رووداو-هەولێر
بەربژێری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆ پۆستی بریکاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان یەکلایی بووەوە و چاوەڕێ دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا دەستبەرکاربێت.
سیروانی کوێخا نەجم، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چەتۆ ساڵح، بەربژێری یەکێتی بووە بۆ پۆستی بریکاری وەزارەتی ناوخۆ. ناوەکەمان رادەستی حکومەت کرد و رەزامەندی لەسەردرا".
سیروانی کوێخا نەجم ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا ناوی ئەو بەربژێرەیان بۆ بوون بە بریکاری وەزارەتی ناوخۆ لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە و دوای ئەوەی لەوێ مەرسوومی سەرۆکایەتی بۆ دەرچوو، ئیدی ناوەکەی دەگەڕێتەوە حکومەت و فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ دەردەچێت.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کابینەی نۆیەمی هەرێمی کوردستاندا 6 وەزارەتی بەدەستەوەیە: پێشمەرگە، خوێندنی باڵا، کشتوکاڵ، پلاندانان، رۆشنبیری، وەزارەتی هەرێم بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
ئەوە جگە لە جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان.
چەتۆ ساڵح سەعید بایز
- ساڵی 1968 لە کەرکووک لەدایکبووە
- ماستەری هەیە لە زانستی سیاسی
- پێشمەرگە بووە و ئێستا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتییە
-شارەزایی هەیە لە بوارەکانی ( ئیداری، سەربازی، ئەمنی، هەواڵگری، سیاسی)
-باوکی لەگەڵ حەوت برای شەهیدبوون
-چەندین بڕوانامەی تایبەتی هەیە لەلایەن هێزە هاوپەیمانەکان و بەشداریی چەندین خولی تایبەتی کردووە لەناو هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستان
-پلەی سەربازییەکەی لیوایە
-چەندین پلە و پۆستی جۆراوجۆر لە بواری ئیداری، ئەمنی، پۆلیس و سیاسی هەبووە



