رێكخراوی جاسەنە: نابێت داواکاری گشتی لە هێرشکردنە سەر پەیامنێران بێدەنگ بێت

13-11-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێكخراوی جاسەنە لەبارەی هێرشکردنە سەر رۆژنامەڤانانی چەند کەناڵێک لە نێویشیاندا هادی سەلیمی، پەیامنێری رووداو و زەردەشت خان، کامێرامانی رووداو لە هەولێر، داوا لە داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان دەکات کە لەو رووداوە بێدەنگ نەبن و "داوای یاسایی دژی دەستدرێژیکاران بجوڵێنن".
 
دوو رۆژ پێش ئێستا "ماسیفرۆشی زیرەک" لە هەولێر گڕیگرت، بەشێک لە کەناڵە راگەیاندنەکان بە مەبەستی رووماڵی ئاگرکەوتنەوەکە چوونە شوێنی رووداوەکە، بەڵام لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرشکرایە سەر تیمەکانی راگەیاندن و بریندارکران.
 
رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادیی بیروڕا و میدیا ئەمڕۆ شەممە 13-11-2021 لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، "ئێمە لە رێکخراویی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا لەو باوەڕەداین کە دۆخی رۆژنامەنووسان بەشێوەیەکی گشتی لە هەرێمدا خراپە و، ئێستا رۆژنامەنووسان هەر تەنیا لە کاتی رووماڵکردنی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان دژی دەزگاکانی حکومەتی هەرێم [حکومەتی هەرێمی کوردستان] رووبەڕووی دەستدرێژی نابنەوە، بەڵکو لە رووماڵی رووداوێکی ئاسایشدا رووبەڕووی تووندوتیژی دەبنەوە، وەک رووداوی رووماڵی ئەو چێشتخانەیە".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، رێکخراوی جاسەنە ئاماژە بەوە دەدات، "لە کوردستاندا هێندە لە کاتی رووماڵدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرشکراوەتە سەر رۆژنامەنووسان، پەلاماردان و ئازاردانی رۆژنامەنووسان بووەتە رووداوێکی ئاسایی و، دەستی خەڵکانێکی تریشی کردووەتەوە کە رێز لە پیشە و کاری رۆژنامەنووسی نەگرن و سڵ لەوە نەکەنەوە کە دەستدرێژی بکەنە سەر رۆژنامووسان".
 
لە رووداوەکەدا هێرشکرایە سەر چوار رۆژنامەڤان کە هادی سەلیمی، زەردەشت خان، نامۆ محەممەد لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی و شڤان هەرکی رۆژنامەڤانی ئەریبل لایف بوون.
 
دەقی راگەیێندراوی رێخکراوی جاسەنە:
 
داواکاری گشتی و میدیاکان ناکرێت لەم دەستدرێژیە بیدەنگ بن
 شەوی ١١ ی تشرینی دووەم لە شاری هەولێر لە شەقامی ٦٠ مەتری لە کاتێکدا ژمارەیەک رۆژنامەنووسی چەند کەناڵێکی جیاواز روماڵی سووتانی چێشتخانەیەک دەکەن، لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرشدەکرێتە سەر چوار رۆژنامەنووسی سێ کەناڵی جیاواز ( نامۆ محەمەد لە کەناڵی NRT، هادی سەلیمی و زەردەشت لە کەناڵی رووداو، شفان هەرکی رۆژنامەنووسی ئەریبل لایڤ).
 
 لە کوردستاندا هێندە لە کاتی رووماڵدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرشکراوەتە سەر رۆژنامەنووسان، پەلاماردان و ئازاردانی رۆژنامەنووسان بۆتە رووداوێکی ئاسایی و، دەستی خەڵکانێکی تریشی کردۆتەوە کە رێز لە پیشەو کاری رۆژنامەنووسی نەگرن و سڵ لەوە نەکەنەوە کە دەستدرێژیبکەنە سەر رۆژنامووسان، هێرشی سەر ئەو چوار رۆژنامەنووسەش دەچێتە ئەو خانەیەوە.
 
چاو قائیمیەکی زۆرە چەند کەسێک گەر پشت ئەستور نەبن بە کەسانێکی بەرپرس کە بەرگریان لێبکات، ناتوانن لە یەک رووداو و لەیەک سات و لەیەک شوێندا دەستدرێژی بکەنە سەر چوار رۆژنامەنووسی سێ کەناڵی جیاواز.
 
 ئێمە لە رێکخراویی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕاو میدیا لەو باوەڕەداین کە دۆخی رۆژنامەنووسان بەشێوەیەکی گشتی لە هەرێمدا خراپەو، ئێستا رۆژنامەنووسان هەر تەنها لە کاتی روماڵکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دژی دەزگاکانی حکومەتی هەرێم رووبەڕووی دەستدرێژی نابنەوە، بەڵکو لە رووماڵی رووداوێکی ئاسایشدا رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، وەک رووداوی روماڵی ئەو چێشتخانەیە. 
 
رێکخراوی جاسەنە داوا لە داواکاری گشتی هەرێم دەکات کە لەسەر ئەو رووداوە بێنە دەنگ، بەپێی یاسایی کاری رۆژنامەنووسی ٣٥ ساڵی ٢٠٠٧ کە لە بڕگەیەکیدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە "دەستدرێژیکردنە سەر رۆژنامەنووس لە کاتی کارکردندا بە دەستدرێژیکردنە سەر فەرمانبەری دەوڵەت دادەنرێت)، داوای یاسایی دژی دەستدرێژیکاران بجوڵێنن.
 
هەروەها ( جاسەنە) داوا لەو کەناڵانەش دەکات کە رۆژنامەنووسەکانیان رووبەڕووی توندتیژی بوونەتەوە داوای یاسایی لەسەر دەستدرێژیکار تۆمار بکەن و داکۆکی لەمافی رۆژنامەنووسەکانیان بکەن و بێدەنگ نەبن.
 
رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا، رێکخراوێکی کۆمەڵگای مەدەنییە رۆژی ٦ ی ئایار ٢٠٢١ لە فەرمانگەی رێکخراوە نا حکومییەکان مۆڵەتی فەرمی وە وەرگرتووە.
 
رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا
١٣ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی شاری خۆی دوای لادانی تابلۆ کوردییەکە.

قایمقامی خۆی تابلۆیەکی کوردیی شارەوانیی کۆتۆل لادەبات

قایمقامی شاری خۆی لە باکووری پارێزگای ورمێ تابلۆیەک لە رێگەی سەرەکیی شارۆچکەی کۆتۆل لادەبات کە شارەوانیی شارۆچکەکە بۆ بەخێرهاتنی خەڵک بە زمانی کوردی داینابوو.