان لە پیشەوەران و تەلارسازانی شاری سنەی پایتەختی ئەوکاتی میرنشینی ئەردەڵان بینیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ