بەڵگەنامە؛ دانپێدانانی تارق رەمەزان لەسەر کیمیابارانی هەڵەبجە بڵاودەکرێتەوە

14-08-2023
ساڵح قادر @salihqadr
نیشانەکردن کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی لە بەرگی شەشەمی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان) بڵاوکراونەتەوە، تارق رەمەزان فڕۆکەوانی عێراقی بە تەلەفۆنێکی مام جەلال بە کەفالەت ئازاد کراوە.
 
بە گوێرەی نووسراوێکی بەشی رامیاریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە ژمارە ر/117/1230 لە رۆژی 6-2-2005 دەرچووە و نهێنییە، کێشەی زیندانی موقەدەمی فڕۆکەوانی خانەنشین (تارق ئیبراهیم رەمەزان) بۆ سکرتارییەتی سکرتێری گشتی (ی.ن.ک) نێردراوە.
 
لە نووسراوەکەدا دەقی دانپێدانانی فڕۆکەوانەکە و زانیارییە کەسییەکانی هاوپێچ کراوە.
 
فڕۆکەوانەکە ناوی چواری تارق ئیبراهیم رەمەزان بەکرە و ناسراوە بە (ئەبو زیاد). لە ساڵی 1958 لە کەرکووک لە دایکبووە. موسڵمانە و سوننە مەزهەبە، لە نەتەوەی عەرەب و عەشیرەتی عەزاوییە. پیشەی خانەنشین بووە بە پلەی موقەدەمی فڕۆکەوان، بەکالۆریۆسی لە زانیاریی فڕۆکەوانیی هەیە.
 
ئەو فڕۆکەوانەی سەردەمی بەعس، کە لە 3-1-2005 لە کەرکووک دەستگیرکراوە، لە گوتەکانیدا دەڵێت: 
 
- لە 6-1-1981 کۆلێژی فڕۆکەوانیی تەواوکردووە بە پلەی ملازمی فڕۆکەوانی.
 
- لە ساڵی 1982 لەگەڵ پێنج ئەفسەری دیکە چوون بۆ فەرەنسا بە مەبەستی فێربوون و بەکارهێنانی میراج (ئیف 1) بۆ ماوەی چوار مانگ.
 
- ناوبراو لە ساڵی 1988 یەکێک بووە لەو 6 فڕۆکەوانەی کە بەشداری کردووە لە بۆردوومانکردنی شاری هەڵەبجەی شەهید بە کیمیایی، فڕۆکەوانی (میراج ئێف 1) بووە، کە فڕۆکەی اعتراضی پێ بووە و پارێزگاری لە فڕۆکەکانی دیکە کردووە، لە فڕۆکەخانەی گەیارە هەڵساون لەگەڵ فڕۆکەوانێکی دیکە بە ناوی نەقیب وەلید خالید کە هەمان فڕۆکە و رۆڵی هەبووە، چوار فڕۆکەی دیکە لە جۆری سیخۆ بوون، بۆردوومانی هەڵەبجەیان کردووە بە کیمیاوی کە لە فڕۆکەخانەی کەرکووک هەڵساون و پاشان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.
 
- لەو ساڵەدا ئامری ئەو چوار فڕۆکە (سیخو)یە لە فڕۆکەخانەی کەرکووک، رائید عەبدولکەریم کە خەڵکی حلە و رائید محەممەد مەزڵوم کە خەڵکی پارێزگای رومادی بووە، رائد محەممەد مەزڵوم لەلایەن رژێمەوە ئیعدام کراوە.
 
- هەروەها لە بۆردوومانکردنی شاری مەریوان و مهاباد و شارەکانی تری ئێران بەشداری کردووە، لە کاتی شەڕی عێراق – ئێران فڕۆکەی اعتراضی پێبووە.
 
- هەروەها بەشداربووە لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەزائیری، کە  وەفدێکی جەزائیری تێدا بووە بە مەبەستی چوونیان بۆ ئێران بۆ وەستاندنی شەڕی (عێراق – ئێران). ئەو فڕۆکەیەی بەشدار بووە لە خستنە خوارەوەی ئەو فڕۆکە جەزائیرییە فڕۆکەی (میک 25 نوع ئێف) بووە و فڕۆکەوانەکەی ناوی (مقدم / (عەبدوڵڵا فەرەج) بووە و لەم دواییەدا مقدم عەبدوڵڵا لە ئەنجامی رووداوی فڕۆکەدا کوژراوە، ناوبراو  (تارق رەمەزان) لەو کاتەدا ئەرکی سووڕانەوەی بینیوە لە پارێزگای تبریز بۆ پارێزگاری لە فڕۆکەی تر.
 
- ناوبراو بەشداری لە 250 چالاکی فڕۆکەوانی کردووە لە بۆردوومانکردنی سەرجەم ناوچەکانی کوردستان و ئێران، بۆ ئەم مەبەستە (نوط الشجاعة)ی لە لایەن سەدام حوسێنەوە وەرگرتووە.
 
- ناوبراو لە ساڵی 1996 بە پلەی مقدم / فڕۆکەوانی خانەنشین کراوە.

 

 
بەپێی نووسراوەکەی بەشی رامیاریی ئاسایشی گشتی، تارق رەمەزان لە کاتی دەستگیرکردنیدیدا ئەو کەلوپەلانەی پێ بووە:
 
60,000 دیناری عێراقی
600 دۆلاری ئەمریکی
سەیارەیەکی ئۆپڵ کایەی سپی، تەجیل کوشن و گاعی
دوو هەویەی عێراقی + هەویەی مقدم تەیار
دەفتەری تێبینی
ساڵیانەی ئۆتۆمبێلەکەی
پێناسی باری شارستانی و مۆڵەتی شۆفێریی عێراقی
 
کەلوپەلەکان تەسلیم بە کارمەند سەباح عەبدوڵڵا و موقەدەم محەممەد حکی کراون.

 

 
لەسەر ئەو نووسراوەی کە ئاراستەی سکرتارییەتی یەكێتی نێردراوە، مام جەلال بە واژۆی خۆی پەراوێزێکی نووسیوە: "کاک دانا سڵاو ئەمە تاوانباری جەنگە و شایەدێکی باشیشە لەسەر رژێم."
 
بەڵام بە گوێرەی بەڵگەنامەیەکی دەستنووس، ئەو فڕۆکەوانە کە لە زیندانی ئاسایش بووە لە سلێمانی بە بڕیاری مام جەلال ئازاد کراوە.
 
بەڵگەنامەکە لە بەشی رامیاری ئاسایش دەرچووە و تێیدا هاتووە: "لەسەر فەرمانی تەلەفۆنی بەڕێز مام جەلال کە بە کاک نزاری سکرتاریەت رۆژی پێنجشەم 25/10/2007 تەلەفۆنی کرد، طارق ئیبراهیم رمضان ئازاد بکەن بە کەفالەت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.