مەسرور بارزانی لەبارەی ناردنی مووچە بۆ رووداو: زۆر گەشبینم

14-09-2023
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
لێدوانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژنامەڤانان
لێدوانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژنامەڤانان
نیشانەکردن شاندی کوردستان لە بەغدا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ   

 

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو دا "گەشبین"ـی خۆی بۆ ناردنی مووچە لە هەفتەی داهاتوو لەلایەن بەغداوە دەربڕی.
  
مەسرور بارزانی رایگەیاند، "گەشبینم بە ئەنجامی کۆبوونەوەکان و ئینشائەڵڵا ئەنجامی خێری دەبێت، ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی بەپێی دەستوور پارێزگاریی لە هەموو بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بکەین، هەموو شایستە داراییەکان و مافەکان بەپێی دەستوور دەستەبەر بکەین، لێرە گفتوگۆ لەسەر رێکارەکان کراوە بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ سەرۆکوەزیران[ـی عێراق] پاڵپشتی و هاوکاریی لایەنە سیاسییەکانیش دابین بکەین تاوەکو بتوانین ئینشائەڵڵا بە ئەنجامێکی باشەوە بۆ خەڵکی کوردستان بگەڕێینەوە". 
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا بە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی گوت: چ پەیامێکت بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەیە؟ مەسرور بارزانی گوتی، "ئێمە بەئومێدین، با چاوەڕێبین تاوەکو کۆبوونەوەکان تەواو دەبن. زۆر زۆر گەشبینم، ئینشائەڵڵا لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران[ـی عێراق] بڕیاری باش دەدەن".   

 

رۆژانی سێشەممان ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی دەکات، بەڵام بڕیارە هەفتەی داهاتوو سوودانی سەردانی ئەمریکا بکات، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت رۆژی یەکشەممە 17-09-2023 کۆبوونەوەکە بکرێت. 

 

شاندەکەی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی سەرۆکایەتیی دەکات و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەندامانی شاندەکەن.
 
ئەمڕۆ شاندەکەی حکومەت لە بەغدا یەکەم کۆبوونەوەیان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو.  
 
مەسرور بارزانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ سوودانی "بیری هەموولایەکمان خستەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە و هەمان چاوەڕوانیمان لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ هەیە." 
 
لە وەڵامدا، وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سوودانیش ئامادەیی خۆی نیشاندایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و یاساکان و جەختی لەوە کردەوە، کە بە هەموو لایەک هەوڵبدرێت بۆ دابینکردنی پشتیوانیی سیاسی لەپێناو دۆزینەوەی هەرچی زووتری چارەسەرە بۆ گشت کێشەکان." 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە