لە سنە دەست بەسەر 159 پارچە شوێنەواردا گیرا

14-06-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، دەست بەسەر 159 پارچە شوێنەواردا گیرا، کە مێژووی بەشێکیان بۆ 1000 ساڵ پێش زایین و بەشێکی دیکەشیان بۆ سەردەمی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئێران دەگەڕێتەوە، سێ کەسیش بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی شوێنەوار دەستبەسەر کران.
 
محەممەدڕەزا زارعی، فەرماندەی یەکەی پاراستنی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی میراتی کولتووری، گەشتیاری و پیشەدەستییەکانی پارێزگای سنە رایگەیاند، دوای ئەوەی زانیارییان پێگەیشت ژمارەیەک کەس بە شێوەیەکی نایاسایی کڕین و فڕۆشتن بە هەندێک شوێنەوار دەکەن، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.
 
محەممەدڕەزا زارعی گوتی، "دوای بەدواداچوون و پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان، ‌هێزە ئەمنییەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری، لە سنووری شاری بیجار ئۆپەراسیۆنێکیان کرد و دەستیان بەسەر 179 پارچە شوێنەواردا گرت، کە مێژووی بەشێکیان بۆ 1000 ساڵ پێش زایین و بەشێکی دیکەشیان بۆ سەردەمی پاش ئیسلام لە ئێران دەگەڕێتەوە."
 
سێ کەس بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی شوێنەوارەکان دەستبەسەر کران، کە خەڵکی دەرەوەی پارێزگای سنەن. زارعی گوتی، دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ئەو کەسانە رادەستی دەسەڵاتی دادوەری کران و بە بڕیاری دادگە رەوانەی گرتووخانە کران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە