لە مهاباد دەست بەسەر 50 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان دەست بەسەر 50 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا. بەڕێوەبەری پۆلیسی مهابادیش دەڵێت، سێ کەس بە تۆمەتی "بەقاچاخبردن و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر" دەستبەسەر کران.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13-10-2024، یوسف ئەشرەفی، بەڕێوەبەری پۆلیسی مهاباد رایگەیاند، تیمەکانی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی پارێزگاکە ئەمڕۆ لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا لەسەر رێگەی نێوان مهاباد-میاندواو و مهاباد-ورمێ دەستیان بەسەر 50 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گرت.
 
بە گوتەی یوسف ئەشرەفی، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا سێ کەس بە تۆمەتی "بەقاچاخبردن و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر" دەستبەسەر کران، هەروەها دەست بەسەر سێ ئۆتۆمبێلیشدا گیرا.
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی مهاباد داوای لە خەڵک دەکات، لە کاتی بینینی کەسانی گومانلێکراو یان ئەو کەسانەی مادەی هۆشبەر لەنێو گەڕەکەکان دابەش دەکەن، هێزەکانی پۆلیس ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی دەستگیر بکرێن.
 
بە گوتەی ئیرەج کاکاوەند، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی ئێران، ساڵی رابردوو زیاتر لە 580 تۆن مادەی هۆشبەر لە ئێران دەستی بەسەردا گیراوە؛ هەزار و 680 تۆڕی بەقاچاخبردن و فرۆشتنی مادەی هۆشبەریش هەڵوەشێندراونەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە