یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان: هەمواری یاسای باری کەسێتیی عێراق مەترسییەکی گەورەیە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کاردانەوەکان دژی هەمواری یاسای باری کەسێتی لە عێراق بەردەوامن. گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان دەڵێت، هەموارەکە "مەترسییەکی گەورەیە."
 
پێشنیازی هەمواری یاسای باری کەسێتی لە پەرلەمانی عێراقە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و لە چاوەڕوانی خوێندنەوەی دووەم و دواتر پەسندکردن یان رەتکردنەوەدایە.
 
رۆژی شەممە 14ـی ئەیلوول، عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەمواری یاساکە دەبێتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان".
 
شێرکاوەیی دەڵێت، یەکێتییەکەیان بەدواداچوونی ورد بۆ هەموو ئەو پرسانە دەکات کە رەهەندی ئایینیان هەیە و پەیوەستن بە باری کەسی و کاروبارەکانی خێزانەوە. گوتیشی: "گەیشتووین بەو ئەنجامەی یاسای باری کەسی ژمارە 188ی ساڵی 1959 وەک یاسایەکی بەرکار و وەرگیراو لە شەریعەتی ئیسلامی توانیویەتی کاروبارەکانی پەیوەندیدار بە خێزان رێکبخات؛ کێشە و هاوسەنگی و یەکڕیزی نێوان پێکهاتەکان بە جیاوازیی مەزهەبی و نەتەوەیی و کلتووری رابگرێت".
 
ئەو گوتەبێژە گوتی: "هەموارەکە بۆ لاوازکردنی دادگەیە و بۆ ئەوەیە لە دەرەوەی دادگەکان نووسینگەی مارەبڕین بکرێتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆکاری کردنەوەی دەرگە بۆ هاوسەرگیریی مسیار و موتعە".
 
گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان دەڵێت، هەموارەکە کێشەی خێزانیی زیاتری لێدەکەوێتەوە، چونکە رێگە بەکچانی 9 ساڵ دەدات هاوسەرگیری بکەن. گوتیشی: "لە هەرێمی کوردستان مارەبڕین خوار 18 ساڵ لە کاتی تایبەت نەبێ بە باش نازانین. ئێستا زۆرینەی ئەو هەموو جیابوونەوەی تۆمار دەکرێت ئەوانەن لە خوار 18 ساڵەوە هاوسەرگیری دەکەن".
 
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی داوایکرد، هەموو لایەک کاری جیدی بۆ رەتکردنەوەی پێشنیازەکە بکات. گوتیشی، "مەترسی ئەوە هەیە دوای پەسەندکردنی یاساکە، بە بڕیارێک بە پاساوی جیا بڵێن دەبێت دادگەکانی هەرێمی کوردستانیش پێیەوە پابەند بن".
 
گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، یاسای کارپێکراوی ساڵی 1959 "وەکو یاسایەکی مەدەنی مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتیان دەکات و سەقامگیری و شیرازەی خێزان دەپارێزێت. هیچ پێویستی و بۆشاییەکی یاسایی نەهاتووەتە پێش تاوەکو هەموار بکرێتەوە".
 
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی گوتی: "ئەم پرۆژە پێشنیازە خزمەت بە کۆمەڵگە و خێزان ناکات و لێکەوتەی خراپی بۆ عێراق و کوردستان لێدەکەوێتەوە. مەبەستی دیکەی لە پشتەوەیە، بۆیە لەگەڵیدا نین".
 
پێشنیازی هەمواری یاسای باری کەسێتی لە پەرلەمانی عێراقە و لەلایەن رائید مالیکی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ پێشکێش کراوە.
 
رۆژی 24ـی تەممووزی 2024، بەهۆی ناکۆکی لەسەر پڕۆژەکە، پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ نەکرد و تاوتوێکردنی دواخست، بەڵام لە کۆبوونەوەی رۆژی 4ـی مانگی ئابی پەرلەمان، هەموارەکە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا.
 
بەپێی پێشنیازەکە، مادەی دووەمی یاساکە هەمواردەکرێتەوە و بڕگەی سێی بۆ زیاد دەکرێت کە ئەمانەی تێدایە:
 
- دیاریکردنی مەزهەب بۆ ئەوەی گرێبەستی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەسەر بکرێت و حوکمەکانی ئەو مەزهەبەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
 
- هەر کەسێک پێشتر ئەو خاڵەی سەرەوەی جێبەجێ نەکردووە، دەتوانێت داواکاری بۆ هەڵبژاردنی مەزهەب پێشکێش بکات.
- ئەگەر ناکۆکی لەنێوان هاوژینەکان هەبوو لەبارەی ئەو مەزهەبەی بەپێی حوکمەکانی گرێبەست دەکەن، گرێبەستەکە بەپێی مەزهەبی پیاوەکە دەبێت.
- دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە پابەند دەبن پەڕاو و تۆماری حوکمە شەرعییەکان لە پرسەکانی باری کەسی دروستبکەن.
- تۆمار یان پەڕاوەکان حوکمەکانی باری کەسێتی بەپێی فیقهی شیعەی جەعفەری دەبێت بۆ شیعە و یەکێکی دیکە بەپێی فیقهی سوننە دەبێت، لە دانانیاندا پشت بە بۆچوونی کەسە دیارەکانی هەردوو مەزهەبەکە لە عێراق دەبەسترێت.
- ئەگەر دیاریکردنی ئەو کەسە دیارەی لە مەزهەبی شیعە پشتی پێدەبەسترێت کێشەی تێکەوت، ئەوا بۆچوونی ئەو مەرجەعە ئایینییە پشتی پێدەبەسترێت کە زۆرینەی شیعە لە عێراق پەیڕەوی دەکەن. لە سوننەش رای ئەنجوومەنی زانستی و فەتوا وەردەگیرێت.
 
خاڵی دووەمی هەموارەکە ئەوەیە بڕگەی پێنج لە مادەی 10 لادەبرێت و ئەم دەقە شوێنی دەگرێتەوە، "دادگەی باری کەسێتیی گرێبەستەکانی هاوژینی پەسند دەکات، دوای ئەوەی لەلایەن کەسانی رێگەپێدراوەوە لە دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە یان لایەنێکی شەرعی یان یاسایی پەسند دەکرێن."
 
لە نیوەی پارێزگاکانی عێراق رۆژی 8-8-2024 خۆپێشاندان دژی هەوڵەکە کرا؛ خۆپێشاندەران داوایان کرد هەموارەکە لە پەرلەمان بکشێندرێتەوە و رەتبکرێتەوە.
 
بۆ رێگەگرتن لەو هەوڵە، هاوپەیمانیی 188 لە ژمارەیەک رێکخراو، هێزی مەدەنی، چالاکڤانی رێکخراوە مەدەنییەکان پێکهاتووە.
 
هەروەها رێکخراوى چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومەن رایتس وۆچ) 19ـی ئاب، راگەیێندراوێکدا بەناونیشانی "عێراق، پەرلەمان خۆی بۆ بەیاساییکردنی هاوسەرگیریی منداڵان ئامادە دەکات" بڵاوکردەوە.
 
رێکخراوە جیهانییەکە رایگەیاند، هەمواری یاسای باری کەسی رێگە بە مەرجەعەکانی ئایینی دەدات لەجیاتی یاساکانی دەوڵەت کاروباری هاوسەرگیری و میرات لە دژی مافەکانی بنەڕەتی رێکخبەن.
 
هیومەن رایتس وۆچ راشیگەیاند: "هەموارەکە شوێنەواری کارەساتبار لەسەر مافەکانی کچان و ژنان بەجێدەهێڵێت و رێگە بە هاوسەرگیریی منداڵی خوار تەمەن 9 ساڵ دەدات".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە