رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی 10 و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 9 رەوانەی بەغدا کران.
وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی 10 بە واژۆی ئاوات شێخ جەناب بۆ بەغدا نێردراوە و سبەی پێنجشەممە بەفەرمی رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری لە راگەیێندراوەکەیدا روونیکردووەتەوە: "لە روانگەی ئەوەی پرسی مووچە بابەتێکی نیشتیمانییە و بەمەبەستی دروست نەبوونی هیچ کێشەیەک بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و چین و توێژە جیاوازەکان، بەڕێز ئاوات شێخ جەناب واژۆی لەسەر لیستی مووچە کردووە".
وەزارەتی دارایی دەڵێت: لە 29 ی ئەیلوولەوە وەزیری دارایی "واژۆی لەسەر هیچ نووسراوێک نەکردووە و سوورە لەسەر هەڵوێستەکانی کە لەسەرەتای ئەم مانگەوە رایگەیاندووە".
دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی:
لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم و راپۆرتی تەرازوی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوول رەوانەی بەغداد کرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوار شەممە رێکەوتی ( ٢١ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦) بە واژۆی بەڕێز ئاوات شێخ جەناب لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوول لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی شاری بەغداد کرا و سبەی پێنجشەممە بەفەرمی رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکرێت .
تێبینی؛ لە روانگەی ئەوەی پرسی مووچە بابەتێکی نیشتیمانییە و بەمەبەستی دروست نەبوونی هیچ کێشەیەک بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و چین و توێژە جیاوازەکان، بەڕێز ئاوات شێخ جەناب واژۆی لەسەر لیستی مووچە کردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە لە ٢٩ ی ئەیلوولەوە بەڕێزیان واژۆی لەسەر هیچ نوسراوێک نەکردووە و سورە لەسەر هەڵوێستەکانی کە لەسەرەتای ئەم مانگەوە رایگەیاندووە.
راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
٢١ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦


