رووداو دیجیتاڵ
چەند منداڵێک لە یەکێک لە دایەنگەکانی هەولێر، لەبری پێدانی سۆز و دڵنەوایی دایکانە، لەلایەن خاوەنی دایەنگەکە رووبەڕووی توندووتیژی و لێدان بوونەتەوە.
چیای تەمەن دوو ساڵ، یەکێکە لە قوربانییەکانی توندووتیژییەکانی دەستی خاوەنی دایەنگە، هەرچەندە هێشتا نازانێت قسە بکات، بەڵام بە زمانی ئاماژە لە ماڵەوە بە دایک و باوکی گوتووە لە دایەنگە گوێیان راکێشاوە و ئازاریان داوە.
ریسکە سلێمان، دایکی چیا بە رووداوی گوت "منداڵەکەم هاتەوە ماڵ و گوتی 'لێیان داوم و گوێیان راکێشاوم'، هاتم بە بەڕێوەبەرەکەم گوت و گوتی 'مامۆستاکەم دەرکردووە.' لەدوای ئەو قسەیە من دەبێت چی بکەم؟ دواتر زانیم خۆی لێی داوە."
لەدوای بەدواداچوونێکی رووداو، بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر لیژنەیەکی بەپەلەی پێکهێنا و خۆیان گەیاندە دایەنگەکە. خاوەن دایەنگەکە حەوت منداڵی بە بێ خواردن و خواردنەوە و بە بێ چاودێر، لەلای دایکە بەتەمەنەکەی جێهێشتبوو.
دایکی خاوەن دایەنگەکە رەتیدەکاتەوە کچەکەی ئازاری منداڵەکانی دابێت و گوتی "کچەکەم لە منداڵەکانی نەداوە، کەس نابێت لە منداڵەکان بدات، هەر نابێت کەس لێیان بدات." بەڵام رووداو چەند ڤیدیۆیەکی دەستکەوتووە کە دەریدەخەن جگە لە خۆتوڕەکردن لە منداڵەکان، کچەکەی ئازاریشیان دەدات.
لیژنەکە لەسەر شێوازی بەخێوکردن و چاودێریکردنی منداڵەکان، کەموکوڕی زۆریان دەستنیشانکرد. لە یەکەم هەنگاودا منداڵەکانیان ناردنەوە ماڵەوە، بۆ ئەوەی لە رۆژانی داهاتوودا رێکارە یاساییەکان بۆ داخستنی دایەنگەکە بگیرێنەبەر و لێپێچێنەوە لە خاوەنی دایەنگەکە بکرێت.
عەبدولباست عەبدولسەمەد، بەڕێوەبەری بەشی دایەنگەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر بە رووداوی گوت "بە هەموو پێوەرێک، دەبێت دایەنگەکە دابخرێت. دەگەڕێینەوە و لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی لەسەر بابەتەکە گفتوگۆ دەکەین؛ بڕیاری کۆتایی و یەکلاکەرەوەی لەسەر دەدەین."
دایەنگەکە ماوەی مانگێک و 10 رۆژە مۆڵەتی کارکردنی پێدراوە، منداڵەکانی نێو دایەنگەکەش تەمەنیان لەنێوان ساڵێک بۆ چوار ساڵانە. دایەنگەکە لە تەمەنێکی کەمی کارکردندا رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە و پێدەچێت سزاکە بگاتە ئاستی رەتکردنەوەی مۆڵەتی کارکردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ