رووداو دیجیتاڵ
پارتێک و فراکسیۆنێکی پێشووی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان لە دادگەی فیدراڵی سکاڵایان لە دژی سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تۆمار کرد؛ هاوشێوەی پێکهاتەی کریستیان داوای گەڕانەوەی کورسیی پێکهاتەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان، هەروەها فراکسیۆنی میلـلەت لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە سکاڵاکەیاندا، کە دژی مادەی دووی سیستمی تۆمارکردنی لیستی بەربژێران و پەسندکردنی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ی ساڵی 2024ی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقە، بۆ دادگەکەیان روونکردووەتەوە پێچەوانەی دەستوور و یاسا بەرکارەکانن.
لە سکاڵاکەدا هاتووە، لە دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمان رەچاوی پێکهاتەکان و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی لە بڕگە یەکی مادەی 49ی دەستووری عێراقدا هاتووە، نەکراوە. جگە لەوە مادەکانی 14 و 16 و 25ی دەستوور پێشێل کراون.
محەممەد ئیلخانلی، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سکاڵاکەی ئێمە یەکەم سکاڵای تورکمانەکانە لە دژی سیستمی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمان و سیستمی ژمارە 7 تۆمار دەکرێت، ئێمە داوای گەڕاندنەوەی کورسیی پێکهاتەی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان دەکەین."
لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان 11 کورسیی کۆتایان هەبوو، 6 بۆ کریستیان و 5 بۆ تورکمان.
ئازاد ئەکرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی میلـلەت، کە وەکو لایەنێکی تورکمانی سکاڵای لەگەڵ پارتی گەشەپێدانی تورکمانی تۆمار کردووە، بە رووداوی گوت، "کۆمیسیۆن ناتوانێت کورسیی پێکهاتەکان لاببات و ئەو مافەی نییە، ئێمە داوامان کردووە پێنج کورسییەکەمان بۆ بگەڕێندرێتەوە، تەنیا بەربژێرانی تورکمان رکابەرایەتیی لەسەر بکەن و بۆ ئێمە هەموو هەرێمی کوردستان یەک بازنەی هەڵبژاردن بێت."
رۆژی 6ی ئایاری 2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سکاڵایەکی لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە دادگەی فیدڕاڵی تۆمارکرد، تێیدا داوایکرد دادگەکە مادە دووی سیستەمی تۆمارکردنی لیستی بەربژێران و پەسندکردنی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ـی ساڵی 2024 بە نادەستووری بزانێت.
دوای ئەو سکاڵایە، دووشەممە 13ی ئایاری 2024، سێ سکاڵای دیکە لەلایەن ژمارەیەک کەسایەتی و لایەنی کریستیان و پارێزەرێکەوە لە دژی نەهێشتنی کورسیی پێکهاتەکان و کریستیانەکەوە تۆمارکران.
رۆژی 22ى شوباتی 2024 دادگەى باڵاى فیدراڵى 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانى لە پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشاندەوە، کە پێنج کورسی بۆ کریستیان و پێنج کورسیی بۆ کۆتای تورکمان و یەک کورسیش بۆ کۆتای ئەرمەن بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ