بەرەی تورکمانی: کەسمان بۆ جێگری پارێزگاری کەرکووک بەربژێر نەکردووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرەی تورکمانی عێراق، رایگەیاند، کەسیان بەربژێر نەکردووە بۆ پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکووک و دەشڵێت؛ حکومەتی خۆجێیی کەرکووک "نایاسایی و ناشەرعییە" و لە دەرەوەی ئیرادەی رۆڵەکانی کەرکووک دامەزراوە. 
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2024، بەرەی تورکمانی عێراقی یەکگرتوو، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان داوە بۆ ئەوەی کەسایەتییەکی تورکمان بۆ پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکووک دەستنیشان بکەن. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا بەرەی تورکمانی هاتووە: "شاری کەرکووک رووبەڕووی پێشهاتێکی سیاسی بووەتەوە، کە پێشتر نەکراوە و نیگەرانیی بۆ سەرجەم لایەنە نیشتمانییەکان دروست دەکات. دوای ئەوەی زانیاریمان پێگەیشت بەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە نیازە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە رێکبخات لەپێناو دەستنیشانکردنی کەسایەتییەکی تورکمانی بۆ پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکووک."   
 
بەرەی تورکمانی رەتیدەکاتەوە کەسیان بۆ پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکووک بەربژێر کردبێت: "ئێمە لە بەرەی تورکمانی عێراقی یەکگرتوو، پێداگری لە هەڵوێستە نەگۆڕەکانمان لەبارەی ئەم پێشهاتانە دەکەین و روونی دەکەینەوە هیچ کەسایەتییەکمان بۆ پڕکردنەوەی هیچ پۆستێک لە حکومەتی خۆجێیی کەرکووک بەربژێر نەکردووە. دووپاتی دەکەینەوە ئەم حکومەتە کە بە شێوازێکی ناشەرعی پێکهێندراوە، نوێنەرایەتیی ئیرادەی راستەقینەی رۆڵەکانی ئەم پارێزگایە ناکات. دەرەنجام لە رووی یاسایی و سیاسیشەوە شەرعیەتی نییە."  
 
سەبارەت بە گەڕانەوەیان بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا، بەرەی تورکمانی دەڵێت: "ئێمە لە بەرەی تورکمانی عێراقی یەکگرتوو، بەپێی خشتەی کاتی، چاوەڕێی ئەو بڕیارە دادوەرییە یەکلاکەرەوەیە دەکەین کە هیوادارین هەموو کارەکان بۆ رێکارە یاسایی و دەستوورییەکانی بگەڕێنێتەوە."  
 
بەرەی تورکمانی، داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات دان بەخۆدا بگرن و رێز لە یاسا بگرن و پابەندی بن لەپێناو خزمەتکردن بە بەرژەوەندیی کەرکووک و یەکڕیزیی نیشتمانییەکەی.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا یاوس حەمید، کە تورکمانێکی سوننەی کەرکووکە، بە جێگری پارێزگاری کەرکووک هەڵبژێدرا لە پێکهاتەی تورکمان؛ بەڵام ئەو کەسە لە دەرەوەی بەرەی تورکمانی عێراقییە، هەرچەندە دەگوترێت ئەو کەسە لە ئەرشەد ساڵحی نزیکە. جگە لەمەش دەنگدرا لەسەر پەیڕەوی ناوخۆ ئەنجوومەن و لیژنەکانی ئەنجوومەن.
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان.

هۆشیار زێباری: ئێمە مافی کەس ناخۆین و ناهێڵین کەسیش مافمان بخوات

هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی حیزبەکەی لە دهۆک گوتی: گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان نابێت و لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دەکرێت.