شاندێکی حکومەتی عێراق سەردانی کەمپی مەخمووریان کرد

14-06-2021
سەرباز سیامەند
نیشانەکردن کەمپی مەخموور
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی حکومەتی عێراق سەردانی کەمپی پەنابەرانی باکووری کوردستانیان لە مەخموور کرد، کە نزیک کەمپەکە چەند رۆژێک پێش ئێستا بۆردوومانکرا.
 
حاجی کاچان، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی کەمپی مەخموور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "شاندەکەی حکومەتی عێراق پێکهاتبوون لە نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، هەواڵگری، ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی موسڵ و فیرقەی 14ی عێراق لە مەخموور. شاندەکەی بەغدا لەگەڵ ئەنجوومەنی کەمپەکە کۆبووەوە و گوێیان لە کێشە و داخوازییەکانی خەڵکی نێو کەمپەکە گرت، دڵگرانیی خۆیان بە بۆردوومانکردنی کەمپەکە دەربڕی، کە شوێنێکی مەدەنییە".
 
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی کەمپی مەخموور ئاماژەی بەوە کرد "شاندە هاوبەشەکەی بەغدا لەنێو کەمپەکە گەڕان. داوامان کرد ئێمەی خەڵکی مەدەنیی کەمپەکە بپارێزن و گوتمان، لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ماوەی دوو ساڵە رێگری دەکرێت لەوەی خەڵکی ئێمە بچنە نێو شارەکانی هەولێر و دهۆک؛ داوامان کرد ئەمە بگەیێندرێتە لایەنی پەیوەندیدار و ئەوانیش بەڵێنیاندا ئەو بابەتە و پرسی پێداویستییەکانی کەمپەکە بگەیێننە شوێنی مەبەست".
 
لەوبارەیەوە دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەوەی کەمپی مەخموور بۆ ئێمە دۆخێکی تایبەتە. دانیشتووانی کەمپەکە کێشەی ئەوەیان هەیە ناسنامەیەکی باوەڕپێکراوی فەرمییان نییە کە لەلایەن حکومەتی عێراق یان نەتەوە یەکگرتووەکان دەرچووبێت. ئێمە نازانین ئایا زانیارییەکانی سەر ئەو ناسنامەیەی کە هەیانە زانیاریی هەڵگری ناسنامەکەیە یاخود نا؛ چونکە ناسنامەکان فەرمی نین".
 
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پێویستی زانی دانیشتووانی کەمپەکە ئەو بابەتە لەگەڵ حکومەتی عێراق یاخود نەتەوە یەکگرتووەکان یەکلایی بکەنەوە.
 
پێشتر حکومەتی عێراق و پێش رووداوەکانی 2017ش هەرێمی کورستان نووسینگەیان لەنێو کەمپەکە هەبوو، بەڵام ئێستا بەو جۆرە نییە؛ حاجی کاچان گوتی "شاندە عێراقییەکە داوایان کرد ئیدارەی سەر بە حکومەتی عێراق لەنێو کەمپەکە هەبێت و گوتیان بۆ پاراستنی ئێوە دێین و دەبێت هەندێک گۆڕانکاری دروستبکرێت؛ ئێمەش پێمانگوتن دەرگای کەمپەکە کراوەیە".
 
سەبارەت بەو بارەگا سەربازییانەی لەنزیک کامپەکەن، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی کەمپی مەخموور باسی لەوە کرد، "ئەوانە لەدوای هێرشەکانی داعش لە ساڵی 2014 و 2015 دروستکراون و ئێستا چۆڵن، بەدەوری کەمپەکە ساتری هێزە عێراقییەکان هەیە. ئێستاشی لەگەڵدابێت مەترسییەکانی داعش لە چیاکانی قەرەچووخ هەر ماوە و چەندجارێکیش هێزەکانی هاوپەیمانان بۆردوومانی چەکدارانی داعشیان لە ناوچەی قەرەچووخ کردووە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە