رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە سێ وەزیری بزووتنەوەی گۆڕان رایانگەیاند دەستلەکاردەکێشنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش دەوام دەکەن. یەكێک لە وەزیرەکان دەڵێت، تاوەکو رێکارە کارگێرییەکان تەواو دەبن، دەوام دەکەم.
10-10-2024، دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەرى گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کشانەوەی حیزبەکەی لە هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى خۆجێیی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە راگەیاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ی تشرینی یەکەمی 2024، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتى هەرێمى کوردستان کە لە پشکی گۆڕانە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: " دەستم لە کارکێشاوەتەوە، پابەندى بڕیارەکەى بزووتنەوەى گۆڕانم، بەڵام تاوەکو رێکارە کارگێرییەکان تەواو دەبن، دەوام دەکەم."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هەردوو وەزیرەکەی دیکە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایی و ئابوورى و کوێستان محەممەد عەبدوڵڵا، وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیی حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەردەوام دەبن لە دەوامی خۆیان، تاوەکو رێکارە کارگێرییەکانی دەستلەکارکێشانەوەیان تەواو دەبێت.
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، تاکە وەزیری بزووتنەوەکەیە، تاوەکو ئێستا ئامادە نییە لە پۆستەکەی بکشێتەوە. بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، وەزیری ئاوەدانکردنەوە نزیکە لە کوڕانی نەوشیروان مستەفا و دانا ئەحمەد مەجید بە رێکخەری بزووتنەوەکە نازانێت.
جگە لەو سێ وەزیرەی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، زۆربەی بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، ئەوانەی لە پشکی گۆڕانن، بڕیاریانداوە لە حکومەتی خۆجێی پارێزگاکان بکشێنەوە.




