رووداو دیجیتاڵ
سەنتەری میترۆ و کۆمەڵەی بەرگری لە ئازادیی رۆژنامەنووسی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر تیمی تۆڕی میدیایی رووداو و چەند میدیایەکی دیکە دەکەن و دەڵێن، ئەو رووداوەوە و ئەوانی پێشووتریش "ئەوەمان پێدەڵێن كە لە بواری پارێزگاری لە گیان و جەستە و كەرامەت و شكۆی كاری رۆژنامەوانی، پێشكەوتنی بەرچاومان بەخۆمانەوە نەدیوە، تووندوتیژی بەرامبەر هاوكارانمان بەردەوامە".
رۆژی پێنجشەممە 13-11-2021 "ماسیفرۆشی زیرەک" لە هەولێر گڕیگرت، بەشێک لە کەناڵە راگەیاندنەکان بە مەبەستی رووماڵی ئاگرکەوتنەوەکە چوونە شوێنی رووداوەکە، بەڵام لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرشکرایە سەر تیمەکانی راگەیاندن و بریندارکران.
سەنتەری میترۆ و کۆمەڵەی بەرگری لە ئازادی رۆژنامەنووسی لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەیاندا ئاماژە بەوە دەکەن، "پەلاماردانەکە"ی رۆژی پێنجشەممەی سەر شەقامی 60 مەتریی هەولێر بەشێوەی بەکۆمەڵ ئەنجامدراوە کە تێیدا هێرشکرایە سەر هادی سەلیمی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، زەردەشت خان، وێنەگری رووداو، نامۆ محەممەد، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی و شڤان هەرکی، رۆژنامەنووسی ئەربیل لایف.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، نەبەز رەشاد، نوێنەری سەنتەری میترۆ لە شاری هەولێر لەبارەی پەلاماردانەکە قسەی کرد و دەڵێت: "هێرشەكە بۆ سەر ئەو تیمانە بە كۆمەڵ ئەنجامدراوە؛ بەهۆی تووندی ئەو هێرشانە كە بە بۆكس و شیش و ئاسن و كەرەستەی چێشتخانەكە ئەنجامدرا، تیمی رووداو و ئین ئاڕ تی بران بۆ نەخۆشخانە؛ دەبێت یاسا بمانپارێزێت و هەموو لایەك كاربكەین بە ئاراستەی سەروەربوونی یاسا و لێكۆڵینەوە لەم رووداوەی كە رۆژنامەنوسان تەنیا هاتبوون رووماڵ بكەن كە ئەمە تاوان نییە".
سەنتەری میترۆ و کۆمەڵەی بەرگری لە ئازادیی رۆژنامەنووسی هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازن و دەڵێن: "سەركۆنەی ئەو هێرش و دڵڕەقییە دەكەین بەرامبەر پەیامنێر و وێنەگرانی ئەو دەزگایانەی راگەیاندن و داوای لێكۆڵینەوەی جیدی دەكەین، بە تایبەتیش هەندێ لەوانەی هێرشكراوەتە سەریان داوای یاساییان تۆمار كردووە".
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو رووداوە و رووداوەکانی پێشووتریش "ئەوەمان پێدەڵێن كە لە بواری پارێزگاری لە گیان و جەستە و كەرامەت و شكۆی كاری رۆژنامەوانی، پێشكەوتنی بەرچاومان بە خۆمانەوە نەدیوە، تووندوتیژی بەرامبەر هاوكارانمان بەردەوامە و كامێرا و كەرەستەی رۆژنامەنووسیان لێدەستێنن، جیاوازییان لەگەڵدا دەكرێت و رێگری لە كاری رۆژنامەنووسیان دەكرێت، بە بێ بڕیاری دادگا دەستبەسەر و دەستگیردەكرێن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ