رووداو دیجیتاڵ
سەباح و ساڵح کوڕە پووری یەکدین تاقانەی ئەنفالیشن سەرگوزەشتەی چۆنێتی رزگاربوونیان دەگێڕنەوە، سەباح 9 کەسی لە خێزانەکەی لە دەستداوە و تەنیا خۆی رزگاری بووە.
ساڵح رۆستەم، رزگاربووێکی ئەنفالە و لەبارەی رۆژی ئەنفالکردنی گوندەکەیان دەڵێت: "سوپای عێراق دەوری گوندەکەی گرت و ئێمەش چۆڵمانکرد، چووینە کوڵەجۆ، کاتێک بەیانیش لە خەو هەڵساین، دەوری ئەوێش گیرابوو، هەموو کەسوکارمان راپێچکران و سواری ئیڤایەک کراین، من خۆم لە ئیڤاکە هەڵدایە خوارەوە. پاشان چوومە نێو باخێک و جاشێک تەقەی لێکردم، ئێستە ئەو جاشە مووچەکەی لە من زیاتر".
سەباح نەجمەدین تاقانەی ئەنفال دەڵێت: "لە ماڵی خۆمان 10 کەس بووین کە تەنیا خۆم رزگارم بووە، لە بنەماڵەکەشمان 38 کەسمان ئەنفالکران".
گوندی کونە کۆترە یەکێکە لەو گوندانەی کە رووبەڕووی شاڵاوی ئەنفال بووەتەوە، کاتێک خێزانەکەی سەباح ئەنفالکران ئەو تەمەنی 13 ساڵ بوو، ئەو کات حەوت ماڵی تێدابووە، بەڵام ئێستا تەنیا یەک ماڵی تێدایە کە بە بنەچە عەرەبە و خەڵکی مەندەلییە.
قۆناخی سێیەمی ئەنفال بە ئەنفالی ناوچەكانی گەرمیان ناسراوە سەختترین و سامناكترین قۆناخی ئەنفال بوو، لە 7ـی نیسان تاوەکو 20ی نیسانی 1988، ناوچەكانی كەركووك، دوزخورماتوو، كفری، كەلار، دەربەندیخان، زنجیرە چیای قەرەداخ، تەكیە، چەمچەماڵ و قەرەهەنجیری گرتەوە.
بەهۆیەوە 45 هەزار و 777 خێزان ئاوارە و بەند و بێسەروشوێنكران، 871 گوند و شەش ناوەندی ناحیە سووتێنران و لەگەڵ خاكدا یەكسانكران، هەروەها 39 هەزار و 178 خانوو، 381 قوتابخانە، 657 مزگەوت و 69 نەخۆشخانە وێرانكران.
بەشێکی زۆری کەسوکاری ئەنفالکراوان گلەیی لە کەمیی خزمەتگوزاری و بایەخپێدان دەکەن، هەروەها بەشێکیان داوای دروستکردنی دراما و بەڵگەفیلم دەکەن لەبارەی ئەنفال. ئاکۆ یوسف، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری گەرمیان دەڵێت: "لە گەرمیان چەند ساڵێک پێش ئێستا لە فیستیڤاڵی یادی ئەنفالکراوان 52 راسپاردەی جۆراوجۆر پێشکێشی لایەنی پەیوەندیدار لە هەرێمی کوردستان و عێراق کران، بەڵام بە پاساوی قەیرانی دارایی و پەتای کۆرۆنا بەداخەوە لەم دوو ساڵەدا ئەو فیستیڤاڵە نەکرا، ئەگەر بکرایە بەدڵنیاییەوە خزمەتی زیاتر و بەرهەمی دەبوو."


.jpg&w=3840&q=75)
