رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید لە کۆیە بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی بۆردوومانەکانی سنووری کۆیەوە "هەشت بریندار و دوو شەهید گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکەمان."
دکتۆر شێروان جەلال، دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئامارەکانی بۆردوومانەکەی ئێرانی ئاشکرا کرد و گوتی: 10 کەس بەرکەوتوون، لەوانە دوو کەسیان گیانیان لەدەستداوە. هەشت بریندارەکەی دیکەش لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، یەکێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە کە بەشێکی جۆری جەستەی سووتاوە، رەوانەی نەخۆشخانەکانی هەولێر کراوە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید باسی لەوەشکرد، هەموو پزیشک و کارمەندانیان، ئەوانەی کە لە پشووی فەرمیشدابوون گەڕاونەتەوە بۆ دەوام و چارەسەر بۆ بریندارەکان دەکەن و لە ئامادەباشیدان.
دۆخی بریندارێکی دیکەش بە گوتەی دکتۆر شێروان جەلال بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە پێویستی بە ئامێری هەناسەدانی دەستکردە و ئەویش رەوانەی نەخۆشخانەکانی هەولێر دەکرێت.
هەر لە کاتی بۆردوومانەکەدا هاونیشتمانییەکی بەتەمەنیش لە کۆیە کە وەکو دکتۆر شێروان جەلال گوتی، نەخۆشیی دڵی هەبووە، کەوتووە و تووشی جەڵتەی دڵ بووە، بەوهۆیەشەوە گیانی لەدەستداوە. پێشتریش قایمقامی شارەکە هەواڵەکەی بە رووداو راگەیاند.
هێرشەکانی ئێران بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە روویاندا، جگە لە کۆیە لە سنووری زڕگوێزیش بارەگاکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان کرانە ئامانج. هاوکات لە سنووری سیدەکانیش ئێران تۆپباران و بۆردوومانی کرد.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکیدا لە رێوڕەسمی راگەیاندنی ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەری باسی هێرشەکانی کرد و گوتی، "هیچ بیانوویەک" بۆ مووشەکبارانکردن و ناردنی درۆن بۆ هەرێمی کوردستان "نابینین." هەروەها داوای لە بەغدا کرد "سنوورێک" بۆ هێرشەکان دابنێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لە هەمان رێوڕەسم سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد.
